رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر پێشانگای هاوینە بۆ بەروبومی خۆماڵی کرایەوە

بەئامەدەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و بوژاندنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، پێشانگای هاوینە بۆ بەروبومی خۆماڵی لە سەکۆی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بە شێوەیەکی فەرمی کرایەوە.

پێشانگاکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسان، وەبەرهێنەران و جوتیارانی نموونەیی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.
ئەم پێشانگایە بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی ڕاستەوخۆی جوتیاران و ڕەخساندنی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان ئەنجام دەدرێت، لەپێناو پەرەپێدانی ئابووری نیشتمانی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بەرهەمی هاوردەکراو. هاوکات فرەچەشنی بەروبومی هاوینەی تەندروست و فرێش پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکات.
پێشانگاکە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لەسەریەک بەردەوام دەبێت، و دەرگای بەڕووی هەمواندا کراوەیە، کە تێیدا دەیان جوتیار و کۆمپانیای کشتوکاڵی ناوخۆیی بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن.
لە میانی مەراسیمی کردنەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی، ئەم پێشانگایەی بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ نیشاندانی توانای ڕاستەقینەی کەرتی کشتوکاڵی کوردستان و حکومەت هەموو ئاسانکارییەک بۆ سەرخستنی کەرتی تایبەت و بەرهەمی نیشتمانی دەکات.