ڕائیب جادر – هەولێر
حکوومەتی ھەرێم لە ڕێگەی دوو ماستەرپلانی گەورەوە، دوو شاری گەشتیاریی مۆدێرن لە چیای زاوا و پشت بەنداوی دھۆک دروست دەکات. لەلایەکی دیکەوە پارکێکی گەورەی گەشتیاری لە شەقڵاوە دروست دەکرێت، ئامانج لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری زیاتر و دروستکردنی ھەلی کارە.
دوو شاری گەشتیاری مۆدێرن دروست دەکرێن
د. ھەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی پارێزگای دھۆک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: یەکێک لە ماستەرپلانەکان تایبەتە بە چیای زاوا و ئەوی دیکەیان بۆ پشت بەنداوی دھۆک دانراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی پارێزگای دھۆک، گوتیشی: ئەم پڕۆژانە لای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی مەسرور بارزانی، زۆر گرنگن، ئامانج لێیان پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری، دۆزینەوەی سەرچاوەی داھاتی نوێ و ڕاکێشانی گەشتیاری بیانییە بۆ ھەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە شێوازی پڕۆژەکان، ناوبراو ڕوونیکردەوە، پێشتر پڕۆژەی گەشتیاری بە شێوەی پچڕپچڕ و جیاواز پێشکەش دەکران و تەنیا لە یەک ماستەرپلاندا نەبوون، بەڵام ئێستا ئەم دوو پڕۆژەیە تەواوکارین و وەک شارێکی گەشتیاری دەبن.
د. ھەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی پارێزگای دھۆک، پێشبینی دەکات، لە ماوەی ٣ بۆ ٦ ساڵدا ھەموو بەشەکانی ئەم پڕۆژانە بە تەواوی دروست بکرێن و بکەونە کار.
لەبارەی پڕۆژەی پشت بەنداوی دھۆک، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی پارێزگای دھۆک، دەشڵێ: لە لایەن حکوومەتەوە و لەسەر بودجەی پارێزگای دھۆک، سەرەتا کۆڕنیشێک لە پشت بەنداوەکە دروست دەکرێت، دوای تەواوبوونی کۆڕنیشەکە، بەپێی ماستەرپلانەکە دەست دەکەین بە ڕاگەیاندنی پڕۆژە وەبەرھێنانییەکان، تاوەکو وەبەرھێنەران بێن و ھەر یەکەیان بەشێکی پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن.
ئەم شارە گەشتیارییانە چێشتخانە، کافێتریای مۆدێرن، براندە جیھانییەکان، مۆتێل و شوێنی کات بەسەربردن و حەوانەوە لەخۆ دەگرن، کە دەبنە ھۆی ڕەخساندنی ژمارەیەکی زۆر ھەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.
گەورەترین پارکی گەشتیاری لە شەقڵاوە دروست دەکرێت
ڕێکان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە، ڕایگەیاند، دەست بە دروستکردنی گەورەترین پارک بە ناوی سۆرک لەسەر ئاستی شارۆچکەکە کراوە، ئەم پڕۆژەیە شەقڵاوە دەباتە قۆناخێکی دیکەی گەشتوگوزار.
سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە، گوتیشی: ڕووبەری گشتیی پڕۆژەکە نزیکەی ٤٠ دۆنم زەوییە، لە قۆناخی یەکەمیشدا لەسەر ڕووبەری ١٨ دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت، بڕیاریشە لە ماوەی دوو مانگدا ئەم قۆناخە تەواو ببێت.
سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە، ڕوونیکردەوە، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە گرنگییەکی زۆری بۆ کەرتی گەشتوگوزار دەبێت و ڕێژەی سەوزایی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
ھاوکات باسی لەوە کرد، پڕۆژەکە بۆ سنوورەکە زۆر گرنگە و لە داھاتووشدا فراوانتر دەکرێت، بە جۆرێک شوێنی سەدان خێزانی تێدا دەبێتەوە و دەبێتە شوێنێکی دڵگیر.
ڕێکان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە، ئاشکراشی کرد: شەقڵاوە شارۆچکەیەکی گەشتیاریی بەناوبانگە، پێشتر گەشتیاران زیاتر سەردانی ناو بازاڕیان دەکرد، بەڵام لەمەودوا گەشتیاران و خەڵکی ناوچەکەش دەتوانن ڕوو لەو پارکە بکەن بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، بەمەش دانیشتووانی شارۆچکەکە دەتوانن زیاتر سوود لە ھاتنی گەشتیاران وەربگرن.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا گرنگییەکی زۆری بە کەرتی گەشتوگوزار و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی داوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی تایبەتمەندیی گەشتیارییان ھەیە.
شەقڵاوە بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافی و کەشوھەوا فێنکەکەی لە وەرزی ھاویندا، لە مێژە یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییە ھەرە دیارەکانی پارێزگای ھەولێر و عێراق، ساڵانە پێشوازی لە سەدان ھەزار گەشتیاری ناوخۆیی و ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکات.

