بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان توانیویانە لە ماوەیەکی پێوانەییدا تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوێکی کوشتن لە قەزای بنەسڵاوە دەستگیربکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس، کاتژمێر 11:00ی شەوی ڕابردوو، 12ی حوزەیرانی 2026، ئاگادار کراونەتەوە لە بوونی ڕووداوێکی تەقەکردن لە قەزای بنەسڵاوە. دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی مەبەست، دەرکەوتووە هاووڵاتییەک بە ناوی (عەبدوڵڵا ڕەسوڵ ئەحمەد) تەمەن 55 ساڵ، کە پیشەی خانەنشینی پێشمەرگەیە، بەهۆی بەرکەوتنی گوللـەوە گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و لێکۆڵینەوەی خێرا، تیمەکانیان توانیویانە تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە بە ناوی (م. س. س) بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن.
لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە ڕێکخراوە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە، تاوەکو ڕێکارە یاساییەکانی لەبەرامبەر جێبەجێ بکرێت.

