رۆژنامەی ھەولێر

چەککردنی گرووپە میلیشیاکان ئاڵنگاریی گەورەی حکوومەتەکەی زەیدین

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئاڵنگارییەکی گەورە لە بەردەم حکوومەتی عەلی زەیدییە لە کابینەکانی پێشوو هیچ کامیان نەیانتوانیوە بەسەر ئەو ئاڵنگاریەدا زاڵ ببن و ئەو چاوەڕوانییە لە حکوومەتی زەیدی هەیە بە پراکتیک هەنگاوی رژدی بۆ بنێت. ئاڵنگارییەکە بریتییە لە چەککردنی سەرجەم ئەو هێزانەی کە لە دەرەوەی سوپا و هێزە فەرمییەکانن و فەرمان لە دەرەوە وەردەگرن و فڕیان بە پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی عێراقەوە نییە.

ئەو هێزانە کە بە گرووپە چەکدارییەکانی حەشدی شەعبی ناسراون لانی کەم چل گرووپی جیاواز لەخۆ دەگرن کە ژمارەیەکیان هیچ جۆرە حسابێک بۆ حکوومەت و دامەزراوە فەرمییەکان ناکەن و هەژموونیان بەسەر ژمارەیەک لە دام و دەزگا هەستیارەکانی حکوومەتەوە هەیە و خاوەنی چەکی پێشکەوتوو و پارە و سامانن.
یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانی خەڵکی عێراق و لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا ئەوەیە عێراق لە هێزە میلیشیاکان پاک بکرێتەوە، یەکێک لە پلانە هەرە سەرەکییەکانی کابینەی عەلی زەیدی پەیوەندی بەو پرسەوە هەیە هەر چەندە تا ئێستا بە کردەوە هیچ هەنگاوێکی نەناوە.
رۆژی دووشەممە حەیدەر عەبوودی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق رای گەیاند، دوایین وادە بۆ چەكدانانی میلیشیاكان دیاری كراوە و ئەگەر تا ٣٠ی ئەیلوول چەك دانەنێن، ئەوا بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
٣٠ ئەیلوول هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی مانەوەی هێزە هاوپەیمانەکان لە عێراق و وا دیارە کۆتاییهاتنی هەر دوو هێزی ئەمریکی و میلیشیاکان بە یەکتر گرێ دراون.
پێشتر میلیشیاکانی عێراق بە فەرمی ئەوەیان راگەیاندبوو کە مانەوەیان و چەک دانانیان پەیوەندی بە مانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق هەیە و تا ئەو کاتەی سەربازێکی ئەمریکی لە عێراق مابێت ئەوا ئەوانیش چەکەکانیان دانانێن.
لەوانەیە هێزەکانی ئەمریکا لە دوای ٣٠ ئەیلوولی ئەمساڵ لە عێراق بکشێنەوە بەڵام زەحمەتە راوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا بەمزووانە عێراق بەجێبهێڵن چونکە لە لایەک هێشتا داعش مەترسییەکانی نەڕەویوەتەوە و لە لایەکی دیکە هێزەکانی عێراق پێویستییان بە راهێنانی سەربازیی زیاتر هەیە و بە پێی ریککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا کاتێکی دیاریکراو بۆکۆتاییهاتنی ئەو هێزانە لە ئارادا نییە.
لەوانەیە هێزە میلیشیاکان ئەم پرسە بکەن بە بیانووی مانەوەی خۆیان و داواکای حکوومەتی عێراق لەبارەی چەکدانان جێبەجێ نەکەن.
حکوومەتی عێراق تا ئەم ساتە لە پرسی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی رژد بووە و بە کردەوە دەیان بەرپرسی باڵای گرتووە و رادەستی دادگای کردوون بەڵام دیار نییە لە کۆتاییهێنان بە هێزە میلیشیاکان تا چەند سەرکەوتوو دەبێت.
کێشەی حکوومەتی زەیدی ئەوەیە بە پاڵپشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دامەزراوە و ئەو چوارچێوەیەش دەیان پەرلەمانتار لەخۆ دەگرێت کە لە گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبین و ئەگەر زەیدی بخوازێت رووبەڕووی ئەو گرووپانە ببێتەوە ئەوا چاوەڕوان دەکرێت ئەوانیش لە پەرلەمان هەڵوێست وەربگرن و کێشە بۆ کابینەی زەیدی بهێننە کایەوە.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو زەیدی سەردانی ئەمریکا بکات و بۆ یەکەم جارلەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆ ببێتەوە. زەیدی پێش ئەو گەشتەی دەیەوێت بە دەستێکی پڕ سەردانی ئەمریکا بکات و بیسەلمێنێت پرسی رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و کۆتاییهێنان بە میلیشیاکان بەشێکی دانەبڕاوە لە کارنامەی حکوومەتەکەی و لەم رێگایەوە دەیەوێت سەرنجی زیاتری پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ لای خۆی رابکێشێت.
عێراق بۆ ئەوەی لە رووی ئابوورییەوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و پارەی نەوتەکەی بەدەست بگات پێویستی بەوە هەیە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکادا بکات و بەشێکی بەرچاو لە داواکارییەکانی ئەمریکا بە تایبەتی پرسی سزاکانی سەر ئێران و رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و جڵەوکردنی هێزە میلیشیاکان جێبەجێ بکات.