رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ هەولێر ساڵیادی کۆچی دوایی قەرەنی جەمیلی شێوەکار دەکاتەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی شێوەکاری و کاری دەستی – وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی شێوەکار “قەرەنی جەمیل” رێوڕەسمێکی تایبەت بەو یادە لە هۆڵی پێشەوا و دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری لە کاتژمێر ٦:٣٠ خوولەکی ئێوارە ڕێکخدەخات.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە بە چاودێری ئاریان سەڵاحەدین بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و ئامادەبوونی پاڕێزگاری هەولێر و شێوەکار و هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی کورد و هاوڕێ و دۆست و خانەوادەکەی بەڕێوەدەچێت.
بڕیارە بەڵگە فیلمێک دەربارەی ژیان و کار و بەرهەمە هونەرییەکانی لە کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان نیشان بدرێت.
هەروەها بەشێک لە تابلۆ ناوازەکانی لە چوارچێوەی ئەو چالاکییەدا لە دەرەوەی هۆڵەکە وەک پێشانگایەک نمایش بکرێت و بەشێکیش لە پۆرترێتە تایبەتەکانی لەوێدا نمایش بکرێت.
هونەرمەندی شێوەکار قەرەنی جەمیل حەسەن، لە ساڵی (١٩٥٤) لە بنەماڵەیەكی هەژاری سنووری هەولێر لە دایكبووە، لە ماوەی ساڵانی (١٩٧٦-١٩٧٧) پەیمانگای هونەرە جوانەکانی لە بەغدا تەواو کردووە، ئەمەش بە هۆی ئەوەی ئەم پەیمانگایە لە عیراقدا تەنیا لە شاری بەغدا هەبووە، لە نێوان ساڵانی (١٩٧٧-١٩٧٨) مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی (ڕوستێ) بووە، لە ساڵی ١٩٧٩ بەرەوە ئیتاڵیا ڕۆیشت و تا ساڵی ١٩٨٤ لە وێدا مایەوە و درێژە ی بە کاری شێوەکاری و کارە هونەرییەکانی داوە، لە ساڵی ١٩٨٤ چووەتە ئیسپانیا.
قەرەنی جەمیل لە ساڵی ٢٠٠٣ گەڕاوەتەوە کوردستان و بووە بە سەرنووسەری گۆڤاری شێوەکاری، هەروەها لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر لە بەشی شێوەکاری دەبێتە مامۆستا. قەرەنی جەمیل سەر بە هیچ ڕێبازێکی دیاریکراوی هونەری نییە و بە وتەی خۆی تابلۆکانی زادەی زەین و خەیاڵییەتی، ئەوەی دەگاتە خەیاڵی بە فڵچە و بۆیە دەیانکاتە تابلۆیەکی هونەری، زۆر لە قوتابی و فێرخوازەکانی ئەمڕۆ بوونەتە هونەرمەندی باشی بواری هونەری وێنەکێشان، ئیلهام لە کارەکانی وەردەگرن. لە ڕۆژی (٣-٦-٢٠٢٥) لە تەمەنی (٧١) ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
جیهانی خەیاڵ و تابلۆکانی
هەر لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشانی هەبووە و وەک زۆرینەی منداڵانی دیکە لە وێنەی سروشتەوە دەستی بە وێنەکێشان کردووە، بە هۆکاری سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەوە دەست دەداتە وێنە کێشان، یەکیکە لەو هونەرمەندە دیارانەی کە خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە بوارەکەیدا و توانیوویەتی سوود لە ئەزموونی هونەرمەندەکانی دیکەی جیهانی وەربگرێت، ئەمەش وایکردووە کارە هونەرییەکانی ڕەهەندێکی جیهانی وەربگریت. لە سەرەتادا لەسەر شێوانی گوزارشتکردن لە شێوە ژیانی کوردەواری و گوندەکاندا کاری کردووە، دواتر کاتێک دەڕواتە دەرەوەی کوردستان، قۆناغێکی نوێ لە لە شێوەکاری ئەودا دەستیپێکرد، ئەمەش بەهۆی وردبوونەوەی زیاتری لە ژیانی دەرەوە و گەران بە نێو مۆزەخانەکاندا دیدگایەکی نوێ دەدەن بە شێوازی کارکردنیدا.
