رۆژنامەی ھەولێر

تاراوگەی خۆڵەمێش و سەمفۆنیای ناسنامە شێواوەکان لە ڕۆمانی (ئەز و ئەز) ژیانی دوای مردنم

نووسینی: هنێر سەلیم
خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
وەرگێڕانی: نووری بێخاڵی
خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی ئەز و ئەز (ژیانی دوای مردنم)
ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە لەسەر تەوەرێکی فەلسەفیی سەرنجڕاکێش بونیاد نراوە: دابەشبوونی مرۆڤ بۆ دوو کەسایەتی هاوتەریب (ئەز و ئەز). کەسایەتی یەکەم ڕۆحی سووتاو: کەسێکە کە لە کڵپەی ئاگری واقیعی تاڵی نیشتماندا سووتاوە و بووە بە خۆڵەمێش. ئەم کەسایەتییە نوێنەرایەتی مێژووی چەوساوەی کورد، جەنگ، ڕابردوویەک دەکات، کە ناتوانرێت زیندوو بکرێتەوە. تەنانەت کاتێک هاوڕێکانی (کامۆ و کاکل) پرسەی بۆ دادەنێن، ئەوە لە ڕاستیدا پرسەی نەتەوەیەک و قۆناغێکی مێژووییە.
کەسایەتی دووەم (جەستەی سەرگەردان) کەسێکە کە لە ژیاندا ماوە، بەڵام ئەرکی ڕزگارکردنی ئەو ڕابردووە سووتاوەی لە ئەستۆ گرتووە، ئەو خۆڵەمێشی کەسایەتییەکەی یەکەمی خستووەتە ناو شووشەیەک و لەگەڵ خۆیدا دەیگێڕێت، ئامانجی کۆتایی ئەم جەستەیە دۆزینەوەی کوردێکە لە پاریس تا ئەم خۆڵەمێشە بباتەوە کوردستان و بەسەر گۆڕی دایکیدا پەرشی بکاتەوە، ئەمەش هێمایە بۆ ئارەزووی گەڕانەوەی مرۆڤی ئاوارە بۆ ناو باوەشی دایک، زێد و ئەسڵ دوای مردن.

جۆری ڕۆمان
ئەم ڕۆمانە لە ژێر خانەی چەند جۆرێکی ڕۆماندا پۆلێن دەکرێت:
ڕۆمانی دەروونی، چونکە تیشک ناخاتە سەر ڕووداوە دەرەکییەکان بەقەد ئەوەی دێتە ناو قووڵایی مێژووی دەروونی پاڵەوانەکە، دابەشبوونی کەسایەتییەکەی، ململانێی ناخی لەگەڵ خۆڵەمێشەکەدا.
ڕۆمانی تاراوگە، تەوەری سەرەکی بریتییە لە سەفەر، هەڵاتن، گەڕان بەدوای پەنابەری و ناسنامەدا، دیمەشق، ڕۆما، پاریس.
واقیعیەتی جادوویی، هێنانەناوەوەی ڕەگەزێکی نامۆ یان جادوویی (کەسایەتییەک، کە بووە بە خۆڵەمێش و لە ناو شووشەیەکدا هەڵگیراوە و قسە دەکات) بۆ ناو فەزایەکی واقیعیی وەک شەقامەکانی پاریس و بنکەی پۆلیس.

پاشنوێخوازیە، چونکە تەکنیکەکانی پارچە پارچە بوون، گاڵتەجاڕی، فرەدەنگی، زمانی سادە، میتافیکشن، نێودەقی بەکارهێناوە.

ئەم چوار وێستگەیەی خوارەوە هەرچەندە واقیعیش بن، بەڵام لە ژیانی هەموو کوردێکی ئاوارە ڕوویانداوە و بەردەوامیش دووبارە دەبێتەوە:
وێستگەی یەکەم (دیمەشق) هەڵاتن بۆ سوریا و حەوانەوە لای عەزیز (کوردێکی دڵسۆزی سوریا). ئەم وێستگەیە هێمای هاوسۆزیی نەتەوەیی پارچەکانی کوردستانە لە کاتی تەنگانەدا.
وێستگەی دووەم (ململانێی دەرگای قونسڵخانەکان) ڕەتکردنەوەی بەردەوامی لەلایەن قونسڵخانەکانی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، ڕۆمانیا و چیکوسلەفاکیاوە، نیشانەی دڵڕەقیی سیاسەتی نێودەوڵەتییە بەرامبەر بە مرۆڤی بێ نیشتمان و پشتیوانی کردنی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان.
وێستگەی سێیەم (ئیتالیا و ژیانی شێوەکاری) قونسڵخانەی ئیتالیا بە ڕێزەوە پێشوازی لێ دەکەن و بە پێشکەشکردنی “کەپۆکینۆ” ڤیزەی دەدەنێ. ئەم قۆناغە، قۆناغی تێکەڵبوونی پاڵەوانەکەیە لەگەڵ جوانی، ژنان، هونەری سەر شەقام لە ڕۆما و فلۆرانس، ناسینی (مستۆ) لە ڤێنسیا، کە دەبێتە هاوڕێی غەریبییەکەی.
وێستگەی چوارەم (پاریس و هاوڕێ ئەرمەنییەکە) کۆچکردن لەگەڵ ژنە ئەرمەنییەکە لە ڤینیسیاوە بۆ فەڕەنسا، کە خۆی لە ناخدا بەستنەوەی هاوبەشی دوو نەتەوەی ئازاردیدەیە (کورد و ئەرمەن). لە پاریس مافی پەنابەری وەردەگرێت، لێرەوە قۆناغی جێگیربوونی فیزیکی، بەڵام تێکچوونی دەروونی دەست پێدەکات.
کاتێک مرۆڤ دوا لاپەڕەی ڕۆمانی ئەز و ئەز (ژیانی دوای مردنم) تەواو دەکات و دایدەخات، هەست بە جۆرێک لە لەرینەوەی دەروونی و فەلسەفی دەکات، کە کەم بەرهەمی ئەدەبی دەتوانن بەو شێوازە کاریگەری لە ناخی خوێنەردا دروستی بکەن. ئەگەرچی من تەنیا یەک بەرهەمەمی ئەم نووسەرەم خوێندوتەوە، بەڵام بە بێ هیچ دوودڵییەک دەتوانم بڵێم ئەم ڕۆمانە یەکێکە لە جوانترین و ناوازەترین کارە ئەدەبییەکانی ئەم دواییانە لە کتێبخانەی کوردیدا. ئەم دەقە تەنیا گێڕانەوەی چیرۆکێکی سادەی کۆچبەرێک و ئاوارەیەک نییە، بەڵکو پەیامێکی قووڵ و ئازاربەخشی دەروونی مرۆڤی ئاوارەیە لە نێوان تێکشکانی نیشتمان و ساردیی تاراوگەدا.

ئەم هێڵە مێژووییەی کۆچ، کە لە میزۆپۆتامیا و کەنارەکانی دیجلە و زاگرۆسەوە دەست پێدەکات و بە دیمەشق (لای عەزیز) و دەرگای پۆڵاینی قونسڵخانەکاندا تێدەپەڕێت تا دەگاتە ئیتالیا (ڕۆما و فلۆرانس و ڤێنسیا لای مستۆ) و دواجار پاریس، نەخشەی سەرگەردانیی نەتەوەیەکە. نووسەر لێرەدا دەگاتە ئەو بڕوا تاڵە پاشنوێخوازییە، کە نیشتمانی ڕاستەقینە تەنیا ناو سکی دایک بووە و هەموو جوگرافیایەکی دیکە، تەنیا جۆرێکە لە جۆرەکانی نامۆبوون.

لووتکەی تەکنیکی پاشنوێخوازی
سەرکەوتنی گەورەی ئەم ڕۆمانە لەوەدایە، کە نووسەر تەکنیکە ئاڵۆزەکانی پاشنوێخوازی نەک وەک نمایشی زمانەوانی، بەڵکو وەک پێویستییەکی دەروونی بەکارهێناوە.
شەپۆلی هۆش و پارچەپارچەبوون: چیرۆکەکە بە هێڵێکی ڕێکی کاتی ناڕوات. خوێنەر لەگەڵ گێڕەرەوەدا لە چرکەیەکدا لە پاریسەوە باز دەدات بۆ یادەوەریی گفتوگۆکانی دایک و باوکی لە کوردستان. ئەم شێوازە پارچەپارچەیە بە تەواوی هاوشێوەی دەروونی شێواوی مرۆڤی ئاوارەیە.
میتافیکشن: تێکدانی سنووری نێوان ژیان و مردن (مردووێک کە دەژی، سەفەر دەکات و دەنووسێت) وا دەکات خوێنەر لە بەردەم پرسیاری جەوهەریی بوونگەراییدا ڕابوەستێت.
گاڵتەجاڕی: تێکەڵکردنی کارەسات و جوانی، وەک پێشکەشکردنی “کەپۆکینۆ” بە ڕێزەوە لە قونسڵخانەی ئیتالیا لە کاتی لێواری بێ ئومێدیدا، یان گاڵتەجاڕی پۆلیسەکە کاتێک پاڵەوانەکە ئازاد دەکات و پێی دەڵێت (کوڕی گەلانی گال)، نیشانەی تەنزێکی تاڵە کە لە ناخی ڕووداوەکانەوە هەڵدەقوڵێت.
زمانی سادە و دەربڕینی قووڵ: دایک و باوک وەک هێما، جوانترین شێوازی نووسینی ئەم ڕۆمانە، لێهاتووییەتی لە گۆڕینی کێشە سادەکان بۆ مانا قووڵەکان. نووسەر بۆ باسی ستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی، پەنا نابێتە بەر دروشمی گەورە، بەڵکو لە ڕێگەی گێڕانەوەی پەیوەندی دایک و باوکیەوە کێشەکە ڕوون دەکاتەوە: دایکێک، کە هەموو قسەکانی باوکی قبوڵە، بەڵام باوکێک کە ئامادە نییە هیچ قسەیەکی دایکی قبوڵ بێت. ئەم دیمەنە، کورتکراوەی سیستەمی باوکسالاری و سەرکوتکاریی نیشتمانە، کە لە زەینی پاڵەوانەکەدا وەک گرێیەکی دەروونی ماوەتەوە و هۆکاری پاڵنەریەتی بۆ گەڕانەوەی خۆڵەمێشەکەی بۆ سەر گۆڕی دایکی.
بڕیارە بێوێنە و مرۆییەکە، ئازادی بەرامبەر ناسنامە
گرینگترین و بوێرانەترین بەشی ڕۆمانەکە، کە سەرکەوتوویی فیکریی نووسەر دەسەلمێنێت، مامەڵەکردنیەتی لەگەڵ داهاتووی منداڵەکانیدا (ئاڤا و ئیلیەت). کارەکتەرەکە لە پاریس هەست بە ئازادی دەکات، بەڵام بۆ ئەوەی منداڵەکانی تووشی ئەو خەم و سەرگەردانی و برینە مێژووییانە نەبن، کە خۆی تەمەنی تێدا دۆڕاند، بڕیار دەدات باسی مێژووی کورد، داگیرکاری و ئازارەکانی نیشتمانیان بۆ نەکات، لێدەگەڕێت زمانی کوردیش فێر نەبن، تا وەک مرۆڤێکی ئازاد خۆیان ئایین و ئایدۆلۆژیای خۆیان هەڵبژێرن.
ئەم هەڵوێستە لە ئەدەبیاتی کوردیدا دەگمەن و ڕادیکاڵە. نووسەر لێرەدا ئارامی و بەختەوەریی مرۆڤ دەخاتە پێش پیرۆزییەکانی نەتەوە، چونکە پێی وایە ناکرێت نەوەی نوێ بکرێنە قوربانی خۆڵەمێشی ڕابردوو.

