رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆناڵدۆی بەڕازیلی دوای شکستی نەرویژ بە ڕووی ئەنچیلۆتی و ڤینیسیۆسدا تەقییەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

ڕۆناڵدۆی بەڕازیلی دوای شکستی نەرویژ بە ڕووی ئەنچیلۆتی و ڤینیسیۆسدا تەقییەوە
یاریزانی بەڕازیلی ڕۆناڵدۆ نازاریۆ، تووڕە و نیگەرانە لە دۆڕاندنی بەڕازیل بەرانبەر نەرویژ و کرانەدەرەوەیان لە قۆناغی شازدەی مۆندیال.
بەڕازیل لە چارەکی کۆتایی یارییەکانی مۆندیال، لەسەر دەستی ڤایکینگەکانی نەرویژ شکستی خوارد و لە مۆندیال دوور خرایەوە. لەبەر ئەو هۆکارە، ڕۆناڵدۆ نازاریۆ هێرشێکی توندی کردە سەر هەریەک لە کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەری سیلیساو و ڤینسیسۆس جۆنیۆر ئەستێرەی هەڵبژاردەکە، بەو پێیەی دەرچوونی بەرازیل لەو قۆناغە و لەسەر دەستی نەرویژ، شکستێکی گەورەیە.
ڕۆناڵدۆ وەکوو یەکەمین کەس ڕەخنەی توندی لە هەڵبژاردەی بەڕازیل گرت دوای ئەو دەرچوونەیان. لەو بارەیەوە بە ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانیی وتووە: بە ڕاشکاو، پێم وایە ئەو دەرکردنە بە هۆی ئەو بڕیارانەوە بووە کە لەسەر کورسیی یەدەگەوە دران، کارلۆ ئەنچیلۆتی یەکێکە لە باشترین ڕاهێنەرەکانی مێژووی تۆپی پێ، بەڵام شەوی یارییەکەی بەڕازیل و نەرویژ، هەڵەی زۆری کرد.
ڕۆناڵدۆی دیاردە وتیشی: هێشتا نازانم بۆچی جواو پێدرۆی نەبردە پێکهاتەی بەڕازیل، کە وەرزێکی زۆر نایاب و تایبەتی پێشکەش کردبوو و لە لوتکەی ئاستیدا بوو، بەڕازیلیش پێویستی بە هێرشبەرێک بوو شتێکی زیاتری بۆ بکات. دواتر لە ئێندریک بڕوانین. لە هەر بەشدارییەکدا، زیادە و جۆش و خرۆشییەکی دروست دەکرد و دەیتوانی شتی چاوەڕێنەکراو بکات، لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرترین ماوەی یارییەکانی جامی جیهانی لەسەر کورسیی یەدەگ دانیشتبوو، من لەوە تێ ناگەم.
وتیشی: ڤینیسیۆس جۆنیۆر هەروەها بەرپرسیاریەتیی دەکەوێتە سەر، هەموومان ئاستی بەهرەوەرییەکەی دەزانین، بەڵام ئەم مۆندیالە بە نسبەت ئەو باش نەبوو، بە هیچ جۆرێک بەو ئاستە دەرنەکەوت کە پێیمان دەناسی لە یاریکردن لە یانەکان.
ڕۆناڵدۆ درێژەی بە قسەکانی دا: ئەو کاتەی بەڕازیل پێویستی بە ئەستێرەکانیەتی، بە هەمان هێزی هەیانە لە پاڵەوانیەتییەکەدا خۆیان ناسەپێنن، نەرویژ شایستەی سەرکەوتن بوو، وامان لەسەرە لەم کارەدا ڕوون بین، ئەوان ڕێکخراوتر و ڕێکتر بوون، هالاند سزای هەموو هەڵەکانی بەڕازیلی دا، بەم بەرازیل یارمەتیی نەرویژی دا بەوەی پێش یارییەکە بڕیاری هەڵە بدات، لەو ئاستە و هەڵەیەک و دوان، بەسە بۆ ئەوەی جامی جیهانی بۆ تۆ تەواو بێت. شەوێک بوو هەڵەی زۆری تێدا کرا.

یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل ڕوونکردنەوەیەکی سەیری بڵاو کردەوە
لەبارەی دوورخستنەوەی بەڕازیل لە قۆناغی شازدەی مۆندیال لەسەر دەستی نەرویژ، یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و بەڵێنی بە هاندەرانی بەڕازیل دا بە هێزەوە بگەڕێنەوە.
یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل هیچ پۆزش و لێبورندخوازییەکی بۆ دەرکردنەکەیان نەهێناوەتەوە و لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە: مێژووی هەڵبژاردەی بەڕازیل پڕە لە دەستکەوتی گەورە و مێژوویی، هەروەها چرکەساتی ناخۆشیشی تێدایە. ئەمڕۆ ماڵئاواییمان لە مۆندیال کرد، بەڵام ئێمە بڕوای پتەومان هەیە کە بە هێزەوە دەگەڕێینەوە. سوپاستان دەکەین، ئەی هاندەرانی بەڕازیل.
ئەو لێدوان و ڕاگەیاندراوەی یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل، پێچەوانەی ئەو شکست و بێهیواییەی بەڕازیلییەکانە کە بە هۆی دەرکرانیان لە مۆندیال تووشی بوون. خەڵک پێی وایە ئەو ڕاگەیاندراوە، بەشی هێوردنەوە و ئارامکردنەوەی دەروونی بەڕازیلییەکان ناکات.
لە ساڵی ٢٠٠٢ـەوە هەڵبژاردەی بەڕازیل، لە ناسناوی مۆندیال بە دوورە و تەنانەت نەگەیشتووەتە یاریی کۆتایی و پێشکۆتاییش.
هەرچەندە بەڕازیل ناوێکی گەورە و تایبەتە لە جیهانی تۆپی پێ و بە تایبەت مێژووی مۆندیالەکان، بەو پێیەی تاکە هەڵبژاردەیە لە هەموو مۆندیالەکاندا بەشداریی کردبێ، خاوەن زۆرترین ناسناوی جامی جیهانییە و ٥ ئەستێرەی هەیە.
بەڵام ٢٤ ساڵە بەڕازیل لە ناسناوی مۆندیال دوورە، لە بەرەبەری کۆتاییهاتنی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦ کارلۆ ئەنچیلۆتی بووە راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل و گەیشتنی بەڕازیلی بە مۆندیال مسۆگەر کرد، بەڵام وا دەرنەکەوت کە شوێنپەنجەی زۆر بەسەر ئەو تیپەوە دیار بێ، بە تایبەت لە دەستنیشانکردنی یاریزانانی هەڵبژاردەکە. ئێستەش هاندەرانی بەڕازیل بە دڵشکاوی لە مۆندیال دەچنە دەرەوە و دەبێ چوارساڵی دیکە چاوەڕێ بکەن تا بەڵکوو مۆتەکەی دووربوون لە ناسناوی مۆندیال، بڕەوێننەوە.