رۆژنامەی ھەولێر

ئەدەبی بایۆگرافی لەنێوان خۆنووسین و خۆسڕینەوەدا

بژار حەکیم
ئەدەبی بایۆگرافی (ژیاننامەیی) ، یەکێکە لە گرنگترین جۆرەکانی ئەدەب، کە پردێکی پتەو لەنێوان مێژوو و هونەری گێڕانەوەدا دروست دەکات. ئەم ڕەگەزە ئەدەبییە تەنیا گێڕانەوەیەکی وشک و برینگی ڕووداوە مێژووییەکان یان ڕیزکردنی بەرواری لەدایکبوون و مردنی کەسایەتییەکان نییە، بەڵکوو گەشتێکی قووڵە بۆ ناو ناخی مرۆڤ، دۆزینەوەی پاڵنەرە شاراوەکانی پشت بڕیارە گەورەکان و پیشاندانی ئەو ململانێ دەروونیی و کۆمەڵایەتییانەیە، کە ناسنامەی مرۆڤێک دەنووسنەوە. لە ڕێگەی ئەم ئەدەبەوە، خوێنەر دەرفەتی ئەوەی پێدەدرێت، کە ژیانی کەسانی دیکە تاقی بکاتەوە، لە ئەزموونی ئەوانەوە فێربێت و لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە سەیری جیهان بکات، ئەمەش وادەکات بایۆگرافی ببێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ قووڵکردنەوەی تێگەیشتن.
بنەمای سەرەکیی ئەدەبی بایۆگرافی بریتییە لە، هاوسەنگیی نێوان ڕاستی مێژوویی و داڕشتنی هونەریدا. نووسەری بایۆگرافی پێویستە وەک توێژەرێکی ورد مامەڵە لەگەڵ بەڵگەنامەکان، یادەوەرییەکان و شایەتحاڵەکاندا بکات، چونکە لادان لە ڕاستی، بەهای زانستی و مێژوویی بەرهەمەکە کەمدەکاتەوە. بەڵام لەهەمان کاتدا، ئەگەر نووسەر تەنیا کۆکەرەوەی زانیاری بێت، بەرهەمەکەی دەبێتە ڕاپۆرتێکی مێژوویی بێگیان. لێرەوە توانای ئەدەبی و هونەریی نووسەر دەردەکەوێت، بۆ ئەوەی گیان بەبەر ئەو زانیارییانەدا بکاتەوە و لە قاڵبێکی سەرنجڕاکێش و دراماتیکیدا پێشکەشی خوێنەری بکات، بەشێوەیەک کە خوێنەر هەست بکات لە نزیکەوە لەگەڵ کارەکتەرەکەدا دەژی.
کاتێک سەیری پەرەسەندنی ئەم جۆرە ئەدەبە دەکەین لە مێژوودا، دەبینین لە قۆناغە کۆنەکاندا زیاتر سەرنج خراوەتە سەر ژیانی پاڵەوانە مێژووییەکان، بە ئامانجی مەزنکردنی ئەوان یان پێشکەشکردنی نموونەیەکی باڵا بۆ کۆمەڵگە. بەڵام لەگەڵ گۆڕانی تێڕوانینی مرۆڤ بۆ خۆی و سەرهەڵدانی مۆدێرنەتە، ئەدەبی بایۆگرافی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەردا هات. ئێستا نەک تەنیا سەرکردەکان، بەڵکو ژیانی مرۆڤە ئاساییەکانیش، تەنانەت ئەوانەی لە پەراوێزی مێژووش بوون، دەبنە مژاری سەرەکی ئەم ئەدەبە. شیکاریی دەروونیی مۆدێرن کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەم پەرەسەندنە هەبوو، بەشێوەیەک کە بایۆگرافینووسی نوێ زیاتر دەگەڕێت بەدوای تەمەنی منداڵی، گرێ دەروونییەکان، شکستەکان و لایەنە لاوازەکانی کارەکتەرەکەدا، نەک تەنیا سەرکووتنە درەوشاوەکانی، ئەمەش وادەکات وێنەیەکی ڕاستەقینەتر و مرۆییتر لە کەسایەتییەکە پیشانبدرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، پێویستە