رۆژنامەی ھەولێر

خۆری تورکیا لە ناتۆ گەشاوەتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

توركیا بۆچی ناتۆی خۆش دەوێت؟ ناونیشانی لێكۆڵینەوەیەكی رۆژنامەی (ئیكۆنۆمیست)ی بەریتانیایە، كە رۆڵی توركیا لە ناتۆ بە گرنگ وەسف دەكات و دەڵێت، توركیا هیچ كاتێك ئەوەندەی ئێستا لە ناتۆدا گرنگ و بەهێز نەبووە.

لە لێكۆڵینەوەكەدا هاتووە، هەركاتێك ئەمریكا بڵێت لە ناتۆ دەكشێمەوە، یان وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ترسیان لە كشانەوەی ئەمریكا لە ناتۆ هەبێت، رۆڵی توركیا زۆر گرنگ و بەهێز دەبێت لە ناتۆ.
ناتۆ، بە هۆی غەزەبی رووسیاوە دروست بوو، وڵاتانی ئەورووپا بە سەرۆكایەتی ئەمریكا ناتۆیان دروست كرد تا بتوانن خۆیان لە داگیركاری روسیا بپارێزن، بەڵام هیچ كاتێك لە مێژووی ناتۆدا توركیا ئەوەندە گرنگ نەبووە و حیسابی بۆ نەكراوە.
لە دوای هەوڵی كودەتای ١٥ی تەمووز لە ٢٠١٥ لە توركیا، ناتۆ زۆر نیگەران بوو لە توركیا، چونكە ئەوكات رەجەب تەییب ئەردۆغان، وڵاتانی ئەورووپا و ناتۆی تۆمەتبار كرد بەوەی حەزیان كردووە كودەتا بكرێت، ئەمەش وای كرد وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە توركیا نیگەران بن و تا ئاستێكی زۆر فەرامۆشیان كردبوو، تەنانەت ئەڵمانیا فرۆشتنی چەكی بە توركیا قەدەغە كرد.
بڕیارە ئەمساڵ رێکەوتی ٧_٨ی تەمووز، كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە توركیا بکرێت و دۆناڵد ترەمپ بۆ خۆی بەشداری دەكات، ئەمەش دەیسەلمێنێت توركیا بۆ ناتۆ وەكوو پێشووتر نییە و گرنگیی پێ دەدەن، چونكە ئەگەر ئەمریكا لە ناتۆ بكشێتەوە، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ زۆر پێویستیان بە توركیا دەبێت تا بتوانن كەرتی سەربازییان بەهێز بكەن.

دەزگای لێكۆڵینەوەی مێترۆپول لە توركیا، راپرسییەكی ئەنجامداوە لە بەشێكی زۆری شارەكانی توركیا و لە هاووڵاتیانی پرسیوە، ئایە دڵخۆشیت بە ئەندامبوونی توركیا لە ناتۆ و ئەو هاوپەیمانییە توركیای لە تیرۆر و بەرگریكردنی ئاساییشی ناوخۆ پاراستووە؟ ٦١٪ی بەشداربوانی راپرسییەكە بە بەڵی دەنگیان داوە و گوتوویانە ناتۆ گرنگە و پێویستە توركیا لەو هاوپەیمانییە بمێنێتەوە.
توركیا بودجەی كەرتی سەربازی بۆ زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلار بەرز كردووەتەوە، ئەمەش وای لە ناتۆ كردووە گرنگی بە توركیا بدەن، بەتایبەت دوای ئەوەی رووسیا پەلاماری ئۆكڕاینایدا، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ جگە لە ئەمریكا، لەو بڕوایەدان بوونی توركیا لە ناتۆ گرنگە و دەبێت زیاتر لێی نزیك ببنەوە، هەربۆیە رۆژنامەی (ئیكۆنۆمیست) بڵاوی كردووەتەوە، توركیا بۆچی ناتۆی خۆش دەوێت؟ چونكە ئێستا هێزێكی گەورە و گرنگە لە ناتۆ، بە پێچەوانەی ٢٠١٠، كە توركیا حیسابی جیدی بۆ نەدەكرا و بەردەوام ناتۆ رەخنەی لە توركیا گرتووە.
رۆژنامەی ناوبراو باسی لەوەش كردووە، ئەردۆغان لە ناوخۆی وڵاتدا دیموكراسیی خنكاندووە، بەڵام هیچ وڵاتێكی ئەندام لە ناتۆ، جگە لە ئەڵمانیا رەخنەیان لە ئەردۆغان نەگرتووە، بەپێچەوانەوە زۆر لێی نزیك دەبنەوە و دەست دەخەنە ناو دەستی، ئەمەش دەیسەلمێنێت ئێستا توركیا لە كاتە زێڕینییەكانیەتی لەگەڵ ناتۆدا.