مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
ڕۆدری داوای لێبوردنی لە بێرناردۆ سیلڤا کرد کرد و باسی حاڵەتەکە دەکات
ڕۆدری، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، داوای لێبوردنی لە هاویانەی پێشووی لە یانەی مانچستەر سیتی بێرناردۆ سیلڤای پورتوگالی کرد، بە هۆی ئەو جووڵە و مامەڵەیەی لە کۆتاساتەکانی یارییەکەیان لە مۆندیال بەرانبەر پورتوگال، لەگەڵیدا نواندی.
لە یارییەکانی قۆناغی شازدەی مۆندیالدا، لە یارییەکی بەهێزدا هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و پورتوگال بە یەک گەیشتن، ئیسپانیا بە گۆڵێک یارییەکەی بردەوە، کە لە خولەکی ٩١ـدا لە ڕیگەی میرینۆوە تۆماری کرد.
لە دواساتەکانی کاتی یارییەکەدا، هەڵبژاردەی پورتوگال زۆر هەوڵی دا گۆڵی یەکسانبوون تۆمار بکات، لە دوای تێپەڕبوونی هەل و تۆپێکی مەترسیدار لەسەر دەستی بڕۆنۆ سیلڤای پورتوگالی، ڕۆدری بە شێوەیەکی خرۆشاوەوە، بەرەو ئەو یاریزانە رۆیشت و ئاماژەی زاڵبوون و سەرکەوتنی خۆیان شکستی ئەوانی دا.
بەو بردنەوەیە ئیسپانیا گەیشتە چارەکی کۆتایی مۆندیال، کە قۆناغی هەشتە و بە بردنەوەی یاریی داهاتوو، دەگاتە پێشکۆتایی مۆندیال.
ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاوی کردەوە، کە دوای ئەوەی بڕۆنۆ سیلڤا دواتۆپی لە دەست دا، ڕۆدری بەرەو ڕووی رۆیشت و ئاهەنگی گێڕا و بە بچووکی سەیری کرد، ئەوەیش بێرناردۆی بێزار کرد.
بۆیە ئەو یاریزانە بەرەو ڕووی یاریزانەکەی ڕیاڵ مەدرید رۆیشت و بەو پەرچەکردارەی یاریزانە ئیسپانییەکە زۆر نیگەران و تووڕە بوو، کە هەر خودی یاریزانەکەیش دەمودەست هەستی بە هەڵەکەی کرد و داوای لێبوردنی لێی کرد. دواتریش ئەو لێبوردنخوازییەی دووبارە کردەوە.
ڕۆدری لە لێدوانێکدا بۆ مێدیاکان، ڕایگەیاند: پێشتریش بە خۆیم وت و داوای لێبوردنم لێی کرد، هەڵەم کرد کە ئاهەنگم گێرا بە هۆی لە دەستدانی ئەو تۆپەی بێرناردۆوە، دەمودەست داوای لێبوردنم لێی کرد. کارەکەش لەوێدا تەواو بوو بە هۆی ئەوەی متمانەمان بە یەکە، ئەوەیش هەموو شتێکە.
حکوومەتی پاراگوای لەسەر ئمباپێ، سیناتۆرێکی خۆی سەرکۆنە دەکات
حکوومەتی پاراگوای، سەرکۆنەی هەڵوێستی سیناتۆر سیلیست ئەماریلای کرد، بە هۆی ئەو سووکایەتییە ڕەگەزپەرستییانەی بەرانبەر کیلیان ئمباپێی ئەستێرەی فەڕەنسییەکان کرد، سەرکۆنەی هەڵوێست و لێدوانەکەی کرد و رایگەیاند ئەوان لەو کارەدا، هاوسۆزی ئمباپێ و گەلی فەڕەنسان. بۆیە بەرپرسیاریەتیی خۆیان لەو لێدوانەی ئەماریلا لا برد.
وەزارەتی دەرەوەی پاراگوای، لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا، باسی لەوە کرد: حکوومەتی کۆماریی پاراگوای، بە توندی سەرکۆنەی لێدوانەکانی سیناتۆ سیلیست ئەمارێلا دەکات، کە لە بارەی کیلیان ئمباپێی کاپتنی هەڵبژاردەی فەڕەنساوە کردی. چونکە ئەوە دژی بەها و پرەنسیپی ئاشتییانە و پێکەوەژیان و ڕێز و قەدری نێوان مرۆڤایەتییە، کە وڵاتەکەشمان پەیڕەوی دەکات.
ئەو سینارتۆرە پاراگواییە، چەند کاتژمێرێک دوای دوورخستنەوەی پاراگوای لەسەر دەستی فەڕەنسا، لە قۆناغی شازدەی مۆندیالی ٢٠٢٦، هێرشێکی ڕەگەزپەرستانەی کردە سەر کیلیان ئمباپێی خاوەن تاکەگۆڵی یارییەکە و بەو کامیرۆنییەکی داگیرکراو و خۆ بەفەڕەنسی دەرخەر، ناوی برد.
