رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی و تۆم باڕاک کۆبوونەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە، بارودۆخی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.

ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی حوزەیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی باڵیۆز تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق و سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە جۆشوا هاریس هەڵسورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و جەنەراڵ کێڤن لامبێرت فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئامادەی بوون، دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.

سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی ئەمریکا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.

باڵیۆز تۆم بەڕاک، وێڕای ستایشکردنی کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان ، ئاماژەی بەوە دا کە دۆناڵد ترەمپ ڕێزێکی تایبەتی بۆ گەلی کورد و هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە.

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی بازرگانیی لە نێوان ئەمریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان و چالاکی و بەشداریی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ، بە تایبەتی لە بواری وزەدا.

هاوکات جەختیان لە پێویستیی پشتیوانیکردنی حکوومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران کردەوە لە پێناو گەشەپێدانی ئابووری و خزمەتکردنی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بە یەکسانی و بێ جیاوازی، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور.

هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە نزیکترین کاتدا.