شیڤان شێرزاد – هەولێر
سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هونەرەکانی سینەما و شانۆ، بە چاودێری (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر، کاتژمێر ٦ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨-٦-٢٠٢٦ پێشانگایەکی فۆتۆگرافی تایبەت بە کارە ناوازەکانی هونەرمەندی شانۆکار (جەلال بەیار) لە ماڵە کولتوورییەکەی خۆیدا دەکاتەوە.
لەو پێشانگا کولتوورییەدا، بەشێک لە ژیان و یادگار و کارە هونەرییەکانی دەخرێتەڕوو، هەریەک لە (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و (سیروان عوسمان) بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و (هیوا سوعاد یونس) سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و (شاخەوان مستەفا) بەڕێوەبەری هونەرەکانی سینەما و شانۆی هەولێر دەپڕژێنە نێو ئەزموونی هونەری ئەو هونەرمەندە، کە لە ماوەی نیوسەدە لە خزمەت بە شانۆ و سینەما و کاری درامیی دا.
ماڵی کولتووری جەلال بەیار و ئەرشیفێکی وێنەیی دەوڵەمەند
“جەمال دیلان” برای هونەرمەندی کۆچکروو، هاوکات سەرپەرشتیاری ماڵە کولتوورییەکەیە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: ئێمە وەک خانەوادەی هونەرمەندی کۆچکردوو سوپاس و پێزانینی زۆرمان هەیە بۆ ڕۆڵی ئەوانەی لە ساڵانی پێشووتر و ئەمساڵدا ئەو یادەیان بەزیندوویی ڕاگرتووه، بەتایبەت مامۆستا (هیوا سوعاد و فەرهەنگ غەفوور)، کە لە توانیان ئارامگەکەی نۆژەن بکەنەوە و ماڵە کولتوورییەکەشی ئاوەدان بکەنەوە، کە پڕە لە یادگارو سەلیقەی جوانی ئەو هونەرمەندە ئازیزەی هەولێر و ئەرشیفێکی وێنەیی خۆی و چەندین کەسایەتی دیاری گەڕەکی عەرەبی کۆنی لێ کۆکراوەتەوە، جێگەی خۆشحاڵییە ئەمساڵیش جارێکیتر حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەندیکای هونەرمەندان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ڕێگەیان نەدا ساڵیادی ئەو هونەرمەندە بەبێدەنگی تێپەڕبێت، بۆیە ئەم یادەیان ڕێکخستووە و ئومێدیش دەکەم هاوکاربن لە فراوانترکردنی پڕۆژە کولتووری و هونەرییەکەم، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هونەرمەندانی دیکە سوود لەم ماڵە وەرگرن و پڕۆژە هونەرییەکانی خۆیان لێ گەڵاڵە بکەن.
لە نێو درامادا ماڵئاوایی کرد
٢٧ـی حوزەیرانی ٢٠١٢ لە دوا قۆناغی وێنەگرتنی درامای مێژوویی گەردەلوولدا بوو، هونەرمەند “جەلال بەیار” یەکە یەکە هاوڕێ هونەرمەندەکانی ماچ کرد و بە هەمووانی گوت، وا هەستدەکەم جارێکیتر ناتانبینمەوە، بۆیە حەزدەکەم پڕ بە دڵ لە ئامێزتان بگرم و گەردەنم ئازاکەن، هەرواش بوو دوای کاتژمێرێک لە وێنەگرتنی گەردەلوول بە جەڵتەی مێشک لە ماڵەکەی خۆیدا سەری نایەوە و کاروانی هونەری و شانۆ و داما و سینەمای بۆ ئەبەد جێهێشت.
هونەرمەند “هیوا سوعاد” سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان، وەک بەرپرسێکی هونەری و هاوڕێی تەمەنی ئەو هونەرمەندە، کە لە ساڵانی ڕابردوودا وەک وەفایەک بڕیاردا بە نۆژەنکردنەوەی ئارامگەکەی و ئەمساڵیش وەک سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆ ئەو یادە بەرز ڕادەگرن دەڵێت: هونەرمەند “جەلال بەیار” جیا لەوەی هونەرمەندێکی بە سەلیقە و جوان بوو لەسەر تەختی شانۆدا، پیاوێکی بێ فیز و خودان هەڵوێست و بێ گر بوو لە ژیان، خاوەن ئەزموونێکی جوان و سیناریستێکی بەرچاو بوو، هەمیشە بە دوای نوێگەری و پڕۆژە و شاکاری نوێ دەگەڕا بۆ ئەوەی ئەوەندەی ژیانی ماوە پێشکەشی بکات، ئەو ڕۆژەی کۆچی دوایی کرد، مردنەکەشی لە خەڵکی ئاسایی نەچوو، پێموایە یەک لە داخوازییەکانی ژیانی ئەو هونەرمەندە ئەوەبوو لە نێو هونەردا ژیان و مردن لەیەک گرێبدا تا هەتایەش ناوی بە بەرزی بمێنێتەوە.
