رۆژنامەی ھەولێر

پەیوەندیی نێوان زمان و بیرکردنەوەی منداڵ

کوردستان عەزیز
ناسینی زمان: کارێکی ئاسان نیە، لەبەر ئەوەی زمان لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە سەیر دەکرێت، هەریەکە لە چوارچێوەی بابەتەکەی خۆیەوە لێی دەکۆلێتەوە، بۆیە ناشێت، هیچ پێناسەیەکی زمان وەک یەک بێت، لەلایەن زانایانیشەوە ئەم پێناسانە بۆ زمان کراوە: مارتنیت دەڵێت زمان هۆیەکە بۆ لەیەکترگەیشتن، دەکرێت بەچەند دانەیەکی وردەوە (فۆنیم)، کە هەریەکەیان خاوەنی واتا و دەنگن؛ چۆمسکی دەڵێت: زمان کۆمەڵە ڕستەیەکە رێزمان دەریان دەکات؛ ساپیر دەڵێت: زمان هۆیەکی ناغەریزییە، تایبەتە بە مرۆڤ، بۆدەربڕینی هەست و ئارەزوو بەکار دێت، بە هۆی رەمزەوە لەسەر یاسا ڕۆیشتووە و کار دەکات و لەژێردەسەڵاتی مرۆڤدایە.
زمان بە هۆی ئەو توانا گرنگ و پڕبەهایەی هەیەتی، دەکرێت بڵێین، زمان سێ جۆر توانستی پێکەوەبەستراو ئەنوێنێ:
١. توانستی دەربڕین: کە ئەندامانی ئاخاوتن دەگرێتەوە، کە بەهۆیەوە ڕێزە دەنگ دروست دەکرێ و واتاکانیان تێکهەڵکێش دەکرێت و بەهۆیانەوە بۆ گوێگر دەگوازرێنەوە.
٢. توانستی وەرگرتن: کە ئەندامەکانی گوێ و بیستن دەگرێتەوە.
٣. توانستی شیکردنەوە و تێگەیشتن و پاراستن: فسیۆلۆجیەت و میکانیزمییەتی مێشک دەگرێتەوە.
بیرکردنەوە: ئەگەر بڵێین پرۆسەی بیر (هزر) لە ڕووی زانستییەوە بریتیە لە هەموو چالاكیەكانی ئەقڵ و درككردن و هەستكردن بە دەوروبەر، ئەوا بێگومان ئەم پێناسەیە ئادەمیزاد و ئاژەڵ وەكو یەك دەگرێتەوە، بەڵام بیركردنەوە تەنیا لە سنووری درككردن و هەستكردن بە دەوروبەردا ناوەستێت، بەڵكوو ئەو سنوورە تێدەپەڕێنێت تا دەگاتە ئەوەی كە ئادەمیزاد لە رێگەی چالاكییە ئەقڵییەکانەوە لە ئاژەڵ جودا بكاتەوە. هەڵبەتە بەو پێیەی «بیركردنەوە» لای ئادەمیزاد چ وەكو پرۆسەو چ وەكو چەمك هێند فراوان و فرەلایەن و ئاڵۆزە هێشتا هەوڵێكی ئەوتۆ سەری نەگرتووە بۆ تێگەیشتن لێی، زۆربەی زاناکان بەم شێوەیە دەیناسێنن بریتیە لە پرۆسەیەك كە رەهەندی پەروەردەیی و ئەخلاقی و فەرهەنگی لەخۆ گرتووە و ئاكام و ئەنجامی كۆمەڵێ ئەزموونی كەڵەكەبووی دنیابینی و فكری و قووڵبوونەوە و قاڵبوونەوەیە
و، دواتر گواستنەوەی ئەم ئەزموونە لەسەر شێوەی پرۆسەیەكی پەروەردەیی كە قەبووڵی چەمكی گۆڕانی سەردەمیانەو واقیعیانە بكات.
کەواتەبیرکردنەوە: چالاکییەکی ئەقڵی مەعریفییە کە تێڕامان، شیکردنەوە و بیرکردنەوە لەخۆ دەگرێت بۆ بەستنەوەی شتەکان و دروستکردنی مانا، پرۆسەیەکی ئەقڵی چالاکە بۆدۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان.
پەیوەندی نێوان زمان و بیرکردنەوە
پرسیاری تەوەریی ئەم بابەتە بریتییە لە:
پرسیاری تەوەریی ئەم بابەتە بریتییە لە:
. ئایا پەیوەندی لە نێوان زمان و بیركردنەوە هەیە؟
. ئەگەر پەیوەندی هەیە، سرووشتی پەیوەندییەكە چۆنە؟
. لێرەدا دەتوانین سێ ئاراستە بخەینەڕوو كە تاووتوێی پەیوەندیی نێوان زمان و بیركردنەوەیان كردووە، بەم جۆرەی خوارەوە:
ئاراستەی یەكەم رەفتارییەكان نوێنەرایەتی دەكەن: (كە پێی وایە جیاوازی لە نێوان زمان و بیركردنەوەدا نییە، بەڵكو هەردووكیان یەك شتن)، بۆ ئەمەش (واتسن) پێی وایە: بیركردنەوە زمانە (هاوتایی و تێكەڵبوون)، بۆیە دەڵێت: بیركردنەوە وتەی شاراوەیە، واتە زمانی ناوەكییە، بە واتایەكیتر زمان و بیركردنەوە پەیوەستگیرن.
ئاراستەی دووەم فیكۆتسكی و پیاژە (پیاچێ) نوێنەرایەتیی دەكەن: (كە پێیوایە جیاوازی لە نێوان زمان و بیركردنەوەدا هەیە). بۆ ئەمەش (فیكۆتسكی) وایدەبینێت كە ئاخاوتن لای منداڵ لە سەرەتاوە كۆمەڵایەتییە، پاشان پەرە دەسێنێت بۆ قسەكردن و مۆڵخواردن (المتمركز) لە دەوری خود، ئینجا دەگۆڕێت بۆ قسەی ناوەكی یان بیركردنەوە (واتە زمان جیاوازە لە بیركردنەوە)، پێیشی وایە كە هزر و زمان وەكو دوو رەنگی چالاكیی جیاواز و سەربەخۆ دەست پێ دەكەن، لە تەمەنی دوو ساڵانیشدا هزر و زمان یەكتردەگرن و جۆرێكی نوێی رەفتار رادەگەیەنن، لەم خاڵەدا زمان دەبێتە شتێكی زارەكی و ئاخاوتنیش دەبێتە (هزری) ئەقڵمەندی.