سەدیق سەعید ڕواندزی
پەیوەندی ڕەخنەگر بە دەقی ئەدەبی، پەیوەندیی خوێنەرێكە كە بە تێڕوانینێكی ڕەخنەییەوە دەق دەخوێنێتەوە، ئیدی لە دەرەوەی ئەم پەیوەندییە ڕەخنەگر كام شوناسی ئەكادیمی و ڕەخنەیی هەیە، زۆر جێی بایەخ نییە، چونكە ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاستی ڕەخنە و جیهانبینی ڕەخنەیی ڕەخنەگرەكەیە، كە دەكرێتە پێوەری خوێنەر بۆ تێڕوانینە ڕەخنەییەكەی. بۆیە ئەوەی دەتوانێت كارە ڕەخنەییەكانی ڕەخنەگرێك دیاری بكات و بە پێوەری زانستیبوون و بابەتیبوون هەڵیبسەنگێنێت، تەنها خوێنەرانن، نەك ڕەخنەگرەكە خۆی؛ كورد هەزاران ساڵ لەمەوبەر وتوویەتی: كەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترش.
بەشێك لە ڕەخنەگرانی ئەدەبی، بە خۆشانازیكردنێكی زۆر و پەسندانێكی خودیانەی خۆیانەوە، دەیانەوێت خۆیان وەك ڕەخنەگری یەكەم و بێهاوتا لە نێوەندە ئەدەبییەكە پیشان بدەن و، ئیدی بڕوایان وایە مادام ئەوان هەڵگڕی دكتۆرایەكن لە ئەدەبی كوردی، ئیدی كەسی تر جگە لەوان ڕەخنەگر نییە و ناتوانێت تێڕوانینێكی ڕەخنەیی بۆ دەق هەبێت، كە ئەمە جگە لە خۆپەسندانێكی كۆمەڵایەتیانە و میللیانە و بوونی ڕۆحێكی خیڵەكی و كوێخایانە هیچی تر نییە!
ڕەخنەگری ئەدەبی، پێویستی بەوە نییە خۆی بە ڕەخنەگر بناسێنێت، چونكە گەر ڕەخنەگر بێت، هەمووان وەك ڕەخنەگر دەیناسن، پێویستی بەوە نییە باس لەوە بكات، كە خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ چەندان ڕۆمان كردووە، چونكە خوێنەران لێرەدا دەبێ بكرێنە سەنگی مەحەك.
ماوەیەك لەمەوبەر، لە گۆڤارێكی ئەدەبیدا، وتاری ڕەخنەگرێكم خوێندەوە، كە باس لەو دەكات كە ڕەخنەی لە چەندین ڕۆماننووس گرتووەوە خۆی ڕەخنەگرێكی دیارە و بە جۆرێك دوابوو كە پەسندانێكی زۆری خۆی تێدایە كە ئەمە تەنها لە كۆمەڵگەی ئێمەدا باوە؛ سوقرات بەو هەموو فەلسەفە و زاناییەی خۆیەوە دەیگوت من تەنها یەك شت دەزانم، ئەویش ئەوەیە كە هیچ نازانم. كەچی ئەم ڕەخنەگرە، چونكە بڕوانامەیەكی ئەكادیمی هەیە، ئیدی واتێگەیشتووە، ئەوانەی ماستەر و دكتۆرایان نییە، یان مامۆستای بنەڕەتین، نازانن ڕەخنە و خوێندنەوەی ڕۆمان چییە. بە پێی ئەزموونی خۆم وەك خوێنەرێك، كە سەدان وتاری ڕەخنەییم خوێندۆتەوە، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی كە كارە ڕەخنەییەكانی ڕەخنەگرێك كە هیچ بڕوانامەیەكی ئەكادیمی نییە، زۆر لە كەسێك كە ماستەری لە ڕەخنە هەیە، بابەتیتر و ڕەخنەییترن. ڕەخنە پەیوەندی بە بڕوانامەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە توانستی ڕەخنەگر و جیهانبینی و ڕوانینی ڕەخنەییانەی بۆ دەق هەیە و ئەمە خوێنەرە، دەبێ سەنگی مەحەك بۆ وتارە ڕەخنەییەكانی، نەك خۆی پەسنی خۆی بدات.

