رۆژنامەی ھەولێر

لیۆنێل مێسی بەشداریی یەكەمین یاریی مۆندیال دەكات؟

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

لیۆنێل مێسی و هاورێیەکانی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، ئامادەکارییەكانیان بۆ یەکەم یاری مۆندیال بەرامبەر هەڵبژاردەی جەزائیر تەواو كردووە، لیۆنێل مێسیش ئامادەیە بۆ یەكەمین یاریی مۆندیالی 2026.
بڕیارە رۆژی 17ـی ئەم مانگە کاتژمێر چواری بەیانی بە کاتی هەولێر، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یەکەم یاری مۆندیالی 2026 و لە کۆمەڵەی دەیەم رووبەڕووی هەڵبژاردەی جەزائیر ببێتەوە. مێسی و هاوڕێیەکانی هەفتەیەک زیاترە لە ئەمریکان و ئامادەکاری بۆ مۆندیال دەکەن.
لیۆ سەرەڕای ئەوەی بەشداری یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر هیندۆراس نەکرد، بەڵام لە یارییەکەی بەرامبەر ئایسلەندا بەشداری کرد و هەموو خەمەکانی هاندەرانی هەڵبژاردەکە رەواندەوە، چونکە دەنگۆیەک هەبوو کە مێسی پێکانی هەیە و ئەستەمە بەشداری یەکەم یاری مۆندیال بکات.
ئەرجەنتین دووەم یاری رۆژی 22ـی ئەم مانگە کاتژمێر هەشتی شەو بەکاتی هەولێر بەرامبەر نەمسا دەبێت، پاشان رۆژی 28ـی مانگ لە کۆتا یاری قۆناغی یەکەمی مۆندیال و کاتژمێر پێنجی بەیانی، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئوردن دەبێتەوە.

لیۆنێل مێسی لەگەڵ كام یاریزان لە ژوورەكەی دەمێنێتەوە؟
لەوەتەی سێرخیۆ ئەگوێرۆ وازی لە یاریکردن هێناوە، لیۆنێل مێسی لە هەموو پاڵەوانێتیەکان بە تەنها لە ژوورێک دەمێنێتەوە، زۆرێک پێیانوایە لیۆ و دی پاول لە مۆندیالی 2026 و لە هۆتێلەکەیان پێکەوە لە ژوورێک دەبن، بەڵام ئەو زانیاریانە راست نین و مێسی بە تەنها لە ژوورێکدا دەبێت.
لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، هاوشێوەی مۆندیالی رابردوو بە تەنیا لە ژوورێک دەمێنێتەوە، مێسی لە یەکێک لەو هۆتێلانەی شاندی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی تێدایە ژمارەی ژوورەکەی 202ـەوە، رەنگە بۆ ئێمە ئەمە ژمارەیەکی ئاسایی بێت، بەڵام ئەگەر لێکدانەوەیەکی وردی بۆ بکرێت، دەزانین کە نهێنیەکی گەورەی لە دواوەیەوە.
مێسی لە مۆندیالی رابردوو لە قەتەر ژمارەی ژوورەکەی 201 بوو، زۆرێک بەم شێوەیە لێکدانەوەیان کردووە کە دوو کۆ یەک دەبێتە سێ و لە کۆتاییدا تانگۆ سێیەم ناسناوی مۆندیالی بردەوە، ئێستاش کە ژووری مێسی ژمارە 202ـوە دەڵێن لیۆ دەتوانێت چوارەم ناسناوی مۆندیال بباتەوە، چونکە ئەو ژمارەیە بەو واتایە دێت دوو کۆ دوو دەکات بە چوار.