وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، ئەمساڵ هیچ جووتیارێك پێویست ناكات نۆرە بگرێت، بەڵكو كراوەتە ئەلیكترۆنی و قەرەباڵخی بەردەم سایلۆكان نامێنێت.
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت و هەوڵدەدرێت ئەو بڕەی دەمێنێتەوە لە گەنمی جووتیاران لەلایەن كەرتی تایبەتەوە وەربگیرێت، گوتیشی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە.
نەوزاد شێخ كامیل ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ئەمساڵ 400 هەزار تۆن گەنم، لە سایلۆکان وەردەگیرێت. لە چوارچێوەی پلاندا، 292 هەزار تۆن گەنم بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت. هاوکات لە دەرەوەی پلاندا، 108 هەزار تۆن گەنم بە نرخی 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت. لەگەڵ ئەوەش بڕی گەنمی دیاریکراو بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش کراوە،
سلێمانی: 150 هەزار و 209 تۆن.
هەولێر: 122 هەزار و 680 تۆن.
دهۆک: 116 هەزار و 83 تۆن.
هەڵەبجە: 11 هەزار و 28 تۆن.

