رۆژنامەی ھەولێر

زمانی کوردی لەنێوان شانازی و پشتگوێخستندا

میدیا سەڵاح عوسمان
زمانی کوردی، زمانی قسەکردنی نەتەوەی کوردە. لە ڕووی بنەماڵەییەوە بەشێکە لە زمانی هیندوئەورووپییەکان. چەندین پێناسەی جیاجیا لەبارەی زمانەوە خراونەتەڕوو، هەر یەک لەوان لە ڕوانگەیەکی تایبەتەوە لە زمانیان کۆڵیوەتەوە. زۆر لە نووسەران، شاعیران و بیرمەندانی کورد جەختیان لەسەر گرنگیی زمانی کوردی کردووەتەوە و بە بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی خۆیانیان زانیوە. ئەحمەدی خانیی شاعیر، زمانی کوردیی وەک هۆکارێک بۆ پاراستنی ناسنامەی کورد بەکارهێناوە و هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کورد پێویستی بە ئەدەب، زانست و زمانی خۆی هەیە.
پیرەمێردی شاعیر دەڵێت: «زمان بنەمای ژیانی نەتەوەیە و پاراستنی زمانی کوردی، پاراستنی بوونی گەلی کوردە»؛ ئەو بە بەکارهێنانی پەندی پێشینان زیاتر گرنگیی بە زمانی کوردی داوە. هەروەها عەبدوڵڵا گۆران بە نووسینەکانی هەوڵی داوە زمانی کوردی نوێ بکاتەوە و نیشانی بدات کە زمانی کوردی توانای گەشەکردن و هاوچەرخبوونەوەی هەیە.
شێرکۆ بێکەسیش لە نووسینەکانیدا زۆر جار ئاماژەی بەوە داوە کە زمان تەنیا وشە نییە، بەڵکوو مێژوو، بیرەوەری و ڕۆحی گەلێکە. مامۆستا عەلائەدین سەجادی و تۆفیق وەهبی بەگ بە توێژینەوە و نووسینەکانیان خزمەتێکی گەورەیان بە ڕێزمان و پەرەپێدانی زمانی کوردی کردووە. هەروەها مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار، کە نەوە لەدوای نەوەی بە کتێبی “ئەلفوبێی نوێ” ئاشنا کردووە، تەمەنی خۆی بۆ فێرکردن و پەرەپێدانی زمانی کوردی تەرخان کرد. لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت: ئەگەر ئەو هەموو هەوڵە بۆ فێربوونی ئەلفوبێی کوردی درابێت، ئێمە ئەمڕۆ چی دەکەین بۆ پاراستنی زمانی دایکمان؟
زمانی کوردی بە هەردوو زاراوەی سەرەکی (سۆرانی و کرمانجی) بەکاردێت و هەر یەکەیان تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە وشە و ئاخافتندا. زمانی کوردی نەک تەنیا بۆ ئاخافتن و پەیوەندییە، بەڵکوو بەشێکە لە ناسنامەی نەتەوەیی؛ لە ڕێگەی زمانەوە، هەموو گەلێک دەتوانێت مێژوو، ئەدەب و کولتووری خۆی بپارێزێت و بیگەیەنێتە نەوەکانی داهاتوو.
فێربوونی زمانە بیانییەکان گرنگ و پێویستە، چونکە دەرگای پەیوەندی، زانست و پێشکەوتن بە ڕووی مرۆڤدا دەکەنەوە، بەڵام گرنگیدان بە زمانە بیانییەکان نابێت ببێتە هۆی لەبیرکردن یان پشتگوێخستنی زمانی دایک. لەگەڵ فراوانبوونی قوتابخانە ناحکومییەکاندا، تێبینی دەکرێت کە نەوەی نوێ بە ئاستێک گرنگی بە زمانە بیانییەکان دەدەن کە هەندێک جار ناتوانن بە باشی بە زمانی کوردی بخوێننەوە و بنووسن. گرنگە ڕێکار و ڕێنماییەکی ڕوون هەبێت بۆ گرنگیدان بە خوێندن، نووسین و فێرکردنی زمانی کوردی. فێربوونی زمانە بیانییەکان پێویستییەکی سەردەمیانەیە، بە مەرجێک نەبێتە هۆی
لاوازبوونی پەیوەندیی نەوەی نوێ لەگەڵ زمانی کوردیدا. پێویستە زمانی کوردی کە زمانی دایکە، شوێنی شیاوی خۆی لە پرۆسەی پەروەردەدا هەبێت و هەندێک وانە بە زمانی دایک پێشکەش بکرێن بۆ بەهێزکردنی فەرهەنگی نەوەکانمان لە داهاتوودا.
لە لایەکی دیکەوە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دێن بۆ کارکردن (بە تایبەتی لە چێشتخانە، ناوەندە گەشتیارییەکان و شوێنەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری)، تێبینی دەکرێت زۆر بە دەگمەن هەوڵی فێربوونی زمانی کوردی دەدەن. زۆرجار ئەوە هاووڵاتیی کوردستانە کە ناچار دەبێت بۆ تێگەیشتن و مامەڵەکردن، زمانی ئەوان فێر ببێت.
