رۆژنامەی ھەولێر

ئایا وەرگێڕەکان خەریکی خیانەتکردنێکی حەڵاڵن؟

ئارام كۆشكی – سلێمانی

قسەکردن لەسەر پرۆسەی وەرگێڕان کارێکی پێویستە، چونکە وەرگێڕان پرسەیەکە هیچ بەدیلێکی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا زۆرترین بە هەڵەدابردن و خیانەتکردن لەکاتی وەرگێڕاندا ڕوو دەدات. ئەمەش بەشێکی پەیوەندی بە نەشارەزایی وەرگێڕەوە هەیە، بەڵام بەشێکی دیکەی پەیوەندی بە سەختی پرۆسەکە و جێکردنەوەی ئەو بیرانەوە هەیە لەنێو زمانی دووەمدا. ئێمە چۆن ناتوانین دەستبەرداری هەناسەدان و نانخواردن بین، بەهەمان شێوە ناتوانین دەستبەرداری وەرگێڕان بین، چونکە وەرگێڕان دەروازەیەکی گرنگی ژیار و شارستانییەت و گەشەکردنمانە، ئێمە بەبێ وەرگێڕان ناتوانین بزانین لە جیهاندا چی دەگوزەرێک؟ بەبێ وەرگێڕان ناتوانین لەوانی تر بگەین و خۆمان بناسین، بۆیە وەرگێڕان تەنها پرۆسەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو لە قووڵاییدا کارێکی فرەگرنگ و بایەخدارە، کە تەنها ئەوانە دەزانن، کە درک بە گرنگی ئەم پرۆسەیە دەکەن.

زۆرجار وەرگێڕان وەکو جۆرێک لە خیانەتی وەرگێڕ باس دەکرێت لە دەق، بەڵام دەکرێ بپرسین چ جۆرە خیانەتێکە؟ لاموایە ئەگەر وەرگێڕان خیانەتیش بێت (کە من بە خیانەتی نازانم) ئەوا خیانەتێکی جوانە، خیانەتێکە کۆمەکی خوێنەران دەکات باشتر خۆیان بناسن و بە مێژووەکەیان ئاشنا بن، یان خیانەتێکە لەپێناو ئاسۆفراوانی و کرانەوەی بیر و ڕزگاربوون لە یەکدیدگایی. هەر بۆیە ناتوانم خۆم بە منەتباری وەرگێڕەکان نەزانم.
کتێبی “خیانەتی حەڵاڵ”ی مامۆستای نووسەر و وەرگێڕ حەمەکەریم عارف، یەکێکە لەو کتێبە گرنگانەی کە زۆر بابەتی تایبەت بە وەرگێڕانی خستووەتە بەرباس بە زمانێکی ڕوون بۆچوونەکانی دەربڕیوە. ئەم کتێبە لە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و لە دوتوێی 416 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ئەم کتێبە کۆمەڵێک وتار و چاوپێکەوتنی نووسەرە سەبارەت بە وەرگێڕان و لەکتێبەکەدا نووسەر بەوپەڕەی جورئەتەوە بۆچوونەکانی سەبارەت بە وەرگێڕان خستووەتەڕوو، بەشێکی زۆر لە بۆچوونەکان جگە لەوەی سوودمەند بووە لە نووسەرانی دیکە، بەرهەمی ئەزموونی نووسەر خۆیەتی دوای وەرگێڕانی زیاتر لە 100 کتێب. کتێبەکە بە وتارێک سەبارەت بە مێژووی وەرگێڕان دەست پێ دەکات کە نووسەر ئەو مێژووە بۆ سێ هەزار ساڵ بەر لە زایین و بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی میسری کۆن دەگێڕێتەوە، بەڵام لە ڕۆژئاوا ئەم میژووە نوێیە و بۆ سێ سەد ساڵ بەرلەزاریین دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژگارەی ڕۆمییەکان بەشی هەرە زۆری کولتووریی یۆنانییەکانیان خستە ژێر ڕکێفی خۆیان. لەوکاتەوە گەشەی بزاوتی وەرگێران بەردەوامی هەیە و وەکو باسیش دەکرێت یەکەم دەقی وەرگێڕان لەو سەردەمەدا وەرگێڕانی ئۆدێسەی هۆمەرە بۆ لاتینی، کە گوایە لە 270 ساڵ پێش زاینەوە لەلایەن لیۆیۆس ئاندریکۆس-ی شاعیری ڕۆمییەوە ئەنجام دراوە. لە وتاری دواتردا نووسەر پێشمەرجێک بۆ وەرگێڕ دادەنێت ئەویش ئەوەیە کە “وەرگێڕ پێویستە مەرجەکانی نووسەربوونی تێدا بێت” ئەمە وەگو خاڵێکی بەهێز و گرنگ باس دەکات و نووسەربوون وەکو پێشمەرجی وەرگێڕبوون حیساب دەکات.
لە وتاری دواتردا باس لە نەبوونی پێوەرێکی ڕەها دەکات بۆ وەرگێڕان و لەوێدا پێیوایە، کە هەر وەرگێڕێت تایبەتمەندی خۆی لە وەرگێڕاندا هەیە و هەر دەقێکیش بەهەمان شێوەیە. لە دواتردا لە وتاری “خیانەتی حەڵاڵ”دا باس لە وەرگێڕان دەکات وەکو کردەیەکی داهێنەرانە و وەرگێڕیش وەکو خیانەتکار دەناسێنێت، بەڵام خیانەتکارێک کە دەستی بە خیانەتێکی حەڵاڵ کردووە، نەک خیانەتێک بە زیان بۆ کۆمەڵگە و تاکەکان بشکێتەوە.
لە وتاری دواتردا نووسەر وەرگێڕان یەکسان دەکات بە هاوواتاسازی. لێرەدا نووسەر دژی وەرگێڕانی وشە بەوشە دەوەستێتەوە و لە پێناسەی وەرگێڕان لەم وتارەدا دەڵێت “وەرگێڕان بە مانا زمانەوانییەکەی دەکاتە شرۆڤەکردن و گواستنەوەی دەقێک لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە، لێ بە مانا زاراوەییەکەی دەکاتە دۆزینەوەی نزیکترین و دروستترین هاوواتایی وشەیەن زمانی یەکەم، لە زمانی دووەمدا بە جۆرێک کە ڕەوت و ڕێچکە و شێوازی نووسەر بپارێزێت و نەشێوێنرێت.”
لە وتار و چاوپێکەوتنەکانی دواتردا نووسەر گەلێک سەرنجی دیکە سەبارەت بە پرۆسەی وەرگێڕان دەخاتەڕوو، بەجۆرێک کە هەموو وەرگێڕێت دەتوانێت سوود لەم بۆچوونانە وەربگرێت و ئاسۆی دیکەی لەبەردەمدا دەکرێتەوە بۆ وەرگێڕان و چۆنێتی کارکردن لەو دونیا بەرین و هەستیارەدا.
ئێمە لێرەدا ناتوانین هەموو بابەتکانی دیکە بناسێنین، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە یەکێکە لە سەرچاوە گرنگ و دەگمەنەکان سەبارەت بە وەرگێڕان بەزمانی کوردی و دیدگای یەکێک لە وەرگێڕە بەئەزموونەکان بۆ خوێنەر دەخاتەڕوو. هەر بۆیە ئەم بەرهەمە جێگەی دەستخۆشییە هەم بۆ مامۆستا حەمەکەریم و هەم بۆ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کە کتێبخانەی کوردی پێویستییەکی زۆری بە سەرچاوەی لەم بابەتە هەیە.