سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێكی گرووپی دۆستایەتیی كەنەدی و كوردیی پەرلەمانی كەنەدا كرد و شاندەکە ئامادەیی وڵاتەکەیان بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشاندا.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی حوزەیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێكی گرووپی دۆستایەتیی كەنەدی و كوردیی پەرلەمانی كەنەدا كرد كە پێكهاتبوو لە زیاد ئەبولەتیف ئەندامی پەرلەمانی كەنەدا لە پارتی پارێزگاران و پەرلەمانتار ئەحمەد حوسێن لە پارتی لیبڕاڵ و وەزیری پێشووتری هەردوو وەزارەتی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی و کۆچ و پەنابەران.
شاندەکە کورتەیەکیان لەبارەی کار و چالاکییەکانی گرووپەکەیان لە پەرلەمانی کەنەدا و ئامانجی سەردانەکەیان خستەڕوو کە بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی کەنەدایە.
شاندەکە ئامادەیی وڵاتەکەیان بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشاندا.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای خۆشحاڵی نیشاندان بە سەردانەکە، سوپاسی پشتیوانیی و هاریکاری کەنەدای کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشخستن و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کەنەدا دووپات کردەوە

