رۆژنامەی ھەولێر

ئەو نووسەرەی بۆ خزمەتی پەروەردە و منداڵ ژیا ٢٨ ساڵەی ژیانئاوایی ئیبراهیم ئەمین باڵدار ١٩٢٠- ١٩٩٨

ئاری ئاغۆک

کاتێ ناوی ئیبراهیم باڵدار دێتە بەرچاومان یا گوێبیستی دەبین، ڕاستەوخۆ وێنەیەکی نۆستالیژی دەمانباتەوە نێو دنیای قوتابخانەو پەروەردە و فێرکردن، لەوێوەش بۆ پۆلی یەکەمی سەرەتایی و کتێبی ( ئەلف و بێی کوردی) ئەو کتێبەی زۆربەی زۆری نەوەکانی سەدەی ڕابردوو ئەوەی چۆتە قوتابخانە بەر لە هەموو شتێک لەم کتێبەی نووسەر و ڕوناکبیر ئیبراهیم ئەمین باڵدار، یەکەم پیت و ڕستە و ووشە فێربوە، لەگەڵ ئەوەی ئەم نووسەرە لە چەندین لایەنەوە خزمەتی کردوە، وەک پەروەردەکارێک، نووسەرێک، شاعیرێک، دەروونناسێک، ڕوناکبیرێک) توانی شۆرشێکی پەروەردەیی و ڕۆشنفکری بەرپابکات، بۆیە دەکرێ بڵێین هەموومان، بەتایبەتی نەوەکانی ئەو سەردەم و تا ساڵی (٢٠٠٠) ە کان، قەرزاری ئەو مرۆڤە مەزن و گەورەیەین، بۆیە لە خەمیادی ٢٨ ساڵەی ژیانئاوایی دا کە لە ڕێکەوتی ١٢-٧-١٩٩٨ لە تەمەنی ٧٨ ساڵی ماڵئاوایی لە پەروەردە و فێرکردن و نەوەکان کرد، هەمدیس وەک یاد و وەفایەکی وەبیرهێنانەوە گەشتێک بە نێو وێستگەی ژیانی پەروەردەیی و ئەزموونی نووسین و کتێبی ئەلف و بێ دەکەین، بۆ ئەوەی نەوەی ئەم سەردەمەش بزانێ ئەم مەزنە مرۆڤە لە وێستگەی ژیانی دا چ خزمەتێکی گەورەی کردوە.

*ئەلف و بێ، پێگەیاندنی نەوەیەک:
بۆ هەر گەل و نەتەوەیەک زمانی دایک بە بناغەی ناسنامەی نەتەوەیی دادەنرێت، چونکە لەگەڵ فێربوونی پیت و ووشە و ڕستە، ئەوا فێربوونی زمان دەچێتە خانەی پراکتیکی لەوێوەش دەبێتە دەروازەی چوونە نێو کتێب و خوێندنەوە، بۆیە ئەلف و بێ ی کوردی تەنیا سەرەتایەک نیە بۆ فێربوونی پیتەکان، بەڵکو ئامرازێکی پەروەردەییە بۆ گەشەسەندنی زمان و کەلتوور و ناسنامە، لە ڕێگەی زمانەوە وادەکات مێژووی بەردەوام بێت. جگە لەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ گەشەپێدانی تواناکان و ناسینەوەی پیت و نووسین و ڕەنگ، بەهێز کردنی یادگە و زانیاری منداڵ، ئاشنابوون بە کتێب و چیڕۆک، (بەتایبەتی ڕەنگ و دیزایینی جوان و سەرنج ڕاکێش)، پتەوبوونی نێوان ( نووسین و دەنگ ).
ئەمانە چەند خاڵێکن لە فۆڕمی کتێبی ئەلف و بێ وە دروست دەبێت، بۆیە گرنگی ئەم کتێبە ی باڵدار لە قۆناغ و سەردەمی ئەوکات، وەک پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی لەقەڵەم دەدرێت، چونکە لەو زەمەنە بۆشاییەکی گەورەی پەروەردەیی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لەئارادابوە، جگە لە زاڵبوونی تەوژمی سیاسی بەرانبەر بە نەتەوەی کورد، بەڵام ئەو مامۆستا و پەروەردەکارە توانی بوونی خۆی بسەڵمێنێ و هەرگیز سڵ نەکات.
ئەگەر لە ڕوانگەی سایکۆلۆژییەوە لە کتێبی ( ئەلف و بێ ) بڕوانین ئەوا دەتوانین بڵێین لە نێوان خەیاڵ و واقیع دا داهێنانێک دروست دەبێت، منداڵ هەست بە چێژی دەروونی دەکات، کاتێ مامۆستا پیتەکانی بۆ دەکات بە ووشە و دواتر ڕستەیەکی واتادار، هەستی باوەر بە خۆبوون و سەرکەوتن لە لای دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بەردەوامی و متمانە بە خۆ بوون بۆ بابەتەکانی دیکە، کە لە ناخی دا ترس و دڵە ڕاوکێ بەرەو کاڵبوونەوەی دەچێت، دواجار ئەم کتێبە وەک هاوڕێی تەمەنی لە لای خۆشەویست و شیرین دەبێت.
بۆیە بەشێوەیەکی گشتی کتێبی ئەلف و بێ ی کوردی بووە دەسپێکێکی پەروەردەیی زۆر باش و دواتر پێگەیاندنی نەوەیەک، ئەنجامەکەشی مێژوویەکی پڕ لە شانازی بۆ خاوەن کتێب. کە تا ئەمڕۆش کە لە پڕۆگرامەکانی خوێندنیش نەماوە بەڵام هەمیشە بەشانازییەوە باسی دەکرێت و توێژینەوەی لەسەر دەکرێت.
*باڵدار، وەک دەروونزان و نووسەرێک :
لە گەڵ ئەوەی ئێمە مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار، وەک خاوەن کتێبی ئەلف و بێ دەناسین، بەڵام ئەو لە کاروانی ژیانی دا لە چەندین لاوە خزمەتی کردوە، یەکێک گرنگترینیان وەک نووسەرێکی بواری پەروەردە و فێرکردن ، ئەوا خاوەن چەندین نووسین و بابەت و ووتارە، هەروەها وەک دەروونزانێک بە نووسین و کردار خزمەتی کردوە و بۆچوونی تایبەتی هەبووە لەسەر دەروونزانی منداڵ، هەر وەک لە بۆ چوونێک دا دەڵێت:
(منداڵ بە لێدان خۆی لا سوک دەبێت و بڕوای بە خۆی لەق دەبێت و شەرمی نامێنێ، کە واشی لێهات لە کاری ناشیرین نا پەرموێتەوە و سڵ لەکەس ناکات).
ئەم ڕوانینەی مامۆستا باڵدار، گەورەترین پەیامی دەروونی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی لێ دەخوێندرێتەوە، ئەویش چەمکی (سوک) بوونە کە هۆکارەکەی لێ دانە لە منداڵ، چونکە هەموومان دەزانین ئەم جۆرە لێدانانە، تەنیا لێدانی جەستەیی نیە بەڵکو لێدانە لە کەسایەتی منداڵ، دواتر شکاندنی شکۆی (شەرم) ە ، ئەمەش دەبێتە داڕووخانی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بۆیە ئەم بۆچوونەی وەک وانە و پەندێک وایە، بۆ ئەوکات و ئێستا و ئایندەی منداڵ و کۆمەڵگە.

*ژیاننامە و وێستگەی تەمەنی باڵدار:
ئیبراهیم ئەمین باڵدار.
لەساڵی ڕێکەوتی ١٩-١٢-١٩٢٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لەقوتابخانەی (فەیسەڵیە) بووە، ساڵی ١٩٣٩-١٩٤٠ لە بەغداد خوێندنی ( خانەی مامۆستایان) تەواوکردوە، ساڵی ١٩٤٠ بۆتە مامۆستا لە گوندی قەمچوغە و جاسانە لەوێوە خولیای دانانی ( ئەلف و بێ ) بۆ منداڵانی کورد کەوتە سەریەوە، هەر وەک خۆی دەڵێت: لەم دێ یەدا هەڵێکی باشم بۆ هەڵکەوت تا بتوانم دەرسەکانی ئەو ( ئەلف و بێ ) یە دابنێم، دواتر ڕۆژ بە ڕۆژ بەسەر قوتابیەکان تاقیان بکەمەوە.
لەساڵی ١٩٤٩ ( ئەلف و بێ ) یەکەی تەواو کرد و وەزارەتی مەعاریفی ئەوکات بڕیاری لە چاپدانی دا، لەم بارەیەوە مامۆستا باڵدار دەڵێت: خەتخۆشی بە ناوبانگ ( صبری الخطاط ) کە هیچ کوردی نەدەزانی دوای ڕەنج و هیلاکییەکی زۆر لە گەڵیا، کتێبەکەی بە دوو مانگ بە نقە نق بەدەست خەت نووسیەوە. هەروەها ( حاجی سوعاد سەلیم ) ی ڕەسامیش کە هیچ جێیەکی کوردستانی نەدیبوو، ڕۆژ بە ڕۆژ هەموو شتێکی بۆ ڕوون دەکرایەوە، ڕەسمەکانی کتێبەکەی بە جێڕە جێڕ، لە ماوەیەکی دێژا تەواو کرد، ساڵی ١٩٥١ لە چاپخانەی ( نەجاح ) لە شاری بەغدا ( ئەلف و بێ ی ) یەکەی چاپکرا، ساڵی ١٩٥٣ لە لایەن هونەرمەند ( بەدیع بابا جان ) وێنەی بۆ کرا، وەک خۆی دەڵێ: ئەم کتێبە لە لایەن هونەرمەند بەدیع باباجانەوە بە وێنەی ڕەنگاو ڕەنگی جوانی کوردەواری ڕازێنرایەوە، ساڵی ١٩٥٥ ( ئەلف و بێ ) یەکی بۆ گەورەکانیش دانا، ساڵی ١٩٥٦ لە لایەن خاتوو ( تروودی میتلمان ) ەوە جارێکی تر وێنەکانی کێشایەوە، ساڵی ١٩٦١ لە کۆلیژی (سان فرانسیسکۆ) لە ئەمریکا بڕوانامەی ماستەری لە پەروەردەی دەروونزانی وەرگرت، ساڵی ١٩٦٨ لە زانکۆی سلێمانی بەشی ئەدەبیات کرا بە مامۆستا، ساڵی ١٩٨١ گوێزرایەوە بۆ هەولێر و لە زانکۆی سەلاحەدین کرا بە مامۆستا، ساڵی ١٩٨٢ گوێزرایەوە بۆ زانکۆی موستەنسەریەی بەغداد تا خانەنشین بوونی، لە ڕێکەوتی ١٢-٧-١٩٩٨ ژیانئاوایی لە پەروەردەو فێرکردن و نووسین کرد، لە شاری سلێمانی لە گردی سەیوان بە خاک سپێردرا.
بەشانازییەوە ناو و بەرهەم و نووسین و کتێب و چاپکراوەکانی بۆتە چرایەکی ڕۆشنی مێژوویی، نەوەکان هەمیشە بە وەفا و ئەمەکدارییەوە باسی دەکەن.

*سەرنج: بۆ ژیاننامەی ئیبراهیم ئەمین باڵدار، سوود لە گۆڤاری ڕۆڤار ژمارە ٤٣ وەرگیراوە.