کۆتاییەکی کراوەی نایاب و پڕ لە هیوا
چیرۆکەکە بە کەوتنی پاڵەوانەکە لە سەر شەقامی پاریس و شکانی شووشەکە و بەباداچوونی خۆڵەمێشەکە کۆتایی دێت. ئەم کۆتاییە تراژیدییە نیشان دەدات، کە غەریبی دواجار هەموو شتێکمان لە دەست دەردەهێنێت، ڕابردوو ناگەڕێتەوە. بەڵام دێڕی کۆتایی ڕۆمانەکە دەبێتە ئاسۆیەکی گەش و ژیانێک پڕ خەون، «هەرگیز ژیانێکی دۆڕاو، شکستخواردوو نییە». نووسەر پێمان دەڵێت: گرنگ نییە لە ڕووی فیزیکییەوە چەندە دەدۆڕێین، گرنگ ئەوەیە تا دوا چرکە خەونمان هەبێت.

ڕۆمانی “ئەز و ئەز” یەکێکە لە نموونە جوان و باڵاکانی ئەدەبیاتی ڕۆمانی کوردی. کارێکی تەکنیکیی بەرزە، کە تێیدا واقیعیەتی جادوویی و شەپۆڵی هۆش بەکارهێنراون بۆ وێناکردنی تراژیدیای نەتەوەیەک لە ڕێگەی شووشەیەکی خۆڵەمێشەوە. شێوازی نووسەر شێوازێکی فەلسەفی، ڕوون و ئازاربەخشە، کە دواجار مرۆڤ دەخاتە بەردەم پرسیارە قورسەکانی بوون و ناسنامە، بەباداچوونی خۆڵەمێشەکە لە کۆتاییدا، بازنەی ململانێکە بە شێوازێکی کراوە جێدەهێڵێت.
کارێکە هاوسەنگییەکی بێوێنەی لە نێوان زمانی سادە و فەلسەفەی قووڵدا پاراستووە. خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە گەشتێکە بە ناو تاریکاییەکانی ڕۆحی مرۆڤی ئاوارەدا، گەشتێک، کە لە کۆتاییدا خوێنەر بە ڕووناکی و هیوای خەونبینینەوە بەجێدەهێڵێت. کارێکی هێندە ناوازەیە لە ڕووی بابەت، تەکنیک، زمان، شایەنی ئەوەیە لە ئاستی جیهانیدا بخوێندرێتەوە و بناسرێت. لە کۆتاییدا دەبێ دەست خۆشی لە وەرگێڕی بە توانا نووری بێخاڵی بکەین بۆ ئەم وەرگێڕانە جوانە و کوردییە پاراو و ڕوونە. هەر بژیت.

سەرچاوە
سەلیم، هنێر، ٢٠٢٦، ڕۆمانی ئەز و ئەز (ژیانی دوای مردنم)، وەرگێرانی نووری بێخاڵی، لە بڵاوکراوەکانی ماڵی وەفایی، هەولێر.