ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی حوزەیرانی 2026 ، بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دوایین سەردانەکەی بۆ بەغدا و ئاماژەی بە گرنگی گەڵاڵەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ بەردەوامیدان بە دانوستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرد، لەمبارەیەوە پێشنیاری هێنانەکایەی دەسەتەیەکی باڵای وەزاریی هاوئاهەنگیی هەمیشەیی بە ئەندامیەتی وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیدار لە هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرد.
پاشان جێگری سەرۆک وەزیران باسی لە گرنگیی هێنانەکایەی دەستەکە کرد و ئاماژەی دا کە ئەمە هەنگاوێکە بۆ بە دامەزراوەییکردنی شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کە ڕۆڵی ئەرێنی دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا.
ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەی وردەکاری و میکانیزمی پێکهێنانی دەستەکە، پێشنیارەکەی پەسەند کرد و بڕیاردرا ئاڕاستەی حکوومەتی فیدڕاڵ بکرێت بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حکوومەت.
لە بڕگەی دووەمدا، دوا پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و دەرئەنجامی دوا کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ خرایە ڕوو.
وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئەندامانی شاندی دانوستانکار وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ، جەختی کردەوە لەسەر هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانیکردنی حکوومەتی نوێی فیدڕاڵ بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی بۆ بەرەنگاربوونەوە و چارەسەری ئەو ئاڵنگارییە داراییانەی کە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی ناوچەکە. بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجوومەنی وەزیران وەزیری سامانە سروشتییەکان و شاندی دانوستانی ڕاسپارد کە ڕێکارەکان خێراتر بکەن تاوەکو هەرچی زووە لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بەرزترین ئاستی هەناردەکردن بۆ بازاڕی جیهانی ئەنجام بدرێت و داهاتی بەدەستهاتووش بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ، هەروەها بەردەوامیدان بە کاری هاوبەش و پێکەوەیی بۆ سەرخستنی هەموو ئەو هەوڵ و دەرفەتانەی دەبنە هۆی زیادکردنی داهاتی فیدڕاڵ.
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتیشی کردەوە کە ئەرکی کۆمپانیا نەوتییەکانیشە، دوای دڵنیاییدانی حکوومەتی فیدڕاڵ بە پاراستنی ئاسایشیی کەرتی نەوت و وزەی هەرێم و قەرەبووکردنەوەی زیانی هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوەکانی کەرتی وزەی هەرێم وەک سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ جەختی لێ کردەوە، دەبێت کۆمپانیا نەوتییەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی بکەنەوە.
پاشان ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی دۆسیەی داهاتە ناوخۆییەکان و بابەتی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی سیستەمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان و خشتەی داهاتەکان و کاریگەرییەکانی دۆخی ناوچەکە و ئەسیکۆدا لە سەر کەمبوونەوەی بەرچاوی داهاتی گشتیی لە هەرێمی کوردستان و کاریگەریی لەسەر مووچە کرد.
لەمبارەیەوە وەزیری دارایی و ئابووری لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا وردەکاری داهاتە گشتییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2026 بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو کە بەراورد بە ساڵی 2025 دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، وەک لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ڕوونکراوەتەوە و لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم وردبینی دەکرێت. بۆیە داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ کرا کە پێداچوونەوەی پێویست بکات بە بڕی 120 ملیار دیناری دیاریکراو وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ، چونکە بەهۆی جەنگ و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە ویەکلایی نەبوونەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا، داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە 70٪ دابەزیوە.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەسیکۆداش لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجوومەنی وەزاریی فیدڕاڵ بۆ کاروباری ئابووریی، لە کۆبوونەوەیەکدا ئەو لەیەکترگەیشتنە بەراییە پەسەند بکات کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لەنێوان هەردوولا تایبەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە. بە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیەش داهاتی دەروازە سنوورییەکان زیاد دەکات و جوولەی بازرگانی بەهێز و چالاک دەبێتەوە و بازاڕ دەبووژێتەوە کە ئەمەش لە ئەنجامدا لە بەرژەوەندی تەواوی عێراقدایە.

