رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە سەرۆكی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی فریاگوزاری ئیسلامی دەكات

ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.6.28، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە زاهید جەلبانی، سەرۆكی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی فریاگوزاری ئیسلامی کرد.

لەدیدارەكەدا، كە ناز جەلال، بەرێوەبەری قەیرانەكانی پارێزگا ئامادەی بوو، سەرۆكی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی فریاگوزاری ئیسلامی، ستایشی ڕۆڵی کاریگەری پارێزگاری هەولێر و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە ئاسانکاریکردن بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و سەرخستنی پڕۆژە خێرخوازییەکانیان.

لای خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر، ویڕای دەستخۆشی بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان، ستایشی ڕێکخراوەکەی کرد بۆ بەدەنگەوەهاتنی بەردەوامیان لەکاتە پێویستەکاندا بۆ هاریكاری كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران لە سنووری پارێزگای هەولێر.

هەروەها جەختی لەوەكردەوە کە دەرگای پارێزگا هەمیشە واڵایە بۆ هەر دەستپێشخەرییەکی مرۆیی و پشتگیری بەردەوامی پارێزگای هەولێری بۆ ڕێكخراوەكە دووپاتكردەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا، بەهۆی پشتگیری بەردەوامی بۆ پڕۆژە مرۆییەکان و پەرەپێدانی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان، و هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران لە سنووری پارێزگاکە، لەلایەن سەرۆكی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی فریاگوزاری ئیسلامی قەلغانی ڕێزلێنانی ڕێکخراوەکە پێشکەش بەپارێزگاری هەولێر کرا.