رۆژنامەی ھەولێر

ئافرەت لە کایەی بڕیاردان و سەرکردایەتیدا؛ سەرکەوتن و ئاستەنگەکان

زەنوێر جاف

 

هەمیشە گوتراوە ئافرەتان ڕەمزی خۆڕاگری و بەهێزین؛ چاوەڕوان دەکرێت ئافرەتان بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بن و هەوڵی بەردەوامیان بۆ بەرەوپێشچوون و بوون بە سەرکردەی کاریزماتیک بێت. گومانی تێدا نییە کە ئافرەتان دەتوانن سەرکردە، خاوەن بڕیار و کاربەدەست بن. سەرەڕای ئەوەی ئەرکی ناوماڵ و پەروەردەی منداڵ و بەشێکی زۆری قورسایییەکانی ژیان دەکەونە ئەستۆیان، بەڵام ناهێڵن ئەمانە ببنە ڕێگر لەبەردەم گەشەی ئەکادیمی و سەرکردایەتییان؛ ئەم پێشەنگبوونەش لە دێر زەمانەوە تا ئێستا بەردەوامە. بەڵام بەداخەوە، هێشتا کۆمەڵێک کۆسپ ڕووبەڕووی ئافرەتان دەبنەوە، کە ڕەنگە پەیوەندییان بە نەریتی کۆمەڵایەتی، توندوتیژیی دەروونی، یان گوشاری میدیایی و چەندین هۆکاری دیکەوە هەبێت، بەڵام هەمیشە ئافرەتان توانیویانە بەسەر ئەو کۆسپانەدا سەربکەون.

خاتوو “دڵسۆز ڕەزا عەباس”، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان، بۆ (هێلین) دەڵێت:
“ئافرەت لە ساڵانی دواییدا توانیویەتی پێگەی گرنگ لە ناوەندەکانی بڕیاردان و سەرکردایەتیدا بەدەست بهێنێت؛ لە حکوومەت، بازرگانی، پەروەردە، تەندروستی و دامەزراوە مەدەنییەکاندا. بەشداریی ئافرەت لە سەرکردایەتی تەنیا بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو بەهۆی جیاوازیی بیرکردنەوە و شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکان، دەبێتە هۆی باشترکردنی کوالێتیی بڕیارەکان.”

هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئافرەت لە دیدی ئەوەوە:
توانای بەهێز لە پەیوەندییەکان و کارکردنی تیمی.
هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و ڕێکخستن.
توانای گوێگرتن و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
ئاراستەکردنی کار بە شێوەیەکی هاوبەش و هاندانی ئەندامان.
ئەو خانمە سەرکردەیە ئاستەنگە سەرەکییەکانیش لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:
بیرۆکە و باوەڕە کۆمەڵایەتییەکان کە هەندێک جار ڕۆڵی سەرکردایەتی تەنیا بە مافی پیاوان دەبینن.
کەمیی دەرفەت بۆ گەیشتن بە پلە باڵاکانی بەڕێوەبردن.
ناجێگیریی هاوسەنگی نێوان کار و ژیانی خێزانی.
کەمیی پشتگیریی یاسایی یان دامەزراوەیی لە هەندێک بواردا.

د. “مریڤان مستەفا”، مامۆستای زانکۆ لە کۆلێژی یاسا، لە ڕوانگەیەکی ئەکادیمی و یاسایییەوە بۆ (هێلین) دەدوێت و دەڵێت:
“لێکۆڵینەوە لە واقیعی ئافرەتان لەژێر سایەی گەشەپێدانی هاوچەرخدا، تەنیا لە ڕوانگەیەکی سۆزداری یان مافخوازییەکی ڕووتەوە نییە، بەڵکو پشت بە بنەمایەکی نەگۆڕ دەبەستێت کە دەڵێت: سەرکردایەتی شایستەیی و لێهاتووییە و پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەکان. لە کوردستاندا دیمەنێک دەبینین کە دوو هۆکار ململانێی لەسەر دەکەن: لە لایەکەوە بەهێزیی دەقی دەستووری و یاسایی، لە لایەکی دیکەوە بەرهەڵستیی واقیعی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەیی.”

دکتۆرە مریڤان دەستکەوتە یاساییەکان لە دوو خاڵدا چڕ دەکاتەوە:
سیستمی کۆتا: ئەمە بازدانێکی چۆنایەتی بوو کە نوێنەرایەتیی ئافرەتانی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ (٢٥٪) جێگیر کرد؛ ئەمەش کوردستانی خستە پێشەنگی وڵاتانی ناوچەکە.
هەلی یەکسان لە وەزیفەی گشتیدا: ئافرەتان توانیویانە لێهاتوویی خۆیان لە بوارە قۆرخکراوەکانی وەک دادوەری، دیپلۆماسی (باڵیۆز) و سەرکردایەتیکردنی زانکۆکاندا بسەلمێنن.

سەبارەت بە ڕێگرەکانی جێبەجێکردن، ئاماژە بەوە دەکات:
پاشەکشەی نوێنەرایەتی لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا: هێشتا ئامادەیی ئافرەتان لە وەزارەتە سیادییەکان و پلە تایبەتەکاندا لە ئاستی پێویستدا نییە.
کەمتەرخەمی لە کەرتی تایبەتدا: هەرچەندە یاسای کار جیاکاریی قەدەغە کردووە، بەڵام نەبوونی چاودێریی توند و ژینگەیەکی نەرمی کار، ڕێگرە لەوەی ئافرەتان بگەنە لوتکەی هەرەمی کارگێڕی لە کۆمپانیاکاندا.
کەلەپووری سۆسیۆلۆژی: هێشتا هەوڵ دەدرێت ڕۆڵی ئافرەت لە کەرتە خزمەتگوزارییەکاندا (وەک پەروەردە و تەندروستی) قەتیس بکرێت و لە کایە ئەمنی و ئابوورییە گەورەکان دوور بخرێنەوە.

پوختەی بابەت
بەهێزکردنی ئافرەتان لە سەکۆکانی بڕیارداندا، زامنی زیندووێتیی دەوڵەتە. بۆ گواستنەوە لە “نوێنەرایەتیی ژمارەیی”یەوە بۆ “کاریگەریی ڕاستەقینە”، پێویستە دەقە یاساییەکان ببنە ڕەفتارێکی دامەزراوەیی بەردەوام، تا نەوەیەک لە ئافرەتانی لێهاتوو داهاتووی نیشتمان دابڕێژنەوە.