مقاولەکەی تاپۆ حەقی چیە وەک شاکارێکی زیندووی هەولێر دەمێنێتەوە
هونەرمەند “جەلال بەیار” لە کۆڕی شانۆی کوردی دا تا دەهات هونەر و ناو و ناوبانگەکەی باڵاتر و درەوشاوەتر دەبوو، بەڵام لە (تاپۆ حەقی چیە)، کە وەک مقاولێک دەرکەوت و لە نووسینگەی موتەسەڕیف بە هەڵە ویستی خدری لۆبیا فرۆش ڕازی بکات، کە زەوییە گرانبەهاکەی لە دەست دەربێنێت زیاتر کەوتە دڵی خەڵکەوە، کاتێک لە پاڵ هونەرمەندێکی گەورەی کۆچکردووی وەک (سەلام کۆیی) ئەو ڕۆڵەی پێدرا و توانی بچێتە نێو قوڵایی ڕۆڵەکە و هەمووان وا تێبگەن، کە ئەوە چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە و نە فیلمە و نە دراما و نە تەمسیلی کوردی.
لەم سۆنگەوەش (سیروان عوسمان) بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر ئاماژە بۆ کار و پڕۆژەکانی بەیار دەکات و دەڵێت: ئەگەر گەشتێک بە نێو شاکارە هونەرییەکانی ئەو هونەرمەندەی هەولێردا بکەین چەندین کاری ناوازە و ئەرشیفی دەوڵەمەند لە گەنجینەیەکدا ماونەتەوە، بەتایبەت ئەو کارە ناوازانەی لە سەرەتای هەشتاکان و نەوەتەکاندا، کە هیچ بودجەیەک بۆ کاری هونەری نەبوو، بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر پێشکەشکردنی پڕۆژەی نوێ و گۆڕانکاری لە فۆڕمی شانۆی کوردی دا.
بۆیە دەبێت ئێمە وەفاداربین بەرامبەر ئەو هونەرمەند و ڕۆشنبیر و ڕوناکبیرانەی، کە هەوڵیانداوە بە هونەر و وشە و شیعر و پەیڤی جوان خزمەت بە کولتوور و فەرهەنگی کوردی بکەن، بەرامبەر بە شاکارە جوانەکانی هونەرمەند “جەلال بەیار”ـیش دەڵێم، بۆ هەمیشە هونەرە پاک و بێ گرێیەکەی لە هزری هەموواندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
پێشانگایەکی تایبەت بە ئەرشیفەکانی بەیار دەکەینەوە
“شاخەوان مستەفا” بەڕێوەبەری هونەرەکانی سینەما و شانۆ و هاوکار لەبەردەم ڕێکخستنی چواردەمین ساڵیادی ئەو هونەرمەنده بە “هەولێر”ـی گوت: جێگەی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ یادی هونەرمەندێکی بە ئەزموون و ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە کاروانی هونەری کوردی دەکەینەوە، کە تەواوی ژیانی خۆی بە هونەری سینەما و شانۆ و کاری درامی بەخشیووە، بەتایبەت لە حەفتاکان و هەشتاکان و تا ساڵی ٢٠١٢ و دوا هەناسەی لە ژیان خزمەتی بە هونەری کوردی کردووە و بەردەوامیش وێڵی گۆڕانکاری نوێ بووە لە هونەری شانۆدا و تا ئێستاش خاوەنی سەدان کاری هونەرییە، چونکە ئەو نیوسەدە لە کاروانی عەشقدا بووە بۆ هونەرەکانی شانۆ و سینەمادا، بۆیە وەک وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لەم ئێوارەیەدا ڕێز لە بەخشش و کارە ناوازەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو “جەلال بەیار” بگرین.

