كارزان گلی – ههولێر
پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، دوای بڕیاری دادگای تیاهەڵچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی كۆنگرەی ٣٨ی ئەو پارتە، بوونەتە دوو لەت، تا دێت ئەو پارتە لەڕووی جەماوەرییەوە بەرەو لاوازی دەچێت. بەشێك لە نووسەران پێیانوایە ئەوەی بەسەر ئەو پارتە دێت هەڵەی خۆیەتی، نەك دەسەڵات تۆمەتبار بكەن.
دوای ئەوەی لە ٢٠٢٣، كۆنگرەی جەهەپە ئەنجامدرا و ئۆزگوور ئۆزەل، وەكوو سەرۆكی پارت هاتە شوێنی كەمال كلیچدارئۆغڵو، چەند ئەندامێكی كۆنگرەی سەر بە كلیچدارئۆغڵو، داوای یاساییان تۆمار كرد و گوتیان ساختەكاری كراوە.
دوای سێ ساڵ، دادگا بڕیاریدا كۆنگرە هەڵوەشێتەوە و كلیچدارئۆغڵو بووەوە بە سەرۆك و ئۆزگوور ئۆزەلیش وەكوو سەرۆكی پارت نەما و بووە ئەندامێكی ئاسایی ئەو پارتە.
ئەوانەی سەر بە ئۆزەلن، دەڵێن پارتی دەسەڵات هۆكاری ئەو لەتبوونەی جەهەپەیە، چ. ونكە دادگا بێلایەن نییە و لەسەر داوای پارتی دەسەڵات كە ئاكەپەیە، كۆنگرەی ٣٨ هەڵوەشاوەتەوە، تا كلیچدارئۆغڵو ببێتەوە بە سەرۆكی پارت، چوونكە ئەگەر ئۆزەل سەرۆك بێت، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سەركەوتنێكی گەورە تۆمار دەكات.
بەڵام بۆچوونی بەشێك لە نووسەران جیاوازە و دەڵێن، ئەوەی بەسەر جەهەپە هاتووە خۆی بەرپرسیارە و هەڵەكە لە خۆیانە، نەك دەسەڵات.
فاتیج ئاڵتایلی، نووسەری دیاری توركیا و لە هەمان كاتدا رۆژنامەنووسی دیاری ئۆپۆزسیۆنە، پێیوایە ئەوەی داوای یاسایی تۆمار كردووە و گوتویەتی ساختەكاری لە كۆنگرەدا كراوە، ئاكەپە نییە، بەڵكوو جەهەپە خۆیەتی و چەند كەسێكی سەر بە كلیچدارئۆغڵون.
ئەو نووسەرە باس لەوە دەكات، راستە لە توركیا دادگا بێلایەن نییە، بەڵام دەبێت بۆ خودا قسە بكەین، جەهەپە خۆی داوای یاسایی لەسەر ساختەكاریی كۆنگرە كردووە، نەك ئاكەپە.
جیا لە فاتیحیش، چەند نووسەرێكی تریش هەمان بۆچوونیان هەیە، ئەوان كلیچدارئۆغڵو تۆمەتبار دەكەن و دەڵێن ئەو هۆكارە سەرەكییەكەیە، چوونكە كورسی سەرۆكی جەهەپە لە مێشكی داوە و نایەوێت چۆڵی بكات تا مردن، بۆیە لای ئاساییە جەهەپە پەرت بێت.
ئاڵتایلیش، رەخنەی تووند لە كلیچدارئۆغڵو دەگرێت و دەڵێت ئەگەر ئەو بیگوتایە نابمەوە سەرۆكی جەهەپە، ئەوكات قەیوم لەسەر جەهەپە دادەنرا و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا دەچوونە ناو كۆنگرە و كەسێك دەبووە سەرۆك، بەئەگەرێكی زۆریش ئۆزەل دەبووەوە بە سەرۆكی جەهەپە، بەڵام كلیچدارئۆغڵو، بۆیە بووەوە بە سەرۆكی جەهەپە، تا هەموو ئەو كەسانە لە جەهەپە دەربكات كە نەیاری ئەون.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لەبارەی جەهەپەوە هاتە دەنگ و دەڵێت، ئەو پارتە شایەنی ئەوە نین وڵاتیان بدەیتە دەست، ئەوەتا لەسەر كورسی سەرۆكی حیزب شەڕیانە، جا چۆن ئەمانە ئاییندەی وڵاتیان دەدرێتە دەست؟
دووپاتیشی كردەوە، وەكوو ئاكەپە و حكوومەت هیچ پەیوەندییەكیان بە بڕیاری دادگا نییە بۆ هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی جەهەپە، ئەو بڕیارەی دراوە، دوای لێكۆڵینەوە بووە و لەسەر داوای چەند ئەندامێكی كۆنگرەی جەهەپە بووە.
جەهەپە بووە بە دوو بەش، بەشێكیان لەگەڵ ئۆزەلن و داوای لێدەكەن پارتێكی تازە دروست بكات، بەشەكەی تریش لەگەڵ كلیچدارئۆغڵون، بەڵام زۆرینە لەگەڵ ئۆزەلن.
ئەوەی لەناو جەهەپە روو دەدات، لە بەرژەوەندی ئاكەپەیە، چوونكە لەتبوونی ئەو پارتە، بەو واتایە دێت دەنگەكانیشیان لەت دەبێت، بۆیە ئەمە لە بەرژەوەندی ئاكەپەیە.

