رۆژنامەی ھەولێر

یانەیەکی کەنەدا لە گواستنەوەی ئاکام هاشم نزیکە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق زۆر بە خراپ لە مۆندیال ماڵئاوایی کرد، بەڵام زۆرترین ئۆفەر بۆ دوو ئەستێرەی کورد ئاکام هاشم و میرخاس دۆسکی هاتووە.

ئاكام هاشم بەرگریكاری هەڵبژاردەی عێراق لە مۆندیال لە لایەن چەندان یانەی عەرەبی و ئەورووپی چاودێری دەكرێت، پۆرتوی پۆرتوگالی نوێنەرێكی خۆی راسپارد بوو بۆ ئەوەی لە یاریی نێوان عێراق و فەرەنسا ئامادە بێت و هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی ئاكام هاشم بكات.
ئاكام هاشم یاریزانی دڵی بەرگری هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر فەرەنسا 86 جار تۆپ بەرپێی كەوت و 96%ـی پاسەكانی دروست بوو، جگە لە كیلیان ئێمباپێ هیچ یاریزانێكی دیكە نەیتوانی ئەستێرە كوردەكە ببڕێت، ئەگەرچی عێراق یارییەكەی بە 3 گۆڵی بێوەڵام دۆڕاند، بەڵام ئاكام هاشم بەرپرس نەبوو لە تۆماركردنی هیچ كامێك لە گۆڵەكانی فەرەنسا.
تۆڕی هەواڵی ئی ئێس پی ئێنی ئەمریکا رایگەیاندووە یاریزانی دڵی بەرگری هەڵبژاردەی عێراق لە لایەن یانەی کۆنڤێنتری کەنەدا هەوڵی گواستنەوەی دەدرێت.
لە لایەکی دیکەوە، میرخاس دۆسکی، بەرگریکاری لای چەپی هەڵبژاردەی عێراق لە لایەن یانەیەکی پێنج خولە بەهێزەکەی ئەورووپا داواکراوە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە ئەو یانەیە مارسیلیای فەرەنسییە.
میرخاس دۆسکی، بەرگریکاری یانەی ڤیکتۆرییا پلزنی چیکی ئێستا نرخی لە بۆرسەی یاریزانان گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن یۆرۆ، گرێبەستەکەشی لەگەڵ یانە چیکییەکە لە هاوینی 2029 کۆتایی دێت.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی La Portoـی پۆرتوگالی، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە یانەی پۆرتۆ لە نزیكەوە چاودێری ئاستی ئاكام هاشم دەكات و یەكێكە لە ئامانجەكانی مێركاتۆی هاوینە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر کەوتوون، دوای یارییە دۆستانەکەی ئیسپانیا و عێراق، خواست لەسەر ئەستێرە كوردەكەی یانەی زەورا ئاكام هاشم زیاتر بووە، چەندان یانەی گەورەی ئەورووپا و كەنداو بۆ گواستنەوەی هاتوونەتە سەرهێڵ.
بەگوێرەی زانیارییانەکانی رۆژنامەی هەولێر، كۆمپانیای CHARAX بۆ كارووباری یاریزانان و راهێنەران سەرپەرشتی بەشێك لە یاریزانە ناودارەكانی عێراق دەكات و سەرپەرشتی كارەكانی ئاكام هاشم دەكات، ئەو كۆمپانیایە زۆرترین ئۆفەریان بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە كوردە پێگەیشتووە، یانەی وەسڵی ئیماراتی هاوشانی پۆرتۆی پۆرتوگالی بە فەرمی بۆ گواستنەوەی بەرگریكارە كوردەكەی زەورا هاتوونەتە سەرهێڵ، بەڵام ئاكام هاشم بڕیاری دابوو تا دوای مۆندیالی 2026 وەڵامی هیچ ئۆفەرێك نەداتەوە.
ئاكام هاشمی تەمەن 27 ساڵ، پێشتر لە خولی نایابی كوردستان لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەركەوت، دواتر بە چوونی بۆ یانەی هەولێر ئاستی گەیشتە لوتكە و بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراقیش كرا، هاوینی رابردووش لە یانەی شورتەوە بۆ زەورا گواسترایەوە و گرێبەستەكەشی لەگەڵ نەورەسەكانی بەغدا لە هاوینی 2027 كۆتایی دێت، ئاكام هاشم ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان نرخی گەیشتووەتە 700 هەزار یۆرۆ.