رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر زیاتر لە 20 هەزار خێزانی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەدات

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندی زیندانیانی سیاسی، بنەماڵەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید دەرکرد کە بەپێی بڕیارەکە هەزاران پارچە زەویی نیشتەجێبوونیان پێ دەدرێت.

پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە هەرچەندە پێشتر بڕیاری دابەشکردنی زەوی تەنها فەرمانبەرانی دەگرتەوە، بەڵام لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، ئێستا ئەم توێژانەش لە پرۆسەی وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.

بەپێی ئەو وردەکارییانەی گوتەبێژی حکوومەت بڵاوی کردوونەتەوە، 5,440 پارچە زەوی بۆ بنەماڵەی شەهیدانی سەنگەر و جینۆسایدکراوان تەرخان کراوە، هاوکات 15,499 پارچە زەوی تریش بۆ زیندانیانی سیاسی دابین دەکرێت.

لە بڕیارەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم پرۆسەیە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێشتر لە وەرگرتنی زەوی یان خانوو لەلایەن حکوومەتەوە سوودمەند نەبووبن، ئەمەش بە مەبەستی ڕەچاوکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی زەوییەکاندا.

ئەم هەنگاوەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ ڕێزلێنان لە قوربانیانی ڕێگەی ئازادی و قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانە دەبینرێت کە بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە زیانیان بەرکەوتووە.

بڕیارەکە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماوەیەکە پرۆسەیەکی فراوانی بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دەست پێکردووە، بەو ئامانجەی بارگرانیی نیشتەجێبوون لەسەر شانی هاووڵاتییان کەم بکاتەوە و شایستە یاساییەکانی ئەو توێژانە دابین بکات کە خزمەتیان بە هەرێمەکە کردووە.