جنان میکائیل ئیسماعیل
کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکان، ئینتەرنێت و ئامێرە نوێیەکانەوە، بە قۆناغێکی جیاوازدا تێدەپەڕێت. ئێستا سنوورەکان کاڵ بوونەتەوە و تێکەڵبوونی مرۆڤەکان لە هەموو جیهاندا بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە. لە نێوان ئەم هەموو گۆڕانکارییانەدا، گەنجان کە هێزی سەرەکی و داهاتووی وڵاتن، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی هۆشیاریدان؛ ئەرکی ئەوان ئەوەیە کە چۆن شانبەشانی زانستی نوێ و داهێنانەکان هەنگاو بنێن، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری ناسنامەی خۆیان، زمانی دایک و کلتووری کۆمەڵگەکەیان بن. پاراستنی ئەم هاوسەنگییە وا دەکات نەوەی نوێ لە کاروانی زانست دانەبڕێت و لە هەمان کاتدا، لە نێو کلتوورە جیاوازەکاندا ون نەبێت.
بۆ ئەوەی گەنجان بە جوانی لەم ڕاستییە نوێیە تێبگەن، پێویستە هۆشیاری و بیرکردنەوەی خۆیان بەهێز بکەن. خوێندن لەم سەردەمەدا تەنیا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە و دۆزینەوەی کار نییە، بەڵکو ڕێگەیەکە بۆ گەشەکردنی عەقڵ و باشتر تێگەیشتن لە ژیان. گەنجی ژیر ئەو کەسەیە کە کاتێک سەیری دیاردە و بیرۆکە نوێیەکان دەکات، لایەنە بەسوود و زانستییەکانیان وەردەگرێت بۆ پێشخستنی خۆی و وڵاتەکەی، لە هەمان کاتدا ڕێگە نادات دابونەریتە جوانەکانی لەبیر بچێتەوە.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێستادا گەورەترین شوێنی کۆبوونەوە و گفتوگۆی گەنجانن. بەکارهێنانی دروستی ئەم ئامرازانە بەوە دەبێت کە گەنجان تەنیا بۆ کات بەڕێکردن بەکاریان نەهێنن، بەڵکو بیکەنە دەرفەتێک بۆ فێربوونی پیشەی نوێ، زمانە زیندووەکان و ناساندنی کلتوور و زمانی خۆیان بە گەلانی دیکە. کاتێک گەنج کاتەکانی بۆ پەرەپێدانی کارامەیییەکانی تەرخان دەکات، دەبێتە کەسێکی سەرکەوتوو و بەرهەمهێن کە دەتوانێت یارمەتیی خێزان و چواردەورەکەشی بدات.
هەموو گەلێک بەهۆی زمان، ڕەوشت و مێژووەکەیەوە ماوەتەوە؛ ئەرکی نەوەی نوێیە کە پارێزگاری لەم بنەما جوانانە بکات. پێویستە گەنج دژی ئەو بیرکردنەوە کۆنانە بێت کە ڕێگرن لە خوێندن و گەشەکردن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت بەرگریکارێکی دڵسۆزی زمان و شیرازەی خێزانەکەی بێت. ئەم تێکەڵکردنە جوانە لە نێوان زانستی نوێ و پاراستنی ڕەسەنایەتی، کەسایەتییەکی بەهێز و متمانەبەخۆبوو لە گەنجدا دروست دەکات.
بێگومان ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگییە لە نێوان ژیانی هاوچەرخ و کلتووری ڕەسەندا کارێکی ئاسان نییە و گەنجان زۆرجار تووشی دڵەڕاوکێ دەبن، لێرەدا ڕۆڵی قوتابخانەکان، زانکۆکان و ڕاگەیاندنەکان دەردەکەوێت کە هاوکاری گەنجان بن. پێویستە ناوەندەکانی خوێندن شانبەشانی زانیارییە نوێیەکان، بەها باڵاکان و خۆشەویستیی نیشتمان لە دڵی نەوەی نوێدا بچێنن، تا گەنجان هەمیشە شانازی بە ڕەچەڵەک و شوناسی خۆیانەوە بکەن.
لە کۆتاییدا، پێشکەوتن و پاراستنی ڕەسەنایەتی دوو باڵن کە کۆمەڵگە بەبێ هەر دانەیەکیان ناتوانێت بفڕێت. گەنجی سەرکەوتووی ئەم سەردەمە ئەو کەسە نییە کە بەناوی مۆدێرنبوونەوە کلتووری خۆی لەبیر کردبێت، وە ئەو کەسەش نییە کە بەناوی پاراستنی دابونەریتەوە دەرگای بەڕووی زانستدا داخستبێت؛ بەڵکو ئەو پێشەنگە ژیرەیە کە بە دەستێک پێشوازی لە زانست و کارامەییی نوێ دەکات و بە دەستەکەی تریشی بە توندی دەستی بە کلتوور و زمانی دایکی خۆیەوە گرتووە، بەم شێوازەش کۆمەڵگەکەی بەرەو سەرکەوتنی ڕاستەقینە دەبات.