ئاماژە بە جیاوازی نێوان دوو شێوازی سەرەکی ئەم ئەدەبە بکەین، کە بریتیین لە ئۆتۆبایۆگرافی و بایۆگرافی. لە شێوازی یەکەمدا، نووسەر کەسێکی دەرەکییە و لێکۆڵینەوە لە ژیانی کەسێکی دیکە دەکات، ئەمەش دەرفەتی زیاتری پێ دەدات بۆ ئەوەی بێلایەن بێت و لە گۆشەنیگای جیاوازەوە سەیری ڕووداوەکان بکات. بەڵام لە ژیاننامەییدا (بایۆگرافی) ، نووسەر خۆی پاڵەوانی چیرۆکەکەیە و پەردە لەسەر نهێنییەکانی ژیانی خۆی لا دەدات. ژیاننامە بەوە تایبەتمەندە کە هەستێکی قووڵتر لە ڕاستگۆیی و نزیکی دەبەخشێتە خوێنەر، چونکە هیچ کەسێک ناتوانێت وەک خودی مرۆڤەکە، لە هەستە ناوەکی و ئازارە تایبەتییەکانی تێبگات، هەرچەندە ئەو مەترسییەش هەیە کە نووسەر لەژێر کاریگەریی سۆزدا لایەنداری بۆ خۆی بکات یان هەندێک ڕاستی بشارێتەوە .لە ڕوانگەی کولتووری و نەتەوەییەوە، ئەدەبی بایۆگرافی گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە، بۆ پاراستنی ناسنامە و یادەوەریی بەکۆمەڵ. بۆ ئەو نەتەوانەی کە بە قۆناغی سەختدا تێپەڕیوون یان ڕووبەڕووی مەترسی سڕینەوە بوونەتەوە، نووسینەوەی ژیانی ڕووناكبیران، تێکۆشەران و داهێنەرانیان دەبێتە بەشێک لە پرۆسەی بنیاتنانی مێژووی نەتەوەیی.
کاتێک ژیاننامەی شاعیرێکی نیشتمانی یان بیرمەندێک دەنووسرێتەوە، لە ڕاستیدا تەنیا مێژووی تاکەکەسێک نانووسرێتەوە، بەڵکو مێژووی قۆناغێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی تەواو کۆمەک دەکرێت و دەپارێزرێت. ئەم بەرهەمانە دەبنە ئیلهامبەخش بۆ نەوەکانی داهاتوو تابزانن لەسەر چ زەمینەیەک وەستاون و پێشینانیان لەژێر چ فەرهەنگ و بارودۆخێکدا داهێنانیان کردوو .دەکرێت بڵێین ئەدەبی بایۆگرافی یەکێکە لە دەوڵەمەندترین شێوازەکانی دەربڕینی مرۆڤە، کە تێیدا ڕاستی مێژوویی بە چێژی ئەدەبی دەگێڕێتەوە. گرنگی ئەم ئەدەبە لەوەدایە کە ڕێگە نادات مردن کۆتایی بە کاریگەریی مرۆڤە مەزنەکان یان ئەزموونە دەوڵەمەندەکان بهێنێت، بەڵکو ژیانی ئەوان لەناو لاپەڕەی کتێبەکاندا بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.
خوێندنەوەی بایۆگرافی گەشتکردنە بەناو کات و شوێندا، و تێگەیشتنە لەوەی کە چۆن تاکەکان دەتوانن کاریگەری لەسەر ڕەوتی مێژوو دابنێن، یان چۆن مێژوو دەبێتە هەوێنی تاقیکردنەوەی ئیرادەی مرۆڤ .ڕووخسار و دەمامکی ژیاننامە بەپێی هەمەجۆریی ئەو کەسانەی دەیاننووسن و جیاوازی ئەزموونەکانیان دەگۆڕێت، بەڵام ئەوەی لەسەری کۆکن ئەوەیە، کە ژیاننامە گێڕانەوەیەکە بیرەوەرییەکانی ئێستا و داهاتوو دەگێڕێتەوە، کە بابەتی ژیاننامەکە بە چیدا تێپەڕیوە و لە ڕووی ئەزموون و تێبینی و بارودۆخەکانەوە، لە منداڵییەوە دەست پێ دەکات.
