عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
ناوەندی گەنجان، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، فیلمی سینەمایی “باوڵ”، کە لە دەرهێنانی دیاکۆ بایزە، رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو 9ـی تەمموزی 2026، لە هەولێر لە ناوەندی گەنجان نمایشکرا
شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: گرنگیدانی ناوەندی گەنجان بە فیلمی کوردی و رەخساندنی سەکۆیەکی تایبەت بۆ نمایشکردنیان، هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەرە بۆ زیندووکردنەوەی بزووتنەوەی رووناکبیری و هۆشیاریی هونەری لە نێوان جیلی نوێدا. هەروەها ئەم ناوەندە تەنیا وەک شوێنێکی فێربوون یان کۆبوونەوە نابینرێت، بەڵکو دەبێتە پردێکی گرنگی کولتووری کە گەنجان بە ناسنامە و داهێنانی ناوخۆیی ئاشنا دەکات.
شاخەوان مستەفا گوتیشی: بە رێکخستنی ئەم جۆرە شەوەفیلمانە، ژینگەیەکی هاندەر بۆ گفتوگۆی کراوە لە نێوان بینەران و دروستکەرانی فیلم دروست دەبێت، کە ئەمەش نەک هەر پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ دەرهێنەر و هونەرمەندانی کورد، بەڵکو چێژێکی راستەقینە و کاتبەسەربردنێکی بەپێزیش بە گەنجان دەبەخشێت و خولیای سینەما لە ناخیاندا دەچێنێت.
شاخەوان مستەفا باس لە نمایشکردنی ئەو فیلمە بێبەرامبەر لە ناوەندی گەنجان دەکات و دەڵێت: ناوەندی گەنجان بە خۆڕایی و بەبێ هیچ بەرامبەرێک دەرگەکانی بەڕووی هەموو هۆگرانی هونەردا دەکاتەوە و بانگهێشتی گەنجان و بینەران دەکات بۆ ئامادەبوون لە نمایشی ئەم فیلمە کوردییە، هەروەها ئەم دەستپێشخەرییە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت پاڵپشتی لە سینەمای ناوخۆیی بکەن و لە کەشێکی تایبەت و بێبەرامبەردا چێژ لەم بەرهەمە کۆمیدییە وەربگرن.
بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر باس لە چیرۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت: چیرۆکی فیلمەکە دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی کوڕێکی گەنج کە تەواوی ژیانی لە دووری شار و لە ژینگەیەکی ئارام بەسەر بردووە و هەرگیز جیهان دەرەوەی نەناسیوە. بەڵام دوای کۆچی دایە گەورەی، وەسیەتنامەیەک دەگاتە دەستی و ئەو دۆخە هەموو شتێک دەگۆڕێت.
فیلمی سینەمایی “باوڵ”، بە ژانەری کۆمیدی و ماوەی 90 خولەک، کۆمەڵێک ئەکتەری ناسراو و بەئەزموونی کۆکردووەتەوە، لەوانە ژیان ئیبراهیم خەیات، ئاکۆ سەنگاوی، زاهیر جەلال، زاهیر غەریب، کەیوان سەڵاحەدین، ئیدریس شەوکەت، زانست بەرزنجی و یاسین عومەر.

