كاوە میران
ئەوە زانیمان ڕەفتار و کردارە سەیر و سەمەرەکانی، جووڵە بێمناسەبەتەکانی بافڵ تاڵەبانی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا ــ تەنانەت لە دیدارە فەرمییەکانیشدا ــ جووڵەی بێمانا، بێئامانج و بێپەیامن. ئەوەشمان زانی کاتێک مایکێک دەشکێنێت،
دەیەوێت جەماوەرێکی زۆر بگەمژێنێت بەوەی جووڵەی تازەی هێناوە و مۆدێلێکی سیاسەتی نوێی داهێناوە.
بەڵام کار بگاتە ئەوەی، بە ڕۆژی ڕووناک، بە ئەقڵی لایەنگرەکانی خۆت ڕابوێریت و بە دەنگی بەرز بڵێیت: «چارەسەری گرفتەکانی ئەمریکا، ڕووسیا و چین دەکەین…»
هەمووانیش چەپڵە لێ بدەن؛ ئیتر ئەوە، مایەی پێکەنینێکی قووڵ و نیگەرانییەکی قووڵترە.
لەلایەکەوە پێکەنین بەو جورئەت و بێدەربەستییەی کە قسەیەکی ئاوا فڕێ بداتە نێو خەڵک؛ نیگەرانیش لەوەی کەسێک نەبێت بتوانێت بڵێت: «وتمان پێی لێ لێدە، بەس ئاواش نا، فیلەکەی خاوەنشکۆ!»
کورد قسەیەکی هەیە دەڵێت: «ئەو قسەیە قسەی کردن نەبوو!» یان دەڵێت: «قسە ببێژە، ئینجا بیبێژە!» واتە پێش ئەوەی قسەکە بکەیت، بیپاڵێوە نەبا خڵتەی تێدا بێت، ئەوجا بیکە.
ئێ وابزانم مەکینەی بێژانەوەکەی کابرا شکاوە؛ بۆیە بێ ئەوەی بیری لێ بکاتەوە و بێ ئەوەی بیبێژێتەوە، پێی لێدا و بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەمریکا، چین و ڕووسیا.
ئیدی کەسێک نەبوو بڵێت: «خاوەنشکۆ، فیلەکەت لە ئاسمان دەفڕێت؟ ئایا کاتێک کە بەشێک لە کێشەکانی ئەمریکا، ڕووسیا و چین لە بۆشایی ئاسماندان، ئەم فیلەی خاوەنشکۆ چۆن لە لالەزارەوە دەفڕێت بۆ بۆشاییی ئاسمان؟ خۆ فیلی خەڵکی باڵی نییە! بەڵام دیارە ئەو فیلەی چارەسەری کێشەی لالەزاری پێ کرا، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ڕووسیاش بە ئاسانی دەکات.»
تا دەتوانن پێبکەنن بە فیلەکەی خاوەنشکۆ و بگرین بۆ ئەو جەماوەر و میدیایەی ناتوانن
بڵێن: «فیلەکەت پێی لێ لێداوە و کەمێک هێواش باژۆ؛ مەجالێک بدە بە ترامپ و پۆتین، با بیرێک لە چارەسەری کێشەکانی خۆیان بکەنەوە.»

