عومەر چنگیانی
گرنگیی باوەڕ:
ئەوی بە وردی لەو خاڵانە ورد بێتەوە كە جێگەی نازی خوایین و قورئان بە گرنگ وەریاندەگرێت، تێدەگات ئەوەندەی باسی گرنگیی بڕوا و متمانەی ناخمان بۆ دەكات، سەدا یەكیشی بە ڕواڵەتا ناڕوانێت!
هەربۆیە ئەو كاتەی، كە كابرای دەشتەكی ڕواڵەتپەروەر دەهات و _ عەرەبی ئەمڕۆئاسا _ نازی دەكرد بەسەر پێغەمبەردا دروود و سڵاوی خوای لەسەر، كە گوایە: بڕوایان بە خوای گەورە هێناوە، دەستەواژەكانی بۆ ڕاست دەكردنەوە و لە ئایەتی ١٧ـی سوورەتی “حوجورات”ـدا، دەفەرمێت: “دێن نازت بەسەردا دەكەن گوایە بوونەتە مسوڵمان!، پێیان بڵێ: نازی مسوڵمانەتیی چیم بە سەردا دەكەن! بڕۆن شوکرانەبژێری ئەو خوایەی بن خستنیە (خستتانیە) سەر ڕێی ڕاست؛ گەر ڕاس دەکەن!”
هەر لە بەخۆداپەرموونەوە پێیدا وەرە ــ كە پێویستییەكی گرنگی هەر تاكێکمانە بۆ سەركەوتن ــ تا دەگاتە بڕوا بەو خوا گەورە تاکوتەرا بێهاوتایەی ڕاگیری سەرجەم بوونەوەرانە و هەر خۆی شایانی پەرستریانە، (بڕوا)، كلیلی هەموو سەركەوتنێكی ئەم ژیانە کوڵەی ئێستا و، ئەو دواڕۆژەیشمانە وا نابڕێتەوە.
وا بە چاوی خۆمان هەموو ڕۆژێ هەققکەتە دەبینین کە تاكێك شان دەداتە بەر كارێك، بچووك بێت و گەورە، ئەگەر بڕوایەكی پتەوی بە کارەکەی نەبێت، ئەوەندە نابا شانی شل دەبێ و، ئاخری كۆڵ دەدات.
لە سەردەمی شاخ و، ئێستایش لەم شەڕەی دامەزراندنی دەوڵەتدا _ كە بەداخەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەودواوەچوونمان زۆرترە تا بەرەوپێشچوون _ پێشمەرگەیەكی سەربەرزی ئەم كوردستانە، سادەبەرگێکی خاکیڕەنگی دەپۆشێ و، بۆ خۆی شێر و پڵنگ و هەڵۆ و باز و پۆڵایەكە، بەڵام هەر ئەو بەرگە پێشمەرگانە، کە جاش و خۆفرۆش دەیکاتە بەری، دەبێتە پاشمەرگە؛ ئاخر ئەمیان ترسەزاورە و بێباوەڕ، ئەویان دڵقایمە و، بەباوەڕ؛ ئەم کانگای گیانە و، ئەو هەمبانەی درۆ و ترس و تۆقین و سەرشۆڕی و دۆڕان.
ئەو چەكی شەرەفەی بە دەست خەباتگێڕانی ئەوسا و ئێستاوەیە، هەر ئەو چەكەیە وا بە دەست دۆڕاوەكانی جاران و ئەمێستایشەوەیە، بەڵام ئەو هزرەی لە سەری كاكی پێشمەرگەدایە لە کوێ و، سەرکە پووچەکەی پاشمەرگە لە کوێ!
پێشمەرگە بە چەکی باوەڕەوە بەرگریی لە ئایین و خاك و نەتەوە و نامووس و كلتوور و زمان و هەموو مافێكی زەوتكراوی ئەو كوردە دەکا و، وەها پێشی مەرگی داتەوەتەوە، بوونەتە تاجی سەری هەموو لایەكمان؛ ئەو دۆڕاوە بڕواپووچەیش وا داری داگیرکەر و توورەکەی بەرژەوەندی و، قازانجی داوەتە بنهەنگڵ، مردن هیچ، بۆنی مەرگیش لەم خەو دەیانباتە ئەو خەو!