بێگومان مۆڵەتدان بە کارکردن مافێکی یاساییە، بەڵام دەکرێت فێربوونی بنەڕەتیی زمانی کوردی بکرێتە یەکێک لە مەرجەکانی وەرگرتن یان نوێکردنەوەی مۆڵەتی کار. ئەمەش نەک بۆ سنووردارکردنی کەسێک، بەڵکوو بۆ ئاسانکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە و ڕێزگرتن لە زمانی فەرمی و زمانی دایکی ئەم ناوچەیەیە.
یاخود ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون و لێرە نیشتەجێ بوون، ڕەخنە لەوە دەگرن کە بۆچی خەڵکی کوردستان زمانی ئەوان فێر نابن؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەوان خۆیان دانیشتووی ئەم خاکەن و بە شێوەیەکی سروشتی پێویستە هەوڵی فێربوونی زمانی کوردی بدەن بۆ ئەوەی بتوانن باشتر لەگەڵ کۆمەڵگەدا تێکەڵ ببن و
پەیوەندی دروست بکەن. هەروەک چۆن هەر کەسێک کاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە دەچێت بە مەبەستی نیشتەجێبوون یان کارکردن، هەوڵ دەدات زمانی ئەو وڵاتە فێر ببێت، لە هەرێمی کوردستانیش ئەو چاوەڕوانییە شتێکی ئاساییە. بۆیە دەتوانرێت لە لایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە خولی تایبەت بە فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو کەسانە بکرێتەوە کە دەیانەوێت لەم هەرێمەدا نیشتەجێ بن یان کار بکەن.
ئەم هەنگاوە نەک تەنیا یارمەتیی فێربوونی زمان دەدات، بەڵکوو دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەی کولتوورەکان، بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و زیاتر ناسین و ڕێزگرتن لە زمانی کوردی و ناسنامەی نەتەوەکەمان.
زمان کلیلی تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە و بەدەستهێنانی دەرفەتەکانە؛ بۆیە ئەو چاوەڕوانییە لە هەرێمی کوردستانیش شتێکی ئاسایی و لۆژیکییە. لە هەمان کاتدا، لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو قوتابیانەی دەیانەوێت خوێندنی باڵا بەردەوام بکەن و بچنە قۆناغی ماستەر و دکتۆرا، مەرجی سەرەکی بریتییە لە لێهاتوویی لە زمانی ئینگلیزیدا. ئەمەش شتێکی سروشتییە، چونکە زۆربەی سەرچاوە زانستییەکان و توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان بەو زمانەن. بەڵام ئەم نموونەیە نیشانی دەدات کە هەر کاتێک پێویست بکات، دەتوانرێت زمان وەک مەرجێکی ئەکادیمی یان پیشەیی دابنرێت. هەر بەم پێیە، گرنگیدان بە زمانی کوردی و فێربوونی وەک زمانێکی بنەڕەتی بۆ کارکردن و ژیان لە هەرێمی کوردستان، داواکارییەکی سروشتی و لەجێی خۆیدایە.
زمانی دایک بنەمای ناسنامە و کولتووری هەر نەتەوەیەکە؛ زانینی زمانی کوردی نە تاوانە و نە دواکەوتوویی، بەڵکوو مایەی شانازی و پاراستنی مێژوو و کولتووری گەلەکەمانە. هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی وشە کوردییە ڕەسەنەکان لە جیاتی هەندێک وشەی بیانی، بە مانای دژایەتیکردنی زمانەکانی دیکە نایەت، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ پاراستن و دەوڵەمەندکردنی زمانی دایک. (ئەگەر زمان بمێنێت نەتەوەش دەمێنێت، ئەگەر زمان لەناو بچێت بەشێکی زۆر لە ناسنامەش لەدەست دەچێت).
لە چەند ساڵی ڕابردوودا و لەگەڵ فراوانبوونی کاری بازرگانی، زۆرێک لە دوکان، مۆڵ، ناوەندە بازرگانییەکان، شوێنە گەشتیارییەکان و چەندین شوێنی دیکە، ناونیشان و تابلۆکانیان بە زمانە بیانییەکان دەنووسن و مۆڵەتیشیان پێ دەدرێت. ئەم دۆخە هەندێک جار نیگەرانی دروست دەکات، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە خۆیان دەکەنە قوربانی لە پێناو خاکی پیرۆزی کوردستاندا. مەبەست لەم نووسینە قەدەغەکردن یان کەمکردنەوەی بایەخی زمانە بیانییەکان نییە، بەڵکوو جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە پێویستە زمانی کوردی لە پلەی یەکەمدا بێت و زیاتر گرنگی بە ناونیشانی تابلۆکان بدرێت. لە زۆر وڵات و ناوچەی جیهاندا، تابلۆکان سەرەتا بە زمانی دایکی ئەو وڵاتە دەدوێن.