ئەمڕۆ یەكشەممە 2026.6.28، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازییان لە شاندێکی گرووپی دۆستایەتیی کەنەدی – کوردی لە پەرلەمانی کەنەدا کرد،کە پێکهاتبوو لە زیاد ئەبولەتیف، ئەندامی پەرلەمانی کەنەدا لە پارتی پارێزگاران، و ئەحمەد حوسێن، ئەندامی پەرلەمان لە پارتی لیبڕاڵ و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان و وەزیری پێشووتری هەردوو وەزارەتی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و کۆچ و پەنابەرانی وڵاتەكە.
لە دیدارەكەدا، شاندی میوان ستایشی ئەو سەقامگیری، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و گەشەسەندن و ئاوەدانییە بەردەوامەیان کرد کە لە شاری هەولێردا بەدی دەکرێت و کورتەیەکیان لەسەر کار و چالاکییەکانی گرووپەکەیان لە پەرلەمانی وڵاتەكەیان خستەڕوو و ئامانجی سەرەکی سەردانەکەیانیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی کەنەدا ڕاگەیاند و ئامادەیی وڵاتەکەشیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشاندا.
لای خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر وێڕای خۆشحاڵی نیشاندان بە سەردانەکەیان، سوپاسی پشتیوانیی و هاریکاری کەنەدای کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشخستن و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی هەردوولا دووپات کردەوە و تیشکی خستەسەر پڕۆژە خزمەتگوزاری و ژێرخانییەکانی شاری هەولێر و ئاماژەی بە هەنگاوەکانی پاکبوونەوەی ژینگەی هەولێر و پڕۆژەکانی ڕووناکی و دابینکردنی کارەبای24کاتژمێری و چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەی کەمئاوی کرد لە ڕێگەی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو و چارەسەری لافاو لە ڕێگەی دروستکردنی چەندین پۆند و بەنداو بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاو و پاراستنی شارەکە.
هەروەها جەختی لە خواستی پارێزگا کردەوە بۆ سوودوەرگرتن لە شارەزایی کەنەدا لە پڕۆژەکانی پەرەپێدانی ناوخۆیی و پڕۆژە هاوبەشەکان و هاندانی زیاتری کۆمپانیاکانیان بۆ وەبەرهێنان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

