رۆژنامەی ھەولێر

قەڵغانی پاراستنی پێست و ڕێگر لە شێرپەنجە

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

له‌ سه‌روبه‌ندی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمیدا، پسپۆڕانی تەندروستی بەردەوام هۆشداری دەدەن لە زیانەکانی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر. لەم چوارچێوەیەدا، د. سەرهەد عەبدولکەریم، پزیشکی نیشتەجێی دێرین، جەخت لەسەر گرنگیی خۆپارێزی دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە وتەی پزیشکیی باو “خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن”، باشترین گوزارشتە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تیشکی خۆردا.

د. سەرهەد ئاماژە بەوە دەکات کە بەکارهێنانی “دژەخۆر” تەنها لایەنێکی جوانکاری نییە، بەڵکو پێویستییەکی تەندروستیی گرنگە. ئەو پزیشکە دیارترین سوودەکانی بەکارهێنانی دژەخۆر لەم خاڵانەدا کورت دەکاتەوە:
• ڕێگریکردن لە سووتانی پێست: پێست لە کزانەوە و سووتانی بەهۆی تیشکی تیژی خۆرەوە دەپارێزێت.
• خاوکردنەوەی پیربوونی پێشوەختە: بەکارهێنانی بەردەوام یارمەتی کەمکردنەوەی دەرکەوتنی چرچولۆچی و پەڵەی تەمەن دەدات، بەمەش پێست بە گەنجی دەهێڵێتەوە.
• کەمکردنەوەی مەترسیی شێرپەنجەی پێست: مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی شێرپەنجەی جۆری (میلانۆما).
• پاراستنی یەکڕەنگیی پێست: ڕێگری دەکات لە گۆڕانی ڕەنگی پێست و کەمکردنەوەی مەترسیی دەرکەوتنی پەڵە و مەڵەس کە بە هۆکاری جۆراوجۆر دروست دەبن (وەک پەڵەی دووگیانی).
• ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکانی پێست: یارمەتیدەرە لە ڕێگریکردن لە خراپتربوونی حاڵەتەکانی وەک (بیرۆ، ئەگزیما، و ڕۆزێشیا/عازەبەی پەمەیی)، کە بەهۆی تیشکی سەروو بنەوشەییەوە سەر هەڵدەدەنەوە.
• پاراستنی تەندروستیی گشتیی پێست: بە پەکخستنی کاریگەریی تیشکی سەروو وەنەوشەیی، تەندروستی و سروشتی پێست دەپارێزێت.
• بەرزکردنەوەی کاریگەریی بەرهەمەکانی تری پێست: پاڵپشتیی چارەسەرەکانی تری پێست دەکات بە ڕێگریکردن لە زیانی زیاتر و دەرفەت بە پێست دەدات بۆ چاکبوونەوە.

“تەنها دژەخۆر بەس نییە”
لە کۆتادا، د. سەرهەد عەبدولکەریم ڕێنمایی هاووڵاتیان دەکات کە تەنها پشت بە دژەخۆر نەبەستن؛ بەڵکو پەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی وەک: ڕۆیشتن بە بەر سێبەردا، بەکارهێنانی چەتر و، پۆشینی جلوبەرگی گونجاو (قۆڵدرێژ و کڵاو) بە ئامرازی زۆر گرنگی ڕێگری دادەنێت لە تیشکی زیانۆک، بەتایبەتی لە کاتی تینی ڕۆژدا کە لە سەعات ١٠ـی بەیانیانەوە تا ٤ـی ئێوارە دەخایەنێت.