رۆژنامەی ھەولێر

گرێبەستەکانی زاخۆ سەرنجی هەموو عێراقی راکێشاوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

چیا ئەمین، سەرۆکی یانەی زاخۆ بۆمبێکی لە مێرکاتۆی هاوینە تەقاندەوە و شێرزۆد تێیمیرۆڤی هێرشبەری ئوزبەکستانی گواستەوە و گرێبەستی 9 یاریزانی دیکەی نوێی راگەیاند، زاخۆ وەرزی 2026 – 2027 لەگەڵ راهێنەرێکی پێشووی یانەی مۆناکۆی فەرەنسا دەستپێدەکات.

زاخۆ گەورەترین گرێبەستی لەم هاوینە راگەیاند
شێرزۆد تێیمیرۆڤ، سەرەڕای ئەوەی ئۆفەری لە بەشێک لە یانەکانی بەغدا و خوارووی ناوەراستی عێراق پێگەیشتبوو، لە سەرووی هەموویانەوە یانەی گەرمە کە گرێنەستێکی بە بەهای زیاتر ملیارێک دینار پێشکەش کرد بوو، بەڵام شێرزۆد بڕیاری دابوو لە عێراق تەنیا یاری بۆ یانەکانی هەرێمی کوردستان بکات، بۆیە لە دوای هەولێر بڕیاری دا ئەزموونێکی نوێ لەگەڵ یانەی زاخۆ تاقی بکاتەوە.
یانەی زاخۆ ئێوارەی رۆژی هەینی گواستنەوەی شێرزۆد تێیمیرۆڤی راگەیاند و بووە هەشتەمین یاریزانی نوێ کە لەم هاوینە پەیوەندی بە زاخۆ دەکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی هەولێر، لەسەرەتای مانگی رابردوو یانەی هەولێر هەوڵی دابوو شێرزۆد تێیمیرۆڤ بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە داوای لە كارگێری یانەی هەولێر كردووە ئۆفەرێكی نوێی پێشكەش بكەن، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ گرێبەستێكی دیكە واژۆ بكەن، بەڵام هەولێر بەهۆی گرفتی دارایی نەیتوانی خواستە داراییەکانی شێرزۆد جێبەجێ بکات.
شێرزۆد هاوینی رابردوو بە گرێبەستێک بە بەهای 255 ملیۆن دینار پەیوەندی بە یانەی هەولێر کرد بوو، وەرزی رابردوو لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بە درێسی هەولێر لە كۆی 33 یاری، 28 گۆڵ و ئەسیستێكی كرد و لوتکەی گۆڵکارانی خولەکەی گرت.
شێرزۆدی تەمەن 27 ساڵ، پێش ئەوەی لە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە یانەی هەولێر بكات لە خولی نایابی هۆنگ كۆنگ لە كۆی 52 یاری، 23 گۆڵ و 8 ئەسیستی كرد بوو، لە نێوان ساڵانی 2022 تــا 2023 یاریی بۆ پێرسپۆلیس و پەیكانی ئێرانیش كردووە.
شێرزۆد تێیمیرۆڤ لە لایەن فابیۆ كاناڤارۆی راهێنەری هەڵبژاردەی ئوزبەكستان ناوی لە لیستی سەرەتایی دا هەبوو بۆ بەشداریکردن کە مۆندیالی 2026، بەڵام لە دوایین ساتەکان دوورخرایەوە و دەنگۆی ئەوەش هەبوو بەشێوەی زارەکی لەگەڵ یانەی ئەهلی میسری رێککەوتووە، بەڵام زاخۆ بەشێوەیەکی چاوەرواننەکراو شێرزۆدی کردە سەرنجراکێشترین گرێبەستی مێرکاتوی ئەم هاوینە.
هوگر عەلی

گرێبەستە نوێیەکانی ئەم هاوینەی زاخۆ
زاخۆ بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق زۆرترین گۆڕانکاری کردووە، لە سەرووی هەموویانەوە ئیڤان ئاهیمبسیبوای هێرشبەری تەمەن 30 ساڵی گواستووەتەوە کە گۆڵکارێکی ترسناکە وەرزی رابردوو لە خولی نایابی ئۆگەندا لە 27 یاری 14 گۆڵ و 3 ئەسیستی کردووە،
ئیڤان یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆگەنداشە.
لە لایەکی دیکەوە زاخۆ سیفو مبولێ ناوەراستکار و مایسترۆی باشورێ ئەفریقیای گواستەوە و پێشبینی دەکرێت ببێتە یەکێک لە گرێبەستە سەرنجراکێشەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
زاخۆ لەم هاوینە پیشەگەرێکی دیکەی گواستەوە، ئەویش یاریزانی بە رەگەز غانی موسێس ئابێی لە لە باڵی راست یاری دەکات و یەکێکە لە هێرشبەرە ترسناکەکان و بەوە ناسراوە پاسەکانی ورد و یەکلاکەرەوەیە.
یانەی زاخۆ بە گەرمی هاتووەتە نێو بازاری گواستنەوەی یاریزانان، بە فەرمی یاریزانی پێشووی یانەکانی شورتە و کەرخ ئەسیر ساڵحی گواستەوە. ئەسیر ساڵح لە هێڵی پێشەوە دەتوانێت لە راست و چەپ یاری بکات.
زاخۆ لە درێژەی گرێبەستەکانی بۆ وەرزی نوێ 3 یاریزانی دیکەی عێراقی گواستووەتەوە کە پێکهاتوون لە محەمەد غالب لە هێڵی بەرگری و حەسەن عەباس بۆ شوێنی عەلی کازمی گوڵپارێز لەگەڵ یاریزانی عێراقی و پێشووی یانەی دیالا موقتەدا حەسەن.
لە لایەکی دیکەیشەوە، زاخۆ هاروون ئەحمەد كاپتنی یانەی دهۆكی گواستەوە، هاروون پێش ئەوەی بگەڕێتەوە دهۆك لەگەڵ یانەی دالكورد لە خولی سویدی لە كۆی 51 یاری، 2 گۆڵ و ئەسیستێكی كرد.
مایسرۆ كوردەكە لەگەڵ یانەی دهۆك لە كۆی 67 یاری، گۆڵێك و چوار ئەسیستی كرد و دوو نازناوی جامی عێراق و چامپیۆنزلیگی كەنداوی بەدەستهێنا، هاوكات بە باشترین یاریزانی چامپیۆنزلیگی كەنداوی 2025 دیاری كرا.
یانەی زاخۆ بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق، هۆگر عەلی گۆڵپارێزی تیپی خولی کوردستانی یانەلکەی سەرخست و گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ واژۆ کرد.

