رۆژنامەی ھەولێر

لە کاتی سکچووندا مەهێڵن جەستەی منداڵەکەتان وشک هەڵگەڕێ

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

لەگەڵ داهاتنەوەی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا، پەتای سکچوون و ڕشانەوە لە نێوان منداڵاندا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە هەڵکشان دەکات. پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکانی وشکبوونەوەی جەستەی منداڵ و داوا لە دایکان و باوکان دەکەن لەم وەرزەدا زیاتر چاوکراوە بن.

د. کامەران عومەر حەمەکەریم، پسپۆڕی منداڵان و تازەلەدایکبووان، لەبارەی نیشانە و هۆکارەکانی ئەم پەتایەوە ڕایدەگەیەنێت: “هۆکاری سەرەکیی سکچوونی منداڵ بریتییە لە هەوکردنی ڕیخۆڵەکان. ئەم هەوکردنەش لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ڤایرۆسییە، بەڵام پێدەچێت هۆکارەکەی بەکتریا یان کرمی ڕیخۆڵەش بێت.”

بۆچی لە هاویناندا سکچوون زیاد دەکات؟
د. کامەران ئاماژە بەوە دەکات کە لە وەرزی هاویندا ڕێژەی تووشبوون و ژمارەی خەواندنی منداڵان لە نەخۆشخانەکان بەراورد بە وەرزی بەهار دوو بۆ سێ بەرامبەر زیاتر دەکات. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەکاتی گەرمادا ئاو و خۆراک ئاسانتر و زووتر تێکدەچن. جگە لەوەی بەهۆی ڤایرۆسیبوونی پەتاکەوە، نەخۆشییەکە بە خێرایی لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر دەگوازرێتەوە. بەڵام دڵنیایی دەدات کە ئەم دۆخە مەترسیدار نییە و ساڵانە لەم وەرزەدا پێشبینیکراوە.
نیشانەکان و مەترسیی وشکبوونەوە
بە وتەی ئەو پزیشکە پسپۆڕە، گرنگترین نیشانەکانی پەتای سکچوون بریتین لە:
زیادبوونی ژمارەی پیساییکردن (کە زۆرجار دەگاتە ١٠ بۆ ٢٠ جار لە ڕۆژێکدا).
نەمانی تۆح (ئارەزووی خواردن).
ڕشانەوەی بەردەوام.
د. کامەران هۆشداریدەدات کە ئەگەر لە کاتی سکچووندا شلەمەنی و “شلەی شەکروخوێ” (ORS) نەدرێت بە منداڵەکە، جەستەی بەرەو وشکبوونەوە دەچێت و گورچیلەکانی ئازاریان پێدەگات، ئەمەش وادەکات منداڵەکە پێویستی بە داخڵبوون لە نەخۆشخانە هەبێت.

چۆن نیشانەکانی وشکبوونەوە دەناسیتەوە؟
“ئەگەر منداڵەکە لە کاتی سکچوونەکەدا چالاک بوو و میزکردنی ئاسایی بوو، تەنیا زیادکردنی شلەمەنی بەسە. بەڵام ئەگەر چاوەکانی بەقوڵدا چووبوون، لێوەکانی وشک ببوون، کز و بێتاقەت بوو، و ڕەنگی میزەکەی تۆخ ببوو (کاڵ نەبوو)، ئەمانە نیشانەی مەترسیداری وشکبوونەوەن و دەبێت بە زووترین کات بگەیەنرێتە نەخۆشخانە.”
ڕێنمایی بۆ دایکان و باوکان
د. کامەران عومەر داوا لە دایکان و باوکان دەکات کە لە هه‌نگاوی یەکەمدا کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی ڕشانەوە، تالێهاتن و ڕێگریکردن لە وشکبوونەوە بکەن. ئەمەش لە ڕێگەی پێدانی دەرمانی دژەڕشانەوە و شلەی موغەزی لە ڕێگەی دەمەوە، کە وادەکات منداڵەکە پێویستی بە نەخۆشخانە نەبێت.

بۆ خۆپارێزیش، ئەم ڕێنماییانە پێشکەش دەکات:
1. پاراستنی خۆراک: هەڵگرتنی سەرجەم خواردەمەنییەکان لەناو فێنککەرەوەدا (سەلاجە) بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونیان.
2. پاکوخاوێنی: شوشتنی بەردەوامی دەستەکان پێش و دوای نانخواردن.
3. دوورکەوتنەوە لە تێکەڵاوی: تێکەڵنەکردنی منداڵی نەخۆش لەگەڵ منداڵانی تردا.
٤. نەچوونە بەر خۆر: دوورکەوتنەوە لە تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر لە کاتە گەرمەکاندا، چونکە هۆکارە بۆ تێکچوونی باری تەندروستیی منداڵ.