كارزان گلی – ههولێر
لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، یەكێك لەو بابەتەی بەردەوام خاڵی ناكۆكی نێوان ئەمریكا و توركیا بووە، فڕۆكەی جەنگی ئێف٣٥ بووە، چونكە توركیا پارەی داوە ئەو فڕۆكەی رادەست بكەن، بەڵام ئەمریكا رەتی كردووەتەوە. بۆچی ئێف٣٥ گرنگە؟ ئەو وڵاتانەی خاوەنی ئەو فڕۆكەیەن كامانەن؟
بەهۆی ئەوەی لە ٢٠١٨ توركیا، مووشەكی بەرگری ئێس٤٠٠ لە رووسیا كڕی، بۆیە ئەمریكا وەكوو سزایەك بۆ توركیا، جەنگەندەی ئێف٣٥ی پێنەدا و گوتی تا ئەوكاتەی ئەو مووشەكە دەگەڕێنیتەوە بۆ رووسیا، نابێتە خاوەنی ئێف٣٥.
فڕۆكەی جەنگی ئێف٣٥، بەیەكێك لە فڕۆكە هەرە گرنگ و بەبایەخەكانی جیهان دادەنرێت، كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە، لە هیچ فڕۆكەیەكی جەنگی تردا نییە.
لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە ئەنكەرا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی دا، دەكرێت لەگەڵ توركیا رێكبكەوین تا فڕۆكەی جەنگی ئێف٣٥یان پێ بدەین.
بونیامین ناتانیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، وەڵامی ترەمپی دایەوە و گوتی: ”توركیا نابێت ببێتە خاوەنی ئێف٣٥، چونكە ئەو مەترسییە بۆ سەر ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس“ بۆیە پێدانی ئێف٣٥ بە توركیا، تەنیا بڕیاری ترەمپ نییە، دەبێت ئیسرائیلی رازی بێت و هەروەها كۆنگرێسی ئەمریكاش رەزامەدی دەرببڕێت.
تایبەتمەندییەكانی ئێف٣٥ چین؟
فڕۆكەی جەنگی ئێف٣٥، تاكە فڕۆكەی ژیری دەستكردە و خاوەنی سیستەمێكی تەواو ژیرییە، بۆیە بە نەوەی پێنجەم ناوی دەبەن.
ئەو فڕۆكەیە لە یەك سەعاتدا هەزار و ٩٠٠ كیلۆمەوتر دەبڕێت، ئەو تەنیا بۆ خۆی زانیاریی كۆ ناكاتەوە و ئامانج بپێكێت، بەڵكوو دەتوانێت زانیارییەكان بۆ فڕۆكەكانی تریش بنێرێت و هەموو سانسۆرەكان بشكێنێت.
ئەو فڕۆكە گەنگە، لە هەموو رادارێك خۆی دەدزێتەوە و هیچ سیستەمێكی بەرگری ناتوانێت بیپێكێت، بۆیە لە هەموو فڕۆكەكانی تر جیاوازە.
نرخەكەی گرانترینە لە جیهاندا، واتە هیچ فڕۆكەیەكی تر ئەوەندە گران نییە، كە بۆ هەر فڕۆكەیەك ٨٠ ملیۆن دۆلار دانراوە و وڵاتان نۆرەیان گرتووە بۆ ئەوەی بیكڕن.
كامانەن ئەو وڵاتانەی خاوەنی ئێف٣٥ن؟
بەشێكی زۆری وڵاتان ئەو فڕۆكەیەیان دەستكەوتووە، چاوەڕوان دەكرێت تا ٢٠٣٠ وڵاتانی ئەورووپا ببنە خاوەنی ٥٥٠ فڕۆكەی جەنگی ئێف٣٥.
ئەو وڵاتانەی خاوەنی ئێف٣٥ن ئەمانەن (ئەمریكا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویژ، نەمسا، ژاپۆن، كۆریای باشوور، ئیسرائیل، بەلجیكا، پۆلۆنیا).
چەندین وڵاتیش رێككەوتنیان كردووە بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئەو فڕۆكەیە لە ساڵانی داهاتوودا، وەكوو (ئەڵمانیا، كەنەدا، فینلەندا، سویسرا، یۆنان، سەنگاپوور، رۆمانیا، چیك).
ئەوەی توركیای سەغڵەت كردووە، یۆنانە كە رەنگە لە ٢٠٢٧ بتوانێت ببێتە خاوەنی ئێف٣٥، چونكە ئەو دوو وڵاتە هەمیشە مەترسی بوونە بۆ سەر یەكتری و یۆنان بەردەوام هۆشداری داوەتە ئەمریكا، نابێت توركیا ببێتە خاوەنی چەكی قورس، چونكە ئەگەر چەكی قورسی هەبێت، رەنگە هێرشی بكاتە سەر یۆنان، یان قوبرسی یۆنانی. تاوەكوو ئێستا تەنیا بەڵێن دراوە توركیا ببێتە خاوەنی ئەو فڕۆكەیە، نەبووەتە كردار، چونكە ئیسرائیل دەتوانێت لۆبییەكی گەورە لەناو كۆنگرێسی ئەمریكا بكات بۆ ئەوەی توركیا نەبێتە خاوەنی ئێف٣٥، بۆیە شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیان وایە، تا ئیسرائیل رەزامەند نەبێت، توركیا ناتوانێت ببێتە خاوەنی فڕۆكەی جەنگی ئێف٣٥.

