فەیسەڵ شێخانی
مامۆستا دلێر عەبدوڵا بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەند لە پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: لە ژێر ڕۆشنایی و ڕاسپاردەکانی بەڕێز (مەسرور بارزانی)، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم، بۆ دیجیتاڵکردن و نوێکردنەوەی سیستەمی بەڕێوەبردنی داتا و زانیارییەکانی فەرمانگە حکومییەکان، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی هەولێر هەنگاوێکی گرنگی هەڵگرتووە لە بواری دیجیتاڵکردنی دۆسیەکان.
مامۆستا دلێر گوتیشی: له پەروەردەی ناوەند زیاتر لە ١٧هەزار مامۆستا و فەرمانبەرمان هەیە و ئەو کارەش تەنیا فەرمانبەرەکانم دەیکەن، کە تەنیا وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی هاوکارییان کردین و، ١٢ کۆمپیوتەر و سکانیان بۆما دابین کرد، کە ڕۆژانە فەرمانبەرەکان نزیکەی ٥ سەعات خەریکی بەسیستمکردنی مەلەفەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانن، لە چوارچێوەی لێژنەیەکی تایبەتەوە دەستی پێ کردووە. لە ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا هەنگاوی گرنگ و کاریگەر نراوە و تا ئێستا زیاتر له (5700) دۆسیەی فەرمانبەران و مامۆستایانی قۆناغی ئامادەیی بە سیستەم کراون و زانیارییەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵ تۆمار کراون.
بە پێی پلانە دانراوەکان، لە داهاتوویەکی نزیکدا دۆسیەی هەموو سەرپەرشتیاران، مامۆستایان و فەرمانبەران دیجیتاڵ دەکرێن و هەموو زانیارییەکان بە شێوەیەکی پارێزراو و متمانەپێکراو دەخرێنە ناو سیستەمی (E-Parwarda)ـەوە، کە ئەمەش یارمەتیدەری خێراترکردن، ڕێکخستن و پاراستنی زانیارییە فەرمییەکان دەبێت.
ئەم هەنگاوە بە پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر و هاوکاریی ژمارەیەک لە دەزگا پەیوەندیدارەکان دەستی پێ کردووە. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئەم پرۆژەیە خزمەتگوزارییەکان بۆ سەرپەرشتیاران، مامۆستایان و فەرمانبەران باشتر و خێراتر بکات .

