رۆژنامەی ھەولێر

1200 كەس لە خوولەكانی پیشەیی سوودمەند بوون

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەرەڕای نەمانی هاوكاریی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە كردنەوەی خولەكانی پەروەردەیی، پیشەیی، هونەری و…هتد، لەناو كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران و لە دەرەوەی كەمپەكانیش بەردەوامە، ئەو خوولانەش كاریگەریی بەرچاویان له ژیانی بەشداربووانی خوولەكان هەبووە و تەنیا لە مانگی ئایار 1،205 كەس لەو خوولانە سوودمەند بوون.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، به ر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ (2026)، جگە لە كردنەوەی خوولەكانی فریاگوزاریی سەرەتایی و فریاكەوتنی خێرا بۆ زیاتر لە 750 كارمەند لە هەموو نووسینگەكانی دەزگا و پێشكەشكردنی سیمینارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەركان كە سەدان كەس لێی سوودمەند بوون، لە كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران و لە دەرەوەی كەمپەكانیش 49 خوچولی پیشەیی، پەروەردەیی، هونەری و نەهێشتنی نەخوێندەواری كردووەتەوە، كە زیاتر لە 455 كەس لەو خوولانە سوودمەند بوون.
سالار بابەشێخ لە راگەیاندنی دەزگا بە ( هەولێر)ـی گوت: دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی و پاڵپشتیی بەخشەر و خێرخوازانی ناوخۆ و ڕێكخراوەكانی هاریكاربەخش، ڕۆڵی گەورەی لە خزمەتكردنی چین و توێژەكانی(ئاوارە و پەنابەر، خەڵكی لێقەوماو و كەمداهات و كەسانی بێدەرەتان لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق و لە دەرەوەی وڵاتیش) هەبووە.
دەزگا، بە مەبەستی (فێركاری، دروستكردنی بەهرە، ڕەخساندنی دەرفەتی كار و فەراهەمكردنی داهات بۆ تاك و خێزان لە كاتی قەیرانەكاندا)، بایەخی زۆری بە دروستكردنی بنكە و سەنتەرە ڕۆشنبیری و هونەری و پیشەییەكان داوە، كە تیایاندا خوول و ڕاهێنانی جۆراوجۆر بۆ فێرخوازان دەكرێنەوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی 15 سەنتەری پیشەیی و ڕۆشنبیری بەڕێوە دەبات، كە 11یان لە ناو كەمپی ئاوارە و پەنابەراندان و هەر لە ڕێگەی ئەم ناوەندانەی ڕۆشنبیری و مەشقە پیشەیی و ڕاهێنانەكانیانەوە، ساڵانە بە هەزاران كەس لە خوولەكانی(كۆمپیوتەر، كارەبا، دروومانی جلوبەرگ، بەرهەمهێنانی خۆراك، كاری دەستی، ڕستن و چنین و جوانكاری و…هتد) سوودمەند دەبن.