لە دروستکردنی پۆترەیتدا دەستێکی باڵای هەبووە و پۆترەیتی چەندین نووسەر و شاعیرانی بە خەیاڵ کێشاوەتەوە، لە دوای هونەرمەند (بەدیع بابەجان) بووەتە دووەمین کەس لە نێو کوردا کە ئەم کارە بکات، یەکێک لە خەسڵەتە زۆر گرنگەکانی بونیادی فکرییە لە نێو کارەکانیدا، کاری کردووە لەسەر بیرۆکە، بەتایبەت کارەساتەکان و پاشماوەی کارەساتەکان بەسەر مرۆڤەوە، لە ژێر ناوێکی تایبەتدا و بە زنجیرە تابلۆیەک کێشاویەتی، هەموو ژیانی هەوڵی داوە ئەو کارەسات و نەهامەتییەی بەسەر گەلەکەماندا هاتووە بیکات بە تابلۆیەک و تابلۆیەکان نمایش بکات لە گەلەرییەکانی هەموو دونیا، لە ڕێگەی تابلۆوە پێشانی هەموو دونیای بدات. هەروەها مامۆستای خوالێخۆشبوو موحەمەد عەلی شاکر یەکێک بووە هاندەر و پاڵپشتیکارە سەرەکییەکانی وکاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر مامۆستا قەرەنی بەتایبەت لەسەر شێوازی کارکردنی لە دوای تەواوکردنی پەیمانگادا.
ڕەنگ لای قەرەنی جەمیل
کاتێک باسی ستایل و شێوازی هونەرمەندێکی دیاریکراو دەکرێت، باس لە ڕەنگ دەکرێت، گواستنەوەی ڕەنگ لە توخمێکی گشتییەوە بۆ بە تاککردنی و تایبەتمەندی پێدانێکی وا، کە لە ڕێگەیەوە هونەرمەندی پێ بناسرێتەوە.
قەرەنی جەمیل بایەخێکی زۆری داوە بە ڕەنگ و ئازادکردنی ڕەنگ، بووەتە جۆرێک لە دروستکردنی فیگەر و خەیاڵ لای بینەر، ڕەنگ لای قەرەنی تەڵخی قوڕی هەیە، ئەو شێوازە بنەمای تابلۆکانییەتی، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەموو ئەو کارەسات و نەهامەتییانەیە کە بەسەر کورددا هاتووە و هاوکات ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی کوردی و کەسایەتی تاکی کوردی ئێستایە، ڕای وایە کە ڕەنگی خۆڵ لەسەر تەواوی ژیانی تاکی کورددا ڕەنگی داوەتەوە، کورد کەسێکە لە ناوەوەی خۆیدا کەئابەی هەیە، ڕۆحی کورد تێکەڵ بەو خاک و خۆڵە بووە کە لەسەریدا ژیاوە، لێرەوە قەرەنی بەو ڕەنگانە قوڵاییەک دروست دەکات کە هەست دەکەییت هەر پانتاییەک چەندین ڕەهەندی لێوە دروست دەبن. قەرەنی جەمیل وەکو شاعیر مامەڵە دەکات، یان وەکو مۆسیقاژەنێک، بە وردی مامەڵە لەگەڵ توخمەکان دەکات. هەموو ڕەگەزێک لە ماددییەتی ڕزگار دەکات و نەفەس و ڕۆح دەکاتە بەر، لە کۆتاییدا هەموو شتێک لە پێش بینینی هونەرمەندا لە دایکبووەتەوە، بیرمان بۆ ئەفسانەیەکی دێرین ڕادەکێشێت.