ژیاننامەی ئەدەبیی ژانرێکی گرنگی گێڕانەوەیە، کە ڕاستگۆیی تووخمە جەوهەرییەکەیەتی بۆ سەرکەوتنی لە کاریگەریکردن لەسەر خوێنەر. ئەم ڕاستییە دەبێتە هۆی ئاشکرابوونی ڕاستییەکان و متمانە پێیان پەروەردە دەکات. ئەدەبی بایۆگرافی کاتێک دەگۆڕێت بۆ ئۆتۆبایۆگرافی، گەورەترین و فەرمیترین دەرفەت دەداتە نووسەر، کە خۆی وەک کارەکتەرێکی ڕاستەقینە و زیندوو لەناو مێژوودا تۆمار بکات، خوێنەریش بەو مەرجە ڕاستەقینەیەوە وەریدەگرێت. ئەم پەیوەندییە تایبەتەی نێوان نووسەر و خوێنەر لەسەر بنەمایەک دروست دەبێت، کە لە ئەدەبدا پێی دەگوترێت “پەیمانی ژیاننامەیی”، واتە ڕێککەوتنێکی دەروونیی ناڕاستەوخۆ هەیە، کە نووسەر لێرەدا ڕاستی دەڵێت و درۆ لەگەڵ خوێنەردا ناکات، خوێنەریش بەو متمانەیەوە دەقەکە دەخوێنێتەوە.
ئەگەر بە قووڵی سەیری ئەم هاوکێشەیە بکەین، ئەم پرۆسەیە هێندەش سادەنییە و ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەروونی و هونەری دەبێتەوە. کاتێک نووسەر خۆی دەنووسێتەوە، هەمیشە ململانێیەک لەنێوان “خۆدەرخستنی ڕاستەقینە” و “پاراستنی وێنەی خۆی لە کۆمەڵگەدا” دروست دەبێت. مرۆڤ بە سرووشتی خۆی حەز دەکات لایەنە گەش و سەرکەوتووەکانی پیشان بدات، کەمتر ئامادەیە شکستە قووڵەکان، هەڵە ئەخلاقییەکان یان گرێ دەروونییەکانی ئاشکرابکات. لێرەدا ڕاستگۆیی نووسەر دەبێتە پێوەری سەرەکی، بۆ ئەوەی خوێنەر چۆن قبوڵی دەکات. ئەگەر نووسەر بوێریی ئەوەی هەبێت بێ پەردە و بەبێ پیرۆزکردنی خۆی بپەیڤێت، خوێنەر زیاتر وەک کارەکتەرێکی ڕاستەقینەی مرۆیی قەبووڵی دەکات.

ئاستەنگێکی دیکەی بەردەم ئەم ڕاستەقینەییەی نووسەر، سرووشتی یادەوەرییە. کاتێک نووسەرێک لە تەمەنی پەنجا یان شەست ساڵیدا باسی منداڵی یان گەنجی خۆی دەکات، ئەو ڕووداوانە وەک خۆیان ناگێڕێتەوە، بەڵکو لە ڕێگەی فلتەری کات، ئەزموون و بیرکردنەوەی ئێستایەوە سەیری ڕابردوو دەکات.
لە ڕاستیدا یادەوەریی مرۆڤ زۆرجار ڕووداوەکان دەستکاری دەکات یان بەشێکی بیردەچێتەوە. بۆیە کاتێک خوێنەر نووسەر وەک کارەکتەرێکی ڕاستەقینە قەبووڵ دەکات، مەرج نییە بڕوای وابێت هەموو دێڕێک هاوتایەکی سەت لە سەتی ڕاستی مێژووییە، بەڵکو بڕوای بەو ڕاستگۆییە سۆزداری و دەروونییەوە هەیە کە نووسەرەکە پێشکەشی دەکات .پرۆسەی نووسینەوەی خود، خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە ئاواتەکردن یان دروستکردنی کارەکتەر. کاتێک ژیان دەگۆڕێت بۆ وشە و ڕستە لەسەر کاغەز، ڕووداوە پەرشوبڵاوەکانی ژیانی ڕۆژانە ڕێکدەخرێن و دەخرێنە ناو چوارچێوەیەکی لۆژیکی و دراماتیکییەوە، ئەمە وادەکات لە ڕاستەقینەترین بایۆگرافیشدا، تۆزێک لە تەکنیکی چیرۆکنووسین ئامادەیی هەبێت.
خوێنەری هۆشیار ئەم جیاوازییە دەزانێت، ئەو نووسەر وەک کارەکتەرێکی ڕاستەقینەی مێژوویی قەبووڵ دەکات، کە خاوەن گۆشت و خوێنە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەزانێت ئەمە وێنەیەکە، کە نووسەرەکە بە تێڕوانین و قەڵەمی خۆی کێشاویەتی. ئەم ئاوێتەبوونە لەنێوان ڕاستی مێژوویی و داڕشتنی ئەدەبیدا، جوانی و سەرنجڕاکێشیی تایبەت بە ئەدەبی بایۆگرافی دەخوڵقێنێت .
