كارزان گلی – ههولێر
بەهۆی هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە، كە ئۆزگوور ئۆزەلی وەكوو سەرۆكی پارت دوور خستەوە و كەمال كلیچدارئۆغڵوش، بەبڕیاری دادگا بووەوە بە سەرۆكی جەهەپە، ئەمە هەرایەكی گەورەی لە توركیا دروست كردووە و رۆژانە لە شارەكانی توركیا، بەهەزاران كەس دەڕژێنە سەر شەقام و دەڵێن ئەو فشارەی لەسەر ئۆپۆزسیۆن هەیە بۆ ئەوەیە، نەتوانن هەڵبژاردن ببەنەوە، ئەمەش وای كردووە رەوشی سیاسی ناوخۆیی توركیا تا دێت خراپتر بێت.
بەگوێرەی یاسا، توركیا لە ٢٠٢٨دا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی، بەڵام وەكوو ئەوەی شڕۆڤەكارانی سیاسی باسی دەكەن، رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەنیازە لە مانگی ١١ی ٢٠٢٧ توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە.
بۆ ئەوەی توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، پێویست دەكات پەرلەمان هەڵوەشێتەوە، بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمانیش ئاكەپە و مەهەپە پێویستیان بە ٢٧ كورسی ترە، چوونكە كورسییەكانی خۆیان لەناو پەرلەمان ٣٣٣ كورسییە و بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی توركیا، ٣٦٠ كورسی دەوێت و چاوەڕوان دەكرێت، چەند پەرلەمانتارێكی سەر بە جەهەپە، بچنە ناو ئاكەپەوە.
بەهۆی هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە، ئەو پارتە بووە بە دوو بەش، بەشێكیان كە زۆرینەیە لایەنگیریی لە ئۆزگوور ئۆزەل دەكەن، بەشەكەی تریش لایەنگیریی لە كلیچدارئۆغڵو دەكەن، بۆیە ئاكەپە دەیەوێت سوود لەو ناكۆكییە وەربگرێت و چەند پەرلەمانتارێكی سەر بە جەهەپە راكێشێتە لای خۆی، پێشتریش چەند سەرۆك شارەوانییەكی سەر بە جەهەپەی بۆ لای خۆی راكێشا، دیارترینیان سەرۆكی شارەوانیی ئایدن بووە.
ئەردۆغان باش دەزانێت بەو حاڵەی ئێستا بچێتە ناو هەڵبژاردن شكست دەهێنێت، چوونكە رەوشی ئابووریی زۆر خراپە و هاووڵاتییانی توركیا هەراسان بوونە بەدەست گرانی نرخی خۆراك و كرێی خانوو و زۆر شتی تر، بۆیە پلانی هەیە تا ٢٠٢٧، رەوشی ئابووریی باش بكات و ئەوكات بچێتە ناو هەڵبژاردن، بەڵام بۆچوونی چەند ئابووریناسێك ئەوەیە، رەوشی ئابووریی ئەستەمە بائاسانی و لەماوەیەكی نزیكدا باش ببێت.
بەبێ پشتگیریی كورد ناچێتە ناو هەڵبژاردن
پرسی چارەسەری كورد، هەنگاوی باشی بڕیوە، بەڵام لە لایەنی حكوومەتەوە هەنگاوەكان تەنیا لە چوارچێوەی قسەن و كرداری نین، بۆیە دەم پارتی داوا دەكات حكوومەت پەلە بكات لەدەركردنی چەند یاسایەك بۆ چەكدارانی پەكەكە و پرسی چارەسەریی، هەروەها عەبدوڵا ئۆجەلانیش مافی ئومێد بیگرێتەوە.
ئەگەر بێت و حكوومەت یاسا بۆ چەكدارانی پەكەكە دەربكات و لێبوردنی گشتی بیانگرێتەوە و ئۆجەلانیش ئازاد بكرێت، ئەوكات دەم پارتی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دەنگ بە رەجەب تەییب ئەردۆغان دەدەن.
ناكرێت بۆ پرسی چارەسەری كورد دەست بخەیتە ناو دەستی ئەردۆغان و لە هەڵبژاردنیشدا دژی بوەستیتەوە، بۆیە بەئەگەرێكی زۆرەوە، دەم پارتی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی لە ئەردۆغان دەكات، وەكوو چۆن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ٢٠٢٣، پاڵپشتیان لە كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن كرد.
ئەردۆغان دەزانێت بەبێ پشتگیریی كورد ناتوانێت هەڵبژاردن بباتەوە، بۆیە بۆچوونەكان بۆ ئەوەن، لە ماوەیەكی نزیكدا چەند یاسایەك بۆ پەكەكە دەردەكات، تا دەم پارتی نەچێتە باوەشی جەهەپە و دەیەوێت بە دەكردنی چەند یاسایەك دیارترینیان كە دەم پارتی و قەندیل داوای دەكات ئازادبوونی ئۆجەلانە و لەوێوە دەنگی دەگدەری دەم پارتی بۆ لای خۆی رادەكێشێت.

