شۆڕش غەفووری – هەولێر
لە سەردەمێکدا کە فاشن لە ژێر کاریگەریی بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ و گۆڕانی خێرادایە، نەوەیەکی نوێی دیزاینەران هەوڵ دەدەن مانای نوێ بە فاشن ببەخشن. یەکێک لەوانە ئەژین گەردییە، خانمێکی کورد، دایک و دامەزرێنەری براندی (ڕەڤێرا ڕیڤێری – Riviera Reverie)، براندێکی لوکسی جلوبەرگی هاوینە کە بە باوەڕی خودی ئەژین جلوبەرگ تەنها پۆشاک نییە، بەڵکو دەبێت چیرۆک بگێڕێتەوە، هەست دروست بکات و کاریگەریی باش لەسەر جیهان جێبهێڵێت.
ئەم بڕاندە جیهانییە کە لە لایەن خانمێکی کوردی شاری هەولێرەوە داهێنراوە، ئامانجی ئەوەیە ژنان جلوبەرگێک بپۆشن کە تەنها جوان نەبێت، بەڵکو بەهایەک، چیرۆکێک و پەیامێکی لە پشتەوە هەبێت.
لە کڕۆکی بڕاندی (ڕەڤێرا ڕیڤێری) فەلسەفەیەکی تایبەتی هونەری هەیە. لەسەر جلوبەرگەکانی ئەم بڕاندە، لەبری دروستکردنی نەخش و دیزاینی ئاسایی، کارە هونەرییە ڕەسەنەکان دەبنە جلوبەرگ. هەر کۆلێکشنێکی ئەم بڕاندە بە چیرۆکێک، هەستێک یان بیرۆکەیەکی کولتووری دەست پێدەکات و پاشان لە ڕێگەی هونەرەوە دەبێتە بەشێک لە جلوبەرگ.
ئێستا خاتوو ئەژین لەم چەند ڕۆژەی ئایندە کۆڵەکشنێکی نوێ لە بڕاندەکەی دەخاتە بازاڕەوە کە ئیلهامی لە وشە بەهێزەکانی (ژن، ژیان، ئازادی) وەرگرتووە و بە هاوکاریی هونەرمەندانی کورد، ناسنامە، خۆڕاگری، هێزی ژنان و هیوای خستووەتە ناو فاشن و ئەم کۆڵەکشێنە نوێیەیەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە باشەکانی بڕاندەکەی خاتوو ئەژین کە سەرەنجی دونیای ڕاکێشاوە، پابەندبوونە بە بەرهەمهێنانی بەرپرسیارانە. واتە لە پیشەسازییەکدا ماتریاڵێک بەکار هاتووە کە دژی ژینگە نییە، بەڵکوو دۆستی ژینگەیە و ئەمەش لەلایەن ڕێکخراوە جیهانییە ناسراوەکانی وەک (OEKO-TEX) و (Lenzing) پشتڕاست کراوەتەوە.+
لە کۆڵەشنە نوێیەکەی ئەژین گەردی، فەکسەفەی (ژن، ژیان، ئازادی)، بە خەتی بزماری دیزاین کراوە کە تێکەڵەیەکە لە مێژوو، کولتوور و پەیامی ئازادی بە شێوەیەکی هونەری.
ئەم پڕینتە تەنها دیزاینێکی جوان نییە، بەڵکو چیرۆکی ژنێکە کە بە ئارامی و بێ دەنگی شۆڕشێکی تایبەتی خۆی دەگێڕێتەوە؛ شۆڕشێک بۆ گەیشتن بە خەونەکان، ناساندنی خۆی و بەدەستهێنانی ئازادی. هەر هێڵ و نیشانەیەکی ناو ئەم کارە هونەرییە هێمای هێز، خۆڕاگری، هیوا و ئیرادەی ژنانەیە کە بەردەوامن لە دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ خۆیان و کۆمەڵگەکەیان.

