ئەمڕۆ 16ی حوزەیرانی 2026، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، چل و دووەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بەناونیشانی ” پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی” لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بەڕێوەچوو.
لە دەسپێكی ئەم گفتوگۆیەدا، ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییە لەسەر سكرین بۆ ئامادەبووان نمایشكرا كە بازنەی گفتوگۆ لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی كردبوو كە تیایدا ڕابۆچوونی چەندین ئەكادیمی و چاودێری سیاسیی لەسەر پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی وەرگیرا بوو، دوای ئەوە ئەم بەرێزانە ” د.سالار عوسمان، سەنعان قەساب، ڕێباز بێركۆتی ، یونادم یوسف كەننا، دڵشاد بابان، دلێر عەبدولخالق، نەجات عومەر ئاغا، ئازاد عوسمان، نیشتمان كەمال، كاروان جەلال، مەحمود نەشئەت، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی، عیماد تەها ، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد” بۆ ماوەی نزیكەی سێ كاتژمێر زۆر راشكاوانە لەسەر ئەم پرسە هەستیارە گفتۆگۆ كرا.
خاڵی سەرەكی ئەم گفتۆگۆیە هەڵوەستە كردن بوو لەسەر دەستپێشخەریەكەی سەرۆك بارزانی كە داوای كردووە، لایەنە سیاسیەكان پێكەوە كۆببنەوە بۆ ئەوەی كۆتایی بەم چەقبەستووییە سیاسییە بهێنن كە ئێستا باڵی بەسەر پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا كێشاوە، هەروەها هەڵوەستە لەسەر دەستپێشخەریەكەی یەكگرتوویی ئیسلامی كوردستان كرایەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە گەرمی پێشوازی لێكردووە و هەروەها شاندی پارتی دیموكراتی كوردستانیش جارێكی دیكە سەردانی لایەنە سیاسیەكانی كردۆتەوە.
ئامادەبووانی ئەم گفتوگۆیە كە نوێنەرایەتی بەشی زۆری لایەنە سیاسیەكان و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانیان دەكرد، خاڵی هاوبەشیان جەختكردنەوە بوو لەسەر ئەوەی بەر لەهەرشتێك پێویستە هەردوو لایەنی سەرەكی ” پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان” بە نیەتی باش و بەمەبەستی چارەسەكردنی كێشەكان، نەخشەڕێگەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان دابڕێژن و لە چوارچێوەی بەرنامەیەكدا لەگەڵ هەموو حزبە سیاسیەكانی كوردستان كۆببنەوە و ڕاو بۆچوونەكانیان بە هەند وەربگرن، بۆ ئەوەی ببنە هاریكار بۆ گەیشتن بەرێككەوتن و كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
هەر لەم گفتوگۆیەدا جارێكی دیكە ئەو پێشنیارە دووبارە كرایەوە كە بۆ ئێستای كوردستان دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی سیاسیی بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی بە پێویستیەكی هەنووكەیی لە قەڵەمدەرێت وهەروەها لەم ئەنجوومەنەدا هەموو سەرۆك حزبەكانی كوردستان تیایدا ئەندام بن و بەشداربن لە دروستكردنی بڕیارە سیاسیەكاندا، بەڵام بەمەرجێ ئەم ئەنجوومەنە جێگەی پەرلەمانی كوردستان نەگرێتەوە.

