رۆژنامەی ھەولێر

چیرۆکی رۆبێرتۆ لۆپێز لە مۆندیال هەمووانی شۆک کردووە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

رۆبێرتۆ لۆپێز بەرگریکاری کاپ ڤێردی دایکی ئایرلەندی و باوکی خەڵکی کاپ ڤێردییە، لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی لینکێد ئین بانگهێشتی هەڵبژاردەی کەپ ڤێردی کراوە.

لینکێد ئین تۆڕێکی کۆمەڵایەتیە تایبەتییە بە کار و کاسبی و بازرگانی، واتە هەر کەسێک بیەوێت کارێک بدۆزێتەوە یاخود کار و کاسبی بکات ئەم ماڵپەرە رێگەیەکی باش و ئاسانە.
لۆپێز یاریزانی یانەی شاممرۆک رۆڤێرزی سکۆتلەندایە و پێش دەستپێکردنی مۆندیال، لەلایەن فێدراسیۆنی تۆپی پێی کەپ ڤێردی، لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی لینکێد ئین نامەیەکی بۆ دێت کە داوای لێکراوە یاری بۆ هەڵبژاردەی کەپ ڤێردی بکات، بەڵام ئەو یاریزانە سەرەتا پێیوانە ئەو هەژمارەیە ساختەیە و گرنگی بەو نامەیە نادات.
دوای چەند رۆژێکی دیکە بەرپرسانی فێدراسیۆنی کەپ ڤێردی جارێکی دیکە نامەیەکی دیکە بۆ رۆبێرتۆ لۆپێز دەنێرێن و داوای ژمارە تەلەفۆنەکەی دەکەن و ئەویش ژمارەکەی پێیان دەدات.
ئەمجارەیان لە رێگەی واتسئەپەوە پەیوەندی بە یەکتریەوە دەکەن و دواجار رۆبێرتۆ لوپێس پەیوەندی بە هەڵبژاردەی کەپ ڤێردی دەکات و ئێستاش لەگەڵ هەڵبژاردەکەی گەیشتووەتە قۆناغی سی و دوو و لەم قۆناغەش رووبەڕووی لیۆنێل مێسی و هاوڕێیەکانی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەبێتەوە.