كارزان گلی – ههولێر
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی لەكارلادراوی جەهەپە، بێئومێد بووە لە كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە، بۆیە دەیەوێت پارتێكی تازە دابمەزرێنێت و لە یادی ١٢٣ ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا، پارتە تازەكەی رابگەیەنێت.
دوای ئەوەی دادگای توركیا، كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپەی هەڵوەشاندەوە، بەمەش ئۆزگوور ئۆزەل، وەكوو سەرۆكی پارت نەما و كلیچدارئۆغڵو هاتە شوێنی، ئۆزەل داوای كرد بەپەلە بچنە ناو كۆنگرە و سەرۆكێكی تازە هەڵبژێرن، بەڵام كلیچدارئۆغڵو، ئەو داوایەی رەتكردەوە و بەنیازە پاكتاوێكی باش لەناو جەهەپەدا بكات و ئەوانەی سەر بە ئۆزەلن لە پارت دووریان بخاتەوە، تا ئەگەر بچنە ناو كۆنگرەوە، خۆی ببێتەوە بە سەرۆكی جەهەپە نەك ئۆزەل.
میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، ئۆزەل بە سەردانێك چووەتە لای ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی شارەوانیی ئیستانبۆڵ لە گرتوخانە، كە زیاتر لە ساڵێكە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر كراوە، ئیمامئۆغڵو پێی گوتووە پێویستە پارتێكی تازە دامەزرێنین.
ئۆزەل، لەناو جەهەپەدا خاوەن جەماوەرێكی بەرچاوە، بەگوێرەی راپرسییەكان زیاتر لە ٧٠٪ی دەنگدەری جەهەپە لەگەڵ ئۆزەلن، بۆیە بێئومێد بووە لە كلیچدارئۆغڵو و دەیەوێت بەپەلە پارتێكی تازە دامەزرێنێت و بتوانێت بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بكات.
بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی (T24)ی توركی، باس لە دوو بەروار دەكرێت بۆ راگەیاندنی پارتە تازەكەی ئۆزەل، یەكەم ٢ی تەمووزە، كە ساڵیادی هێرشی توركیایە بۆ سەر قوبرس لە ٢٠ی تەمووزی ١٩٧٦، بەرواری دووەم، ٢٤ی تەمووزە، كە ساڵیادی پەیماننامەی لۆزانە، ئەو پەیماننامەیەی لە ٢٤ی تەمووزی ١٩٢٣ لە نێوان زیاتر لە ١٠ وڵات ئیمزا كرا و كورد بەسەر چوار وڵاتدا دابەش بوو و سنووری توركیاش لەو هاوپەیمانییەدا كێشرا.
لەبارەی ناوی پارتەكەی ئۆزەل، هیچ زانیارییەك ئاشكرا نەكراوە، هەندێك لە رۆژنامەنووسان دەڵێن ناوی لێدەنێت (پارتی پۆپۆلیستی)، بەڵام بەشێك لە شڕۆڤەكاران پێیانوایە هەرگیز ناوێكی لەو جۆرە لە پارتە تازەكەیان نانێن، چونكە ئۆزەل و ئیمامئۆغڵو، چەندین جار رەجەب تەییب ئەردۆغانیان وەكوو سەركردەیەكی پۆپۆلیست ناو بردووە، بۆیە ئەستەمە ئەو ناوە لە پارتەكەیان بنێن.
لە كۆی ١٤٠ پەرلەمانتاری سەر بە جەهەپە، ١٢٠ پەرلەمانتار سەر بە ئۆزەلن و كلیچدارئۆغڵو رەتدەكەنەوە، بۆیە زۆربەی بۆچوونەكان بۆ ئەوەن، ئەگەر ئۆزەل و ئیمامئۆغڵو، پارتێكی تازە دامەزرێنن، دەتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوو ببنە زۆرینەی پەرلەمان.
باس لەوەش دەكرێت، ئیمامئۆغڵو داوای لە ئۆزەل كردووە، كاتێك پارتە تازەكە دادەمەزرێنیت، دەمودەست خۆی بكاتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، واتە ئیمامئۆغڵو داوای كردووە بەهیچ شێوەیەك خۆی نەبێتە بەربژێر، چونكە ئەو لە زیندانە و ناتوانێت وەكوو پێویست پروپاگندە بكات، بۆیە ئەو ئەركەی داوەتە ئۆزەل.

