ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
یانەی دهۆك دوای گفتوگۆیەكی دوور و درێژ لەگەڵ یەكێك لە یاریزان و راهێنەرە ناودارەكانی ئێران دواجار گەیشتنە بنبەست و رێككەوتن، یەحیا گوڵمحەمەدی وەرزی داهاتوو لە خولی ئەستێرەكانی عێراق دەبێتە راهێنەری هەڵۆیەكانی چیا، خێزانی ئەو راهێنەرەش كوردی رۆژهەڵاتی كوردستانە.
ستافێكی ئێرانی بە راهێنەرایەتی یەحیا گوڵمحەمەدی لەگەڵ یانەی دهۆك بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق دەستبەكار دەبن، تێچووی گواستنەوەی ئەو ستافە ئێرانییە بۆ هەڵۆیەكانی بادینان بە 650 ملیۆن دیناری عێراقی دەخەملێندرێت.
یەحیا گوڵمحەمەدی كاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئێران و راهێنەری پێشووی فولاد خوزستان بۆ پەیوەندیكردن بە ریزەكانی هەڵۆیەكان گەیشتووەتە شاری دهۆك و راستەوخۆ یانەكە هاتە نێو مێركاتۆی گواستنەوەی یاریزانان.
یەحیا گوڵمحەمەدی كێیە؟
یەحیا گوڵمحەمەدی، یەكێك بوو لە ناودارترین یاریزانەكانی هەڵبژاردەی ئێران، ئێران لە كۆی ئەو شەش مۆندیالەی بەشداری كردووە تەنیا 13 گۆڵی كردووە، یەكێك لەو 13 گۆڵانەی ئێران، یەحیا گوڵمحەمەدی تۆماری كردووە، ئەو گۆڵەش لە مۆندیالی 2006 لە دژی هەڵبژاردەی مەكسیك بوو.
یەحیا گوڵمحەمەدی هاوشانی عەلی دایی و نەوەی زێڕینی ئێران لە مۆندیالی 2006 بەرامبەر پۆرتوگال یاریی كرد، لەو یارییەدا پۆرتوگال بە دوو گۆڵی بێوەڵام یارییەكەی بردەوە، كریستیانۆ رۆناڵدۆ زەحمەتییەكی زۆری بەرامبەر هێڵی بەرگری ئێران بینی كە یەحیا گوڵمحەمەدی رابەرایەتی دەكرد، كریستیانۆ لەو یارییەدا گۆڵێكی بە پێناڵتی كرد.
یەحیا گوڵمحەمەدی، لە 2023 وەكو راهێنەر چاوی بە كریستیانۆ رۆناڵدۆ كەوتەوە، كاتێك لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا وەكو راهێنەری پێرسپۆلیس میوانداریی یانەی نەسری سعوودیەی كرد، لەو یارییەدا نەسر بە دوو گۆڵی بێوەڵام یارییەكەی بردەوە بەبێ ئەوەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ هیچ گۆڵێك بكات.
ناودارترین راهێنەری ئێستای ئێرانە
یەحیا گوڵمحەمەدی، لە لوتكەی ناودارترین و باشترین راهێنەرەكانی ئێستای ئێرانە، راهێنەرایەتی یانەكانی پێرسپۆلیس، نەفتی تاران، زۆب ئاهەن، تراكتۆرسازی و فولاد خوزستانی كردووە، 9 نازناوی خول و جام و سووپەری ئێرانی لەگەڵ یانەكانی پێرپۆلیس و زۆب ئاهەنی ئێرانی بردووەتەوە، بە باشترین راهێنەری وەرزی 2014 ـ 2015 دیاریكرا.
یەحیا گوڵمحەمەدی، دوایینجار راهێنەری فولاد بوو، لە كۆی 18 یاری، 5 بردنەوە، 5 دۆڕان و 8 یەكسانبوونی تۆمار كرد و پێش ئەوەی وەرزەكە تەواو بكات لە ریزبەندی حەوتەم یانەكەی جێهێشت، بەوپێیەی خولەكە بەهۆی ئەو جەنگەی ڕووی لە ئێران كرد هەڵوەشایەوە.
تایبەتمەندییەكانی یەحیا گوڵمحەمەدی
یەحیا گوڵمحەمەدی، وەكو راهێنەر، زیاتر مەیلی پلانی بەرگریی هەیە، بەوپێیەی پێشتر خۆی وەكو یاریزان لە هێڵی بەرگری یاریكردووە، راهێنەرێكی زۆر هێمن و لەسەرخۆیە، لەگەڵ یاریزانان و تیمەكەی زۆر رووخۆش و هاوڕێیانەیە، بەڵام زۆر توندە و رێگە بە هیچ دەستێوەردانێك نادات، هەر كەسێك سنووری كارەكەی ببەزێنێت زۆر بە توندی بەرەنگاری دەبێتەوە، توانای كۆنترۆڵكردنی تیپی هەیە و زۆر بوێرە لە دەرفەتدان بە یاریزانی لاو، ئەو كاتێك سەرپەرشتی تیپێك دەكات سەیری ناوی گەورە و ئەستێرە ناكات، هەر یاریزانێك گوێڕایەڵی ڕێنماییەكانی نەكات لە پێكهاتەی تیپەكەی دووری دەخاتەوە.
یەحیا گوڵمحەمەدی لە كاروانی راهێنەرایەتی
ئەم راهێنەرە ئیرانییە لە كاروانی راهێنەرایەتی 462 یاری كردووە، 238 بردنەوەی بەدەستهێناوە و 86 دۆڕانی هەیە، 662 گۆڵی كردووە و 355 گۆڵی لێكراوە.
یەحیا گوڵمحەمەدی زۆرترین ماوەی كاروانی راهێنەرایەتی لەگەڵ یانەی پێرسپۆلیس بووە، لەگەڵ ئەو یانەیە سەرپەرشتی 199 یاری كردووە، 117 بردنەوەی تۆمار كردووە، 23 دۆڕان و 283 گۆڵی كردووە.
خێزانەكەی یەحیا گوڵمحەمەدی كوردە؟
هاوژینەكەی یەحیا گوڵمحەمەدی راهێنەری نوێی یانەی دهۆك ناوی (لەیلا حەق نەزەری)ـیبە، خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەم دوو هاوسەرە خاوەنی دوو منداڵن، كوڕێك بە ناوی (ئەمیر حەسەن گوڵمحەمەدی) لەگەڵ كچێك بە ناوی ڤانیا گولمحەمەدی).
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، خێزانەكەی یەحیا گوڵمحەمەدی رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە رازیكردنی پیاوەكەی بۆ ئەوەی ئەزموونێكی نوێ لە یانەیەكی هەرێمی كوردستان تاقی بكاتەوە.
یەحیا گوڵمحەمەدی پێش ئەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی دهۆك واژۆ بكات، نزیك بوو ئەركی راهێنەرایەتی یانەی هەولێری پایتەخت وەربگرێت.