ئەڵبەت باس لەو پارچەشووشەیە ناكەم كە جیوە، یان هەر شلەمەنییەكی دیكەی بەسەردا دەڕێژن و دواتر وای لێ دێت دیمەنی بەرامبەر ئەداتەوە، باسم لەو پەروەردە ڕۆحییەیە، كە ئیسڵام بەهەندی وەردەگرێت و دەیەوێت بڕواداران ببنە ئاوێنەی یەكتر؛ بە هەموو ئەو مانایانەی، كە ئەو وشە دەیگەیێنێت، بە مانا ڕاستی بەرامبەرەكە چۆنە، وای دەربخات و هەر تارماییەكە، لە بەرامبەردا نەما، وێنەكەش دیار نەمێنێت، واتە ئەوكاتەی بڕوادار سەرنجی ئاكاری خوشك، یان برایەكی بڕواداری خۆی دەدات، لەو بڕوایەدا دەبێت، كە ئەو شێوازە، یان ئەو ڕەنگە بۆ ئەو نابێت و نەشیاو و نەجۆرە، ئیتر وەك خۆی بە زمانێكی نەرم و، بە بێدەنگێ، ئاوێنەئاسا ڕەنگەكەی بۆ دەداتەوە و تێیدەگەیێنێت كە ئەو هەڵەیە لەودا هەیە و چی زووترە دەبێ چارەسەری بكات، هەر بۆیە سەرجەم ئەو نەخۆشیانەی كە دەبنە هۆی ناخۆشی لە نێوان تاكەكاندا، وەك دووزمانی و قسەی پاشملە و سیخوڕی و لەیەكترخوێندن و ڕاپۆرتلێنووسین و، هتد، ناهێڵێت و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە دەبێ بڕواداران تەواوكەری یەكتری بن و ئاگایان لە خۆیان بێت، ئیتر فێری ڕووبەڕووبوونەوە و ڕەخنەی بنیاتنەر و بوێرییان دەكات، تا ئەندازەیەكی وا، كە ئەو بوێرییە، بچووكترین كەس و تاكی كۆمەڵ، تا بە گەورەترینیان دەگرێتەوە؛ هەزاران جار بیستوومانە كە وەختی خۆی سەرگەورەکانی دینەکەمان چۆن ڕەخنەیان لێ گیراوە و مێژوو بە شانازییەوە لێیان دەدوێت.
دەتوانم بڵێم ئەمڕۆ یەكێك لەو دەزگایانەی وەك ئاوێنە وان لە كۆمەڵگەكانماندا، هەندێك لە دەزگای ڕاگەیاندنەكانە و ڕۆژنامەنووسان ئەگەر بە ئەمانەتەوە كارەكەیان بکەن دەتوانن ببنە هۆكارێكی ڕاست بۆ گەیاندنی شتەكان وەك خۆیان، لە خەڵكەوە بۆ دەستەڵات و لە دەستەڵاتیشەوە بۆ خەڵك، بەڵام نەك بە پاساوی دیموكراتییەت، سنووری ئەدەب ببەزێنن و ڕەچاوی هیچ شتێک نەکەن.
گوێشلکردن بۆ بەرامبەر:
کە دەچینە خزمەت قورئانی پڕ لە بەخشش، دەبینین ئەو جیهان و ئەو ئاسۆ فراوانەی ئەو لە ئێمەی بڕواداری دەوێ، كە تیایدا بخولێینەوە و مەلەی تێدا بكەین، زۆر جیاوازن لەگەڵ ئەو شێوە گۆشبوونەی خۆمان!
ئەوەتا لە ئایەتی ١٨ـی سوورەتی زومەردا دەفەرمێت:
“ئەوانەی قسەی هەمووان دەبیسن و، بە گوێی هەرە باشەکەیان دەکەن، ئەوانەنە وا خوای گەورە خستوونیەتە سەر ڕێ ڕاست؛ وانن وا هۆشیارن و، دڵیان دەتریوێنێ.”
ئیدی كە ئێمەی مسوڵمان وا نین، دەبێ لەو تێگەیشتنەی هەمانە بکەوینە گومانەوە؛ دیارە گرێدراوی ئەو قورئانە نیەین؛ با بە خۆماندا بچینەوە، پەناوەخوا.