زاخۆ گرێبەستی 8 یاریزانی نوێ کردەوە
یانەی زاخۆ بە سەرپەرشتی دەستەی کارگێری نوێی یانەکە گرێبەستی 9 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێکردەوە، لە سەرووی هەموویانەوە، زاخۆ بۆ وەرزێکی دیکە گرێبەستی ئەمجەد عەتوان و شێرکو کەریم درێژ کردەوە.
زاخۆ گرێبەستی هەردوو یاریزانی پیشەگەر ناوەراستکاری نێجیری ئالیو ئادەم و ئۆرینیۆی بەرگریکاری بەرازیلی نوێکردەوە.
لە لایەکی دیکەوە زاخۆ بە فەرمی گرێبەستی
حەمید حاجی چوار یاریزانی دیکەی یانەکەی نوێکردەوە کە پێکهاتوون لە عیماد عیسای گۆڵپارێز و شڤان جەمیلی بەرگریکار و محەمەد عەلی عەبودی ناوەراستکار.

زاخۆ لەگەڵ راهێنەرێکی پێشووی مۆناکۆ ئەزموونێکی نوێ تاقی دەکاتەوە
یانەی زاخۆ دوای ئەوەی گرێبەستی ماهر کەنزاری راهێنەری توونسی هەڵوەشاندەوە، گرێبەستی لەگەڵ راهێنەرێکی پێشووی یانەی مۆناکۆی فەرەنسا واژۆ کرد کە پێشتر راهێنەرایەتی چەندان ئەستێرەی ناوداری کردووە.
دوای تەنیا 16 رۆژ لە دەستنیشان کردنی ماهر کەنزاری وەکو راهێنەری نوێی زاخۆ، گرێبەستەکەی بە رەزامەندی هەردوولا هەڵوەشایەوە و لە شوێنی ئەو راهێنەر توونسییە، لورانت بانید راهێنەری پێشووی مۆناکۆی فەرەنسا ئەرکی راهێنەرایەتی زاخۆی وەرگرت.
لورانت بانید، تەمەنی 58 ساڵە، سەرەتای کاروانی راهێنەرایەتی لە 1997 لەگەڵ تیپی تازەپێگەیشتووان و لاوانی مۆناکۆ دەستپێکرد، بەهۆی زیرەکی و وردی لە پلانەکانی، وەکو یاریدەدەری راهێنەری مۆناکۆ بۆ خولی پلەیەکی فەرەنسا دیاریکرا. دوای ساڵێک بە دیاریکراوی لە 2006 ئەرکی راهێنەرایەتی تیپی یەکەمی مۆناکۆو وەرگرت، لە کۆی 32 یاری، 13 بردنەوە و 8 شکست و 11 یەکسانبوونی تۆمار کرد، سێ لە سەرکەوتنەکانی بەرامبەر یانەکانی لیۆن، لیل و مارسیلیای فەرەنسا بووە.
لورانت پێشتر لە مۆناکۆ راهێنەری یەحیا تۆرێی کۆتدیڤواری و پاتریس ئێڤرای فەرەنسی و ئۆبامیانگی گابۆنی و کۆلەری چیکی و چەندان ئەستێرەی دیکە بووە.
لورانت دوای دوو وەرز، یانەی مۆناکۆی فەرەنسا جێهێشت ئەرکی راهێنەرایەتی ئومسەڵاڵی قەتەری وەرگرت، راهێنەری پێشووی یانەکانی خەریتات و خوری قەتەری و زەفاری عومانی و کوێتی کوێتی و نەسری ئیماراتی و عرووبەی سعوودییەش بووە.
لە 2019 بۆ کاری راهێنەرایەتی گەڕایەوە ئەورووپا، لە خولی پلەچواری ئینگلیزی بوو راهێنەری یانەی ئۆڵدهامی ئینگلیزی، دواتر لە 2022 بۆ ماوەی سێ وەرز ئەرکی راهێنەرایەتی تیپی خانمانی یانەی مۆناکۆی وەرگرت، بەڵام لەم هاوینە یانەکەی جێهێشت و بووە راهێنەری زاخۆ.
لورانت بانید لە کاروانی راهێنەرایەتی تەنیا دوو نازناوی لە خولی قەتەری و خولی کوێتی بەدەستهێناوە و بۆ وەرزی داهاتوو ئەزموونێکی نوێ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لەگەڵ زاخۆ تاقی دەکاتەوە.