ئەمارێلا بەوەندەوە نەوەستا و پەیامێکی دیکەی بڵاو کردەوە و دۆخەکەی خراپتر کرد، ئەمجارە بە کاپتنەکەی هەڵبژاردەی فەڕەنسای گوت: ئەو گوێز هیند دەخواتەوە، لە کاتێکدا ئەوەی زۆر بیسترابێ لە نێو کولتوورەکان، شەمپازییە. ئەو لێدوانە ڕەگەزپەرستانەی، خەڵک و هاندەرانی فەڕەنسای شۆک کرد و نارەزایی و سەرکۆنەکردنی زۆری لێ کەوتەوە، لە نێوەندی سیاسی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
حکوومەتی پاراگوای لای خۆیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە، کە ئەو لێدوانەی سیناتۆرەکە بۆچوونی تایبەتیی خۆیەتی و بە هیچ جۆر و شێوازێک ڕەنگدانەوەی سیاسەت و بۆچوونی پاراگوای نییە، بەڵکوو پاراگوای وڵاتێکی کۆماریی دیموکراتییە و لەسەر بنەمای دەسەڵاتی جیاجیا بنیات نراوە، ئەو سیناتۆرە وەکوو تاکێک ئەو قسانەی کردووە.
پاراگوای دووپاتی کردەوە، کە پابەندن بە دژوەستانەوەی ڕەگەزپەرستی و دژوەستانەوەی خەڵکی بیانی و دەمارگرژی و لەگەڵ ئەوانەدان کە ئەو جۆرە لێدوانانە زیانیان لێ دەدات.
هەروەها حکوومەتی پاراگوای پەیامێکی ڕاستەوخۆی هێورکەرەوەی بۆ فەڕەنسا نارد و رایگەیاند: هەست بە هەستی هەموو ئەوانە دەکەین کە بە هۆی ئەو لێدوانەی سیناتۆریکەوە ئازاریان پێ گەیشت و ئێمەش لە ریزی ئەوان و هاوشانیانین، ڕێزی زۆرمان بۆ گەلی فەڕەنسا دووپات دەکەینەوە، کە پاراگوای پەیوەندییەکی مێژوویی لە ڕاستگۆیی و هەماهەنگی و هاوکاری و لێکتێگەیشتن لەگەڵ فەڕەنسا هەیە.
بە درێژایی دوو ڕۆژی ڕابردوو، ئەو پەرچەکردارانە بەردەوام بوون کە لەسەر لێدوانەکەی ئەو سیناتۆرەی پاراگوای دروست بووە، تەنانەت ئیمانوێل ماکرۆن، پاڵپشتیی خۆی بۆ کیلیان ئمباپێ و هەڵبژاردەی فەڕەنسا راگەیاند. هاوکات یەکێتیی تۆپی پێی فەڕەنسی، سکاڵایەک بە نوێنەرایەتیی هەموو فەڕەنسا دەکات و ڕێکاری یاسایی دەگرێتە بەر.
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فەڕەنسا، فلیپ دیالۆ، ئەو لێدوانەی بە تاوان و جوێن هێرش ناو برد. هەروەها ئەندامانی حکوومەتی فەڕەنسا، تووڕەبوونی خۆیان دەربڕی و وەزیری وەرزشی مارینا فێراری، ئەو هێرشانەی بە گەمژانە و نەشیاو ناو برد، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوە تەنیا کاپتنەکەی هەڵبژاردەی فەڕەنسای بە ئامانج نەگرتووە، بەڵکوو هەموو فەڕەنسای بە ئامانج گرتووە.
لای خۆیەوە، کیلیان ئمباپێ، بێدەنگیی خۆی شکاند و سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد و بە گەمژانە و نەشیاو بە پێگەی ئەو بەرپرسە ناو برد.
رۆژنامەنووسێکی پورتوگال: چۆن دەبێ ڕۆناڵدۆ لەو پاڵەوانیەتییە گەورەیە ٩٠ خولەک یاری بکات؟
دوای دەرچوونی پورتوگال لە مۆندیال، جارێکی تر سەرنجەکان کەوتنەوە سەر کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ.
پورتوگال ٠-١ گۆڵ بە ئیسپانیا دۆڕا و لە مۆندیال دوور خرایەوە، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆش واز لە یاریی نێودەوڵەتیی دەهێنێ، بەڵام مێدیاکارێکی پورتوگالی واز لە ڕۆناڵدۆ ناهێنێ.
فرانسیسکۆ دی فاز، لە رۆژنامەی ئەبۆلای پورتوگالی، هێرشی کردە سەر کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و دەڵێ: کریستیانۆ، نامانەوێ بتکوژین، بەڵام هەموو شتێک سنووری خۆی هەیە، پێویستە سنوورێک بۆ دۆخی تۆ وەکوو سەرکردە دابنرێ، کە زیاتر لە پێویست درێژەی کێشا، کاتێک پێویستە یەدەگ بی، دەبێت یەدەگ بیت. تۆ بوویتە هۆی لەناوبردنی خەونی نەوەی زێڕینی پورتوگال.
ئەو نووسەرە پورتوگالییە دەشڵێ: وەک بینیمان، غروورییەکەت ڕێگەی نەدا وەکوو یاریزانی یەدەگ بەشدار بیت، چۆن دەبێ لە پاڵەوانیەتییەکی وەهادا پابەندییەکی ناتەندروستت هەبێ، چۆن دەبێ ٩٠ خولەک ڕۆناڵدۆ یاری بکا؟ ئەو لێڵی و ناروونییە هەر دەمێنێتەوە، تەنانەت دۆناڵد ترەمپیش ناتوانێ بیگۆڕێت.

