ئارام كۆشكی – سلێمانی
چەند ساڵێک لەمەوبەر چوومە پێشانگەیەکی هونەرمەندی شێوەکار “ستار قادر” یەکێک لەو سەرنجانەی لەو پێشانگەیەدا هەمبوو و بوونی فیگۆری تەنیابوو لە هەموو تابلۆکاندا، ئەم فیگۆرە تەنیایانە دووبارە دەبوونە، ئەمە بۆ من گەلێک سەرنجڕاکێش بوو، دوای تەماشاکردنی تەواوی نیگارەکان بە مامۆستا ستارم گوت: “فیگۆرە تەنیاکانتم خۆش دەوێت، گەلێک سەرنجبەرن.” لەو کاتەوە تا ئێستا کە نزیکەی شەش ساڵ تێپەڕیوە ئەو فیگۆرە تەنیایانە هەر لە خەیاڵمدان، ئەمەش پێناسەی هونەری ڕەسەن و جۆرێک لە هونەرە، کە بۆ هەمیشەیی لە هزر و خەیاڵی بینەر و بیسەردا دەمێنێتەوە. واتە هەر هونەرێک ڕەسەن بێت، بینەر ناتوانێت ڕاگوزەر بەلایدا بڕوات و دەبێت هەڵوەستەی لەبەرامبەردا بنوێنێت. بەڵام هونەرێک بازاڕی بوو، خێرا دێت و زوو بیر دەچێتەوە.
هەفتەی پێشوو سەردانی نوێترین پێشانگەی مامۆستا “ستار قادر”م کرد. پێشانگەکە ژمارەیەکی زۆر نیگاریی قەبارە جیاواز و هاوکات چەند پەیکەرێکی تێدا نمایش کرابوون. وەک هەمیشە ڕەنگەکانی مامۆستا ستار بینەریان مەست دەکرد، مەستکردنێک جیاواز لە ئاڵۆزکاندن و دروستکردنی ئاڵۆزی نمایشیی، بەڵکو جۆرە مەستکردنێک لەنێو فەزایەکی ڕەنگی پڕ لە هارمۆنییەتدا، کە فیگۆرەکان لەنێو ڕەنگەکاندا ئەگەرچی وەستاو بوون، بەڵام هەستت بە هەست و ئازار و ژان و خەمەکانیان دەکرد. فیگۆرەکانی ئەمجارەی ئەم نیگارکێشە بەشی هەرە زۆریان تەنیا نەبوون، بەڵام هەستت بە لێژبوونەوە بەرەو تەنیایی دەکرد، یان لە هەندێک نیگاریی دیکەدا هەستت بە ڕاکردن و هەڵهاتن لە تەنیایی دەکرد.
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم نیگارانە ئەوە بوو کە واتای پشت نیگارەکانی یەکڕەهەندی نەبوون. نیگارکێش بەو پێیەی ئەزموونێکی زۆری لەگەڵ نیگار و وشەدا هەیە هاوکات ئەمە لەنێو سەرجەم نیگارەکاندا ڕەنگیدابوویەوە. ڕەنگدانەوەیەک کە قووڵایی بە نیگارەکان بەخشی بوو تا لەدەست یەکڕەهەند و تاکمانایی ڕزگارییان بکات، کە ئەمەش خاڵێکی دیکەی بەهێزی ئەم نیگارانە و کاری هونەریی ڕەسەنە.
گوتەیەکی سەرنجڕاکێش هەیە کە دەڵێت “نیگارکێشان تەنها تێکەڵکردنی ڕەنگ نییە.” بێگومان ئەگەر نیگارکێشان تەنها تێکەڵکردنی ڕەنگ بێت، ئەوان هەموان دەتوانن ببنە نیگارکێش، بەڵام نیگارکێشان بریتییە لە ئاوێتەکردنی بیر و خەیاڵ بەڕەنگ و بۆ خولقاندنی جیهانێک، کە واتایەک لەنێو بێواتایی ژیان و بووندا بەرهەم بهێنرێت. ڕەنگەکان نوێنەری خەیاڵ و بیرن گرنگە بە شێوەیەکی هارمۆنییانە بەکاربهێنرێن، چونکە وشەکان ئەوکاتە واتادارن، کە لە بیرێکی ڕوون و خەیاڵێکی تایبەتەوە بێنە دەرەوە بۆ بەخشینی واتایەک بە خوێنەر، نیگارکێشانیش هەمان کردەیە، بەڵام بە ڕەنگ. واتە لێرەدا ڕەنگەکان پێویستە وەکو وشەکان جێگە و پێگەی تایبەتی خۆیان هەبێت، بۆ ئەوەی واتایەک بەردەم بهێنن.
نزیکەی کاتژمێرێک بەدیار نیگارەکانی مامۆستا ستارەوە ڕامام، چەندجارێک سەری بەشێک لە تابلۆکانم کردەوە، لەم پێشانگەیەشدا یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان زۆرێک لە تابلۆکان (ئەگەر نەڵێم هەبووی) بوونی تروسکەی ئەو مۆمە بوو، کە لە زۆرێک لە نیگارەکاندا دووبارە دەبوویەوە. دەشێ ئەم مۆمانە نیشانەی بوونی هیوایەک بن، بۆ ئایندەیەک کە بەرەو ڕوومان دێت، یان دەشێک تروسکەیەک بن لەم ژیانە تارەی هەموو جێگەیەکی ڕەش دەچێتەوە، بەڵام گرنگە خۆمان مۆمێک لە ناخی خۆماندا دابگیرسێنین. لە ڕوانینێکی دیکەشدا دەشێ خودی هونەر، (نیگارکێشان لای ئەم هونەرمەندە بەتایبەتی) ئەو مۆمە بێت، کە تروسکەیەک دەدات بە بوونی مرۆڤ و هونەرمەندان و بینەرانی بەوە ئەرکدار دەکات، کە ئەوانیش مۆمێکی دیکە دابگیرسێنن تا بەر بەو تاریکییە بگرین، کە خەریکە هەموان دادەپۆشێت.
ئەگەر بوونگەراییانەش لێی بڕوانین دەشێ بڵێین، مرۆڤی ڕەسەن ئەگەرچی نیگەرانە، ئەگەرچی دەوری بە تاریکی تەنراوە، بەڵام ئەو بە پڕۆژەکانی مۆمێکی نوێ لە هەناوی خۆیدا دادەگیرسێنێت، تا مانایەک بە ژیان و بوونی بدات. دەشێ مۆمەکانی نێو زۆرێک لە نیگارەکانی ستار قادر چەندین مانای تر لەخۆ بگرن، بەڵام بۆ من بەدەر لەوەی لەسەرەوە باسم کرد تروسکاییەکن لەنێو ئەم ڕۆژگارە تارەی وەختە هەموومان بەرەو نائومێدی گەورە ڕاپێچ بکات. بەڵام ئەرکی هونەر ئەوەیە تەسلیمی نائومێدی نەبین و مۆمێک لەنێو شەوەزەنگی نائومێدیدا دابگیرسێنێت.
دەستخۆشی بۆ مامۆستا “ستار قادر” و نیگارە ناوازەکانی، ئومێدی هەمیشە سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ دەخوازم و لە ئێستاوە چاوەڕوانی پێشانگەی داهاتووی دەکەم، تا ڕۆحم پڕ بکاتەوە لە ڕەنگ و جوانیی.

