ڕائیب جادر – هەولێر
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەستپێکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتری بۆ لەدایکبووانی ساڵی ٢٠٠٨ ڕاگەیاند، ئەم ھەنگاوە بە مەبەستی تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەیە کە گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی دەنگدان.
پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتری بۆ ئەو کەسانەی لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٨ تا وادەی ھەڵبژاردنی داھاتوو بەردەوام دەبێت، پرۆسەی تۆمارکردنەکە تەواو ئەلیکترۆنییە، جگە لە پەنجەمۆری دەنگدەر، وێنەی دەموچاویشی وەردەگیرێت.
ئەگەر تا ھەڵبژاردنی داھاتوو ھیچ ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە نەھێتە پێشەوە ئەوا کۆمیسیۆن دەرگای خۆ تۆمارکردن بۆ لە دایکبووانی ساڵی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ـیش دەکاتەوە و ئەوانیش دەتوانن بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن. گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت تا ئێستا نزیکەی ١٧ ھەزار کەس لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٨ تۆمار کراون. سەرۆکی لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت، لە پارێزگای ھەولێر ٤٣ ھەزار کەس لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٨ـن، تا ئێستا تەنیا ١٧٩٥ کەس خۆیان تۆمار کردووە.
ھاووڵاتییان سەردانی بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوان مەبەستیانە لە ھەڵبژاردنی داھاتوو بەشداری بکەن، ئەوانەی تەمەنیان بۆتە ١٨ ساڵ داوا لە ھاوتەمەنەکانی خۆیان دەکەن خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی بەشداری ئەو پرۆسە دیموکراتییە بکەن.
پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتری ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە دایکبوونی ساڵی ٢٠٠٨، لە ھەولێر زیاتر لە ٤٣ ھەزار کەس تەمەنیان گەیشتووەتە ١٨ ساڵ تا ئێستا تەنیا ١٧٩٥ کەس خۆیان تۆمار کردووە، پرۆسەکە تا نزیکەی ھەڵبژاردنی داھاتوو بەردەوام دەبێت، داوا لەو کەسانە دەکرێت کە تەمەنیان گەیشتووەتە ١٨ ساڵ ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ٣ی دوای نیوەڕۆ سەردانی بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بکەن.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێکردنەوەی داتابەیسی دەنگدەران و زیادکردنی ناوی لەدایکبووانی ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ نێو سیستمی تۆمارکردنی بایۆمەتری.
جومانە غەلای، جەختی لەوە کردەوە، ھاوتەریب لەگەڵ ئەم ھەنگاوەدا داتای ئامێرەکانی ھەڵبژاردن نوێ دەکرێتەوە و دوای تەواوبوونی قۆناخی تۆمارکردن، کارتی بایۆمەتریی دەنگدان بۆ ئەو دەنگدەرە نوێیانە چاپ دەکرێت.
مەروان محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی ھەولێری کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لەسەر ئاستی پارێزگای ھەولێر ٥٣ بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری ھەن، کۆی گشتی ئەو دەنگدەرانەی کە لە دایکبوونی ساڵی ٢٠٠٨ـن ٤٣٥٧٧ دەنگدەر دەبن، تا ئێستا تەنیا ١٧٩٥ دەنگدەر خۆیان تۆمار کردووە.
بەرپرسی نووسینگەی ھەولێری کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق، دەشڵێ: ھەر کەسێک کە سەردانی بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەکات پێویستە ھەر یەک لە کارتی نیشتمانی، کارتی زانیاری و فۆرمی خۆراک لەگەڵ خۆی بھێنێت.

