رۆژنامەی ھەولێر

لە بازگەکانی عێراق سەرانە لە جووتیارانی کوردستان وەردەگیرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە بازگە و خاڵە پشکنینەکانی عێراق بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان، سەرانە و بڕەپارەیەکی نایاسایی لە شۆفێر و جووتیارانی کوردستان وەردەگیرێت، ئەمەش ڕێگری لە گواستنەوەی بەروبوومی خۆماڵی دەکات بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق. ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: دروستکردنی گرفت لە بازگەکان بۆ جووتیارانی کوردستان پرسێکی سیاسییە.
بەرھەمی ناوخۆ لە ھەرێمی کوردستان پێگەیشتووە، جووتیاران دوای ماندووبوون و ڕەنجێکی زۆر چاوەڕوانن بەرھەمەکانی خۆیان لە بازاڕ ساغ بکەنەوە، بەڵام ڕێگری لە ساغکردنەوەی بەرھەمەکانیان دەکرێت، ئێستا بەرھەمەکانی پیاز، بیبەر، باینجان، تەماتە و چەندین جۆر بەرھەمی دیکە لە کوردستان پێگەیشتووە، بەشێک لەو بەرھەمانە لە پێداویستییەکانی ناوخۆ زیاترن، جووتیاران بۆ ساغکردنەوەی ئەم بەرھەمە زیادەی کە ھەیانە، ھانا دەبەن بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
دانا عەزیز، سەرپەرشتیاری میوە و سەوزە لە عەلوەی ھەولێر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت، لە مانگەکانی ئادار و نیسان پێداویستییەکانی وەکو تەماتە، باینجان و پیاز لە پارێزگاکانی عێراقەوە دابین دەکرا، جووتیارانی عەرەب بەبێ کێشە بەرھەمەکانیان لە کوردستان ساغ دەکردەوە، بەڵام ئێستا کە بەرھەمی خۆمان پێ گەیشتووە ئەوان ڕێگە نادەن بەرھەمی کوردستان ھەناردە بکرێت.
سەرپەرشتیاری میوە و سەوزە لە عەلوەی ھەولێر، گوتیشی: لەسەرجەم بازگەکانی نێوان پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ڕێگری دەکرێت، ئەگەر جووتیارێک بخوازێت بەرھەمەکەی بگوازێتەوە داوای باج و سەرانەی لێ دەکرێت، بۆیە داوا لە بەرپرسانی ھەرێم دەکەین فریای جووتیاران بکەون، کارێک بکەن بەغدا واز لەو جۆرە سیاسەتە بھێنێت، جووتیارانی کوردستانیش ھاوشێوەی جووتیارانی عێراق بەرھەمەکانیان ساغ بکەنەوە، چۆن لەو کاتەی ئەوان پێویستیان بە ئێمە ھەیە و بەرھەمەکەیان دەنێرنە عەلوەکانی کوردستان و ئێمە بەدەمیەوە دەچین، با ئەوانیش لە کاتی پێویستدا بتوانن سوود لە بەرھەمەکانی ئێمە وەربگرن.
بایز زراری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: دروستکردنی گرفت لە بازگەکان بۆ جووتیارانی کوردستان پرسێکی سیاسییە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەم بازگانە نایاسایین، ھیوادارین ئەو جۆرە بازگانە نەمێنن، داواشمان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە ئەو گرفتە بە تەواوەتی چارە بکات، چونکە ئەوە کێشەیەکی گەورەیە و بەرھەمی جووتیارانی کوردستان بە ھەدەر دەچێت ئەگەر لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بە بازاڕ نەکرێت.