رۆژنامەی ھەولێر

هۆگر یوونس، چۆن بە ڕێکەوت بووە پاڵەوانێکی کوردستان؟

 

دیمانە: شەمال جەمال دیلان

کوردستان پڕە لەچەندان پاڵەوانی جۆراو جۆری وەرزشە جیاجیاکان کە دەستپیکی ژیانیان وەک وەرزشوان نەبووە، بەڵام دواتر بوونە بە پاڵەوان و ناویان لەنێو میژووی وەرزشی شارەکەیاندا ماوەتەوە. کارمەندێکی پۆلیس لە شاری هەولێر ماوەی چەند ساڵیكە بەشداریی خولەکانی لەشجوانی دەکات و لە کێشی ٦٨ و ٧٠ کیلۆ گرام لەسەر ئاستی یانەکان و هۆڵەکانی شاری هەولێر و کورستان خاوەن پلەی یەکەم و دوەم و دەستکەوت و بڕوانەمە باش بەدەست دێنیێت.
رۆژنامەی هەولێر ئەو پۆلیسە بەهرەمەندەی بەسەر کردەوە و لە زاری خۆیەوە باسی چۆنیەتی چوونە ناو وەرزشی یاری لەشجوانی بکات

* کورتەباسێک لە پڕۆفایڵی ژیانت باس بکە.
– ناوم هۆگر یوونس، لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٢ی شاری هەولێرم، پیشەم لێکۆڵەری پۆلیسە لە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیسی هەولێر، دوور و نزیک بیرم لەوە نەدەکردەوە کە رۆژێک لە رۆژان بتوانم بێمە نێو دنیای یاریی لەشجوانی و دەستکەوتی گەورە بەدەست بێنم .

*چۆن و کەی دەستت بەو وەرزشە کرد؟
– ١٠ ساڵ لەمەوبەر بۆ مەبەستی پارێزگاریکردن لە تەندروستیم و پتەوکردنی جەستەم بیرم لەوە کردەوە یاریی ئاسن بکەم، هەر بۆیە لە یەكیک لە هۆڵە وەرزشییەکانی هەولێر دەستم پێکرد تا وای لێهات خۆشەویستییەک لە نێوان من و ئەو وەرزشە دروست بوو، رۆژانە رێک دوای تەواوبوونی کارەکەم بەرەو هۆڵی وەرزش دەچووم هەوڵی زۆرم دا و ماندوو بووم تا توانیم جەستەم بکەم بە جەستەی پاڵەوانێک لەو کێشەی کە هەمە .

* کێ بون ئەوانەی پشتگیریان کردی؟
– رۆڵی دایکم لەبیر ناکرێت رۆژانە کە دەگەڕامەوە هانی دەدام و پێدەگوتم بەردەوام بە، چونکە جەستەت گۆڕانکاریی بەسەر هاتووە. جگە لەوە کاپتنی بەتوانا پشتیوان سدیق زۆر هاوڕێ و یاریزانی تری ئەو یارییە بە بەردەوامی وانەیان پێ دەدام و پشتگیرییان دەکردم، کە بە منیش بە هەوڵدانی زێتر دەبم بە یەكێک لە پاڵەوانەکان لە کوردستان لەو یارییە. رۆڵی گرنگی ئەوان بوو منیان ڕاکێشایە نێو دنیای کێبرکێیەکان کە خەونی من و زۆرێک لە یاریزانە تاوەکو بەشداری لە خول و پاڵەوانیەتیەکان بکات

* باسی خول یاخود ئەو پاڵەوانیەتییانە بکە کە بەشداریت تیدا کردووە؟
– تا ئێستا توانیومە لەهەشت پاڵەوانیەتی هەولێر و لەسەر ئاستی کوردستان بەشداری بکەم، تێیدا حەوت جار پلەکانی یەکەم و دوەم و سێیەمم بەدەست هێناوە، کۆتا پاڵەوانیەتیی کە ٢٤/٦ی ئەمساڵ بوو لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو توانیم پلەی یەکەم لە کێشی ٧٠ کیلۆگرام بەدەست بێنم کە هەستێکی تایبەتی پڕ لە شانازییە لەهزری ژیانمدا دەمێنیتەوە.

*وەرزشی لەشجوانی چۆن دەبینی لە کورستان؟
– بیگومان بە گوێرەی ساڵانی رابردوو رۆژ دوای ڕۆژ هۆڵەکان پڕ دەبن لە خەڵک لە پیناو تەندروستی و جوانکردنی لەش و لاریان، بەڵام ئەگەر باسی وەرزشەکە بکەین لە ڕووی کێبرکێ و بایەخدانی سوپاس بۆ خوا لە ئاستێکی بەرزدایە. ساڵانە چەندین پاڵەوانیەتیی جۆراو جۆر لەلایەن یەکێتیی لەشجوانی هەولێر و کورستان ئەنجام دەدرێن، کە ئەوەش جیگەی دڵخۆشیە بۆ ئێمەی یاریزانان کاتێک دەبینین ئەوان بەیاخێکی زۆر باش بەو یارییە دەدەن

* دوا وتەت
– هیوادارم بتوانم لە داهاتوو بەشداری لە خولەکانی عەرەبی و پاڵەوانیەتیی گەورەتر بکەم بە ناوی کورستان و شارەکەم پەیمان دەدەم لەسەرجەم پاڵەوانیەتیەکان داهاتوو ئەنجامی دڵخۆشکەر و بەرزتر بەدەست بێنم، چونکە ئێمەش لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی خاوەن چەندان پاڵەوانی گەورەیین لەو وەرزشە دەوڵەمەندین.