میدیا سەڵاح عوسمان جاف
مرۆڤایەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا پێی ناوەتە سەردەمێکەوە، کە تێیدا سنوورەکانی نێوان خەیاڵ و ڕاستی تێکەڵ بوونە. ژیریی دەستکرد (AI) ئەو تەکنەلۆژیایە بوو کە بڕیار بوو ببێتە ئامرازێک بۆ خزمەتکردن و ئاسانکاریی ژیانی مرۆڤ، بەڵام ئێستاکە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توند و ڕەخنەیی دەبێتەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، تۆمەتبارەکە خودی تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکوو ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگەیە لە شێوازی بەکارهێنانیدا.
کۆمەڵگە لەبری ئەوەی ژیریی دەستکرد وەک هێزێکی یارمەتیدەر بۆ پەرەپێدانی داهێنان و
بیرکردنەوە بەکاربهێنێت، بەرەو جۆرێک لە (خۆبەدەستەوەدانی کوێرانە) هەنگاو دەنێت؛ لە نووسینی وتارێکی سادەوە تا دەگاتە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی پیشەیی، مرۆڤ توانای
خۆی ڕادەستی کۆدەکان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی تەمەڵی مێشک و سستبوونی هێزی ڕەخنەگرتنی ڕەسەن.
ژیریی دەستکرد (AI) درێژەپێدەری شۆڕشی تەکنەلۆژیا و میدیایی نوێیە. ئەم تەکنەلۆژیایە لە زۆر بواردا کاری مرۆڤی ئاسان کردووە و کاتی زۆری بۆ گەڕاندووەتەوە، بەڵام وەک هەر تەکنەلۆژیایەکی دیکە سوود و زیانی هەیە (تەکنەلۆژیا ئامرازە، بەڵام
بڕیار هەمیشە هی مرۆڤە). خێرایی بڵاوبوونەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە وای کردووە کە هێشتا بەکارهێنەرانی بەبێ ناسینی تەواو مامەڵەی لەگەڵ بکەن، ئەمەش جۆرە کەشێکی دەروونی-کۆمەڵایەتیی دروست کردووە و ڕەنگی داوەتەوە. بەهۆی دەستکاریکردنی نادروستی وێنە و ڤیدیۆکان، جۆرە گێژاوێکی دەروونی لە شێوازی بەکارهێنانیدا دروست بووە.
زۆرجار ئێمە نەک تەنیا فێری بەکارهێنانی دروستی ئەم تەکنەلۆژیایە نابین، بەڵکوو
هانی کەسانی دیکەش دەدەین بە شێوەی نادروست سوودی لێ وەربگرن.
لە ئێستادا هەندێک ناوەڕۆکی ناشیاو و قێزەون بە ئاسانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە بێ ئەوەی هیچ سانسۆرێک یان سنووردارکردنێکی گونجاوی لەسەر بێت، لە کاتێکدا منداڵان و هەرزەکارانیش دەتوانن بە ئاسانی بیبینن. ئەم دیاردەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر هۆشیاریی کۆمەڵگە و ئایندەی نەوەکانمان دادەنێت. لە لایەکی دیکەوە، هەڵەیە ئەگەر هەموو ئەو دیاردە نەرێنییانەی ڕوودەدەن بخرێنە ئەستۆی ژیریی دەستکرد (AI)؛ چونکە AI ئامێرێکە و بڕیار نادات، ئەوە مرۆڤە کە چۆن و بۆچی بەکاری دەهێنێت.
هەروەک چۆن چەقۆ دەتوانێت هەم سوودی هەبێت و هەم زیان، ژیریی دەستکردیش ئامرازێکە
کە شێوازی بەکارهێنانی لە لایەن مرۆڤەوە دیاری دەکرێت. ئەگەر کەسێک ناوەڕۆکێکی ناشیاو دروست بکات، بەرپرسیارێتییەکە لەسەر ئەو کەسەیە نەک تەکنەلۆژیاکە.
ئەوەی پێویستە لە هەرێمی کوردستان و جیهاندا زیاتر گرنگیی پێ بدرێت، بەرزکردنەوەی
هۆشیاریی دیجیتاڵی، فێرکردنی نەوەکان و دانانی یاسا و ڕێسای گونجاوە بۆ بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە، تاوەکوو ژیریی دەستکرد ببێتە ئامرازێک بۆ پێشکەوتن نەک هۆکارێک
بۆ دروستکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی. ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە بەرنامە و وانەی فێرکاری هەیە بۆ شێوازی دروستی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد، کە لە قوتابخانە، زانکۆ، ناوەندەکانی خوێندن و کتێبخانەکاندا دابین بکرێن. ئەگەر نەوەی داهاتوو فێری سوودوەرگرتنی دروست نەبن، ئەوا مەترسییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە زیاتر لە سوودەکانی دەردەکەون.
هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە کێشەکە تەنیا بە فێرکاری چارەسەر نابێت، چونکە بەکارهێنانی نادروستی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاو بووەتەوە. ئەگەر بەم ئاراستەیە بەردەوام بێت، ئەوا پێویستە لە کاریگەرییەکانی لەسەر ئایندەی کۆمەڵگە
بترسین؛ چونکە ئەمڕۆ هەرچۆنێک مامەڵە لەگەڵ تەکنەلۆژیا بکەین، هەمان مامەڵە دەبێتە بناغە بۆ ئایندەی نەوەکانی داهاتوو.
پەردەیەک بۆ شاردنەوەی تاوان لە ئێستادا ڕۆژانە ناوبانگی دەیان مرۆڤی بێتاوان بەهۆی وێنەی دەستکردەوە لەکەدار دەکرێت و دەخرێنە ژێر گوشارێکی دەروونیی قورسەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە هێشتا هۆشیاریی پێویستی نییە بۆ جیاکردنەوەی ڕاستی لە ساختەکاری و پێش لێکۆڵینەوەش بڕیاری خێرا دەدات.
لە دیوێکی دیکەوە، ئەم هاوکێشە دەروونییە مەترسیدارە؛ ژیریی دەستکرد (AI) ئێستاکە بووەتە باشترین بیانوو بۆ ئەو کەسانەی کە بەڕاستی کارێکی نەشیاو یان قێزەون دەکەن. هەر کاتێک ڕووی ڕاستەقینەی تۆمەتبارێک لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاشکرا دەبێت، خێرا پەنا دەباتە بەر لۆمەکردنی تەکنەلۆژیا و بە دەنگێکی بەرز دەڵێت: “ئەوە من نیم، ئەوە ژیریی دەستکرد دروستی کردووە”، بەمەش دەیەوێت ناو و ناوبانگی نەشێوێت و ڕاستییەکان پەردەپۆش بکات.
لێرەدا تەکنەلۆژیا دەکرێتە قوربانی تا مرۆڤە تۆمەتبارەکان لە سزا و ڕەخنەی کۆمەڵگە بپارێزرێن، ئەمەش جۆرێک لە بێمتمانەییی گشتی دروست دەکات کە تێیدا نە بێتاوان دەتوانێت بێتاوانیی خۆی بسەلمێنێت و نە تاوانباریش ڕووبەڕووی سزا ببێتەوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ناتوانرێت لایەنە ئەرێنییەکەی فەرامۆش بکرێت. ژیریی دەستکرد
وەک چەکێکی دووسەرە وایە (نەیبڕیت، دەتبڕێت)؛ ئەگەر کۆمەڵگە بە هۆشیارییەوە ئاراستەی پێشکەوتنی ئەم تەکنەلۆژیایە بکات، ئەوا مرۆڤەکان دەتوانن بۆ بەدیهێنانی کاری سەرنجڕاکێش و ناوازە بەکاری بهێنن.
لە ڕووی زانستییەوە، ژیریی دەستکرد (AI) دەتوانێت ئاڵۆزترین تاقیکردنەوە پزیشکییەکان شیکار بکات و ببێتە دەروازەیەک بۆ فێربوونی بێبەرامبەر. لە ڕووی هونەری و داهێنانیشەوە، دەتوانێت باشترین فۆتۆگرافیی سینەمایی و دیزاینی پێشکەوتوومان پێشکەش بکات؛ لێرەدا کۆمەڵگە دەتوانێت ئاستی هۆشیاری و لێهاتوویی خۆی پێش بخات و سوودی لێ وەربگرێت.
بۆ ڕزگاربوون لەم گێژاوە، پێویستە دادگاکان و لایەنە ئەمنییەکان سیستمی پشکنینی پێشکەوتووی دیجیتاڵی بەکاربهێنن؛ هەرکەسێک ناوبانگی بێتاوانێک بە وێنەی ساختە بشێوێنێت یان هەر کارێکی ناشیاوی دیکە بکات و بیخاتە ئەستۆی ژیریی دەستکرد، پێویستە بە توندترین شێوە سزا بدرێت بۆ ئەوەی ببێتە پەند بۆ تەواوی کۆمەڵگە.
ژیریی دەستکرد وەک ئاگر وایە؛ دەکرێت پێی گەرم ببینەوە و خواردنی پێ دروست بکەین، دەشکرێت ماڵ و کۆمەڵگەکەتی پێ بسووتێنیت.

