ئەنجومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر کۆبووەوە و بڕیاریدا بە کارپێکردنی سەرجەم مۆلیدەکانی ناوشار، قەزا و ناحیەکان، هاوکات نرخی یەک ئەمپێر کارەبای بۆ هەر 100 کاتژمێرێک بە 5 هەزار و 750 دینار دیاری کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ـی حوزەیران، خۆران تەحسین ڕەحمان، سەرۆکی مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند، ئەمشەو ئەنجومەنەکەیان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرجەم مۆلیدەکانی ناوشار، قەزا و ناحیەکان کۆبووەتەوە و تێیدا چەند بڕیارێکی گرنگ لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و خاوەن مۆلیدەکان دراون.
سەرۆکی ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو مۆلیدانەی کە 300 کاتژمێر کارەبایان بە هاووڵاتییان داوە و هیچ قەرزار نین، لە بەرامبەر پێکردنەوەی مۆلیدەکانیان بۆ ماوەی 100 کاتژمێر کارکردن، بڕی 5 هەزار و 750 دینار بۆ هەر ئەمپێرێک کۆدەکەنەوە.
سەبارەت بەو خاوەن مۆلیدانەش کە قەرزاری هاووڵاتییانن جەختی کردەوە، دەبێت مۆلیدەکان کار پێبکەنەوە تاوەکو قەرزەکەیان دەدەنەوە و دواتر لەلایەن ئەنجومەن ئاگادار دەکرێنەوە بۆ کۆکردنەوەی پارە.
لە کۆتاییشدا سەرۆکی ئەنجومەنەکە داوا لەو خاوەن مۆلیدانە دەکات کە کاتژمێری کارکردنی مۆلیدەکانیان تەواو بووە، بەیانی سەردانی بارەگای ئەنجومەن بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی ڕێنمایی و ئاگاداربوون لە چۆنیەتیی پڕۆسەی کۆکردنەوەی پارەی مۆلیدەکان