ئەدەبی بایۆگرافی بەتایبەتی لە شێوازی ئۆتۆبایۆگرافیدا، ڕێک لەسەر ئەو هێڵە باریک و لێڵە ڕێ دەکات، کە لە نێوان خۆنووسین و خۆسڕینەوەدایە. ئەم دوو چەمکە وەک دوو جەمسەری دژبەیەک دەردەکەون، بەڵام لە ڕاستیدا لەناو یەک پرۆسەی داهێنەرانەدا یەکدەگرن. نووسەر کاتێک قەڵەم هەڵدەگرێت بۆ نووسینەوەی ژیانی خۆی، لە یەک کاتدا هەم خەریکی بنیاتنان و چەسپاندنی بوونی خۆیەتی، هەم خەریکی سڕینەوە و شاردنەوەی بەشێکی دیکەی ئەو بوونەیەتی .لێرەدا دەتوانین بزانین ئەم ئەدەبە چۆن لەنێوان ئەم دوو چەمکەدا مامەڵە دەکات، یەکەمیان ڕزگارکردنی ناسنامەی خۆنووسینەوەیە لە بەرانبەر خۆسڕینەوەدا و هەروەها ڕزگار بوونیەتی لەدەست ناڕاستی و دەرخستنی تواناکانی نووسینی هەقیقەت و بێ شەرمانە لە رابردوودا، لەو کاتەدا نووسەر دەیەوێت ناسنامەی خۆی لە دەستی مەرگ و لەبیرچوونەوەی مێژوویی ڕزگار بکات و وەک دەقێکی نەمر ئەدەبی بایۆگرافی پێشکەش دەکات، چونکە خۆنووسینەوە پرۆسەیەکە تێیدا نووسەر سەرلەنوێ تەلارسازی بۆ ژیانی دەکاتەوە، مانا بە شکست و سەرکوتنەکانی دەبەخشێت و پەیوەندی لەنێوان هۆکار و دەرئەنجامەکاندا دروست دەکات.
نووسەر لە ڕێگەی زمانەوە، دەبێتە پاڵەوانی چیرۆکی خۆی، ئەو شێوازەی خۆی پێدەناسێنێت، دەبێتە ئەو ناسنامە فەرمییەی کە دەیەوێت نەوەکانی داهاتوو بەو شێوەیە بیناسن. بەڵام کایەی خۆسڕینەوە، واتە فلتەرکردنی ڕاستییەکان لەژێر گوشاری زمان و کۆمەڵگەدا، کە ئەوەیان بە دڵنیاییەوە ترس دروستی دەکات لەسەر بیرکردنەوەی نووسەر و ئەوکاتە لە نووسینی بایۆگرافی ڕاستەقینە دوور دەکەوێتەوە و شەرمنانە دەینووسێتەوەو چێژی ڕاستی لەدەست دەدات. تەنانەت ئەگەر نووسەر بەڵێنی ڕاستگۆیی تەواویش بدات، خۆسڕینەوە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و هۆشیارانە یان ناهۆشیارانە ڕوودەدات. ئەم خۆسڕینەوەیە لەچەند ڕەهەندێکەوە ڕوودەدات، سڕینەوەی ئیرادە یان شاردنەوە، بەهۆی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان، ئایینییەکان، سیاسییەکان یان تەنانەت شەرمی دەروونییەوە هزر و دەروونیی نووسەر داگیر دەکەن.
زۆرجار لایەنە تاریکەکان، لاوازییە ئەخلاقییەکان یان شکستە شەرمهێنەرەکانی خۆی دەسڕێتەوە یان تەمومژاوییان دەکات. لێرەدا نووسینەوەی بەشێک لە ژیان، بەواتای سڕینەوەی بەشەکەی دیکە دێت. لەم حاڵەتەدا نووسەر زمانی سنووردارە و ناتوانێت هەموو ڕاستییە دەروونییەکە وەک خۆی بگوازێتەوە. چونکە زمان وەک فلتەرێک کار دەکات، ڕووداوە ڕاستەقینە دەسڕێتەوە و وێنەیەکی ساختەی ئەدەبی جوانکراو لە شوێنی ڕاستی دەداتە خوێنەر. کورت و پوخت، ئەدەبی بایۆگرافی شوێنی ململانێیەکی تووندە لەنێوان ئاشکراکردن و شاردنەوەدا، نووسەر لەم پرۆسەیەدا وەک پەیکەرتاشێکە، یان خۆنووسین دروست دەکات، یان ناچارە خۆسڕینەوە بتاشێت.