کەریم کاوە*
ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادێکی پڕ لە ئازار دەکەینەوە کە ئەویش یادی قوربانیانی یەکێک لە دڕندەترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخە، کە ئەویش بۆردوومانکردنی کەمپی ” ئاوارەکانی زێوە” بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعسی عێراقەوە لە ٩ی حوزەیرانی ١٩٨٥. بۆردوومانکردنی کەمپی “زێوە” پەڵەیەکی ڕەشە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا کە بەهای ویژدانی و یاسایان کەمتر نیە لە کارەساتە بە نێودەوڵەتی ناسێندراوەکانی جینۆسایدی رواندا و هۆڵۆکۆست و ئەوانی تر، کە تێیدا پهنابهرانی بێتاوان کرانە ئامانج.
ئۆردوگای زێوە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی كوردستان و دوای خیانەتی پەیماننامەی جەزائیر لە ساڵی 1975 بە هەزاران ئاوارەی باشووری كوردستان وەك پەنابەری مرۆیی تێیدا نیشتەجێبوون. کە بەهۆی زوڵم و زۆرداری، دەربەدەرکردن و کە ئەنجامی جەنگەکانی ڕژێمی بەعس بوو، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتبوو و ڕوویان لەو کەمپە کردبوو. لە نێوەڕاستی ڕۆژی ٩ی حوزەیرانی ١٩٨٥دا، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس بە شێوازێکی پلان بۆ داڕێژراو و کتوپڕ، کەمپەکەیان بۆردوومان کرد. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، ١٥٠ کەس شەهید بوون و نزیکەی ٣٧٣ کەس بریندار بوون، کە زۆربەی هەرە زۆریان ژن، منداڵ و بەساڵاچووان بوون. جێگەی ئاماژەیە کەمپی ئاوارەکانی زێوە ٩ جار لەلایەن رژێمی بەعسەوە بۆردومان کراوە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ تاوەکو ١٩٨٨.
کەمپی زێوە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل بوو کە هیچ جۆرە چالاکییەکی سەربازی تێدا نەبوو. قوربانیانی ئەم کارەساتە ئەو منداڵانە بوون کە لە پارچەیەکی تری خاکی خۆیان بەدوای ئارامیدا دەگەڕان. دیمەنی تێکەڵبوونی خوێنی منداڵان و وێرانبوونی چادر و خانووە قوڕینەکانی پەنابەران، قووڵایی دڕندەیی هێرشبەران و بێدەنگی ویژدانی مردووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو سەردەمەدا نیشان دەدات. ئەم برینە تا ئێستاش لە ویژدانی گەلی کورد دا زیندووە و سارێژ نەبووە.
لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئەم بۆردوومانە وەک “تاوانی جەنگ” و “تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی” پۆلێن دەکرێت. بەپێی پەیماننامەی جنێف (بەتایبەت پەیماننامەی چوارەمی جنێف ساڵی ١٩٤٩ تایبەت بە پاراستنی کەسانی سڤیل لە کاتی جەنگدا)، و بەپێی کۆنفرانسی ساڵی ١٩٥١ی تایبەت بە مافەکانی پەنابەران، هێرشکردنە سەر کەمپی پەنابەران و خەڵکی سڤیل قەدەغەیەکی ڕەهایە. ڕژێمی بەعس بەم هێرشە، سەرجەم هێڵە سوورەکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی بەزاند. ئەگەرچی سیستمی دادوەری نێودەوڵەتی لە کاتی خۆیدا بێدەنگ بوو، بەڵام لە ڕووی مێژوویی و یاساییەوە، ئەم تاوانە هیچ کات بەسەرناچێت و پێویستە وەک جینۆساید بناسرێت. وەک ئەوەی لە بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی هاتووە، لە هەموو پێکدادانێکی سەربازیدا دەبێت هەموو لایەنەکان تەنیا پێگە سەربازییەکان بکەنە ئامانج، نابێت خەڵکی سڤیل، چ وەک گروپ و وەک تاکە کەس بکرێنە ئامانج. پەلاماردانی ئۆردوگای زێوە بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت، هەر لەسەر بنەمای ئەو یاسا نێودەڵەتییەوە، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکیدا لهبارهی ئەو تاوانە دەڵێ: كارەساتی زێوە یەكێكە لە لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی دەوڵەتی عێراق و هیچ كاتێك لە یاد ناچێت. واتە بەرپرسیارەتییەکە لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراقە، چونکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و پێناسەی بە تاوان ناساندنی کردەوەکە، ئەوەی دەرهەق بە ئۆردوگای زێوە کراوە، هەردوو ڕەگەزی سەرەکی بەتاوان ناساندنی تێدایە کە تێیدا هاتووە:
یەکەم، تاوانەکە دەرهەق بە کەسانێک کرابێت، کە ڕۆڵ و بەشدارییەکی ڕاستەوخۆیان لە جەنگ و وردەکاریەکانیدا نەبووبێت.
دووەم، جەنگ کرابێتە بیانوو بۆ پەلاماردانی هاوڵاتیانی سڤیل، بە مانایەکی تر، ئەگەر تاوانەکە وەک فشار بەکار بێت بۆ تەواوکردنی مەبەست و مەرامی لایەنێکی بەشدار وەک ئامرازێکی جەنگی.
زۆر گرنگە کە ناوەندە ئەکادیمی، میدیایی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دۆسیەی بۆردوومانی زێوە وەک بەشێک لە زنجیرە تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد بە زیندوویی بهێڵنەوە. هێماکردن بۆ ئەم تاوانانە، تەنیا بۆ گێڕانەوەی مێژوو نییە، بەڵکو بۆ ڕێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی دژ بە پەنابەران و مرۆڤایەتی لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت.
ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دووپاتی دەکەینەوە کە خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە ئەرکی پیرۆزی خۆمان دەزانین. ئەرکی هەمووانە، بە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کە باشترین خزمەتی کەس و کاری شەهیدان بکرێت، و هەروەها مێژووی ئەم تاوانانە بە زیندوویی بهێڵینەوە تا نەوەکانی داهاتوومان بزانن دۆزی گهلهكهمان چەندە ڕەوا بووە و چ قوربانییەکی گەورە لە پێناو ئەم قەوارە و ئازادییەی ئەمڕۆدا دراوە، گەلی کورد خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزە کە سەرەڕای ئەم هەموو زوڵم و تاوانەی بەرامبەری ئەنجام دراوە تاوەکو ئێستا ماوە و هەر دەمێنێت.
